عەشق لای هونەرمەندان چ مانایەكی هەیە؟

عەشق لای هونەرمەندان چ مانایەكی هەیە؟
هەر كەسەو بەجۆرێك باسی عەشق دەكات، هەندێك پێیانوایە عەشق تەنیا بۆ رەگەزی بەرامبەر بەكاردەهێندرێت، هەندێكی تریش عەشق بۆ دایك و باوك و نیشتمان و هاوڕێ و.. هتد بەكاریدەهێنن، هونەرمەندان هەمیشە عەشق و خۆشەویستی بووەتە وێردی سەر زمانیان و لە گۆرانی و بەرهەمەكانیاندا بە شێوازی جیاجیا باسی دەكەن، بەڵام ئاخۆ لە واقیعدا چۆن گوزارشت لە خۆشەویستی دەكەن و چۆن لێی دەڕوانن و ئایا هەر یەكێكیان چۆن لە روانگەی خۆیەوە عەشق دەبینێت؟

سەرەتا هونەرمەندی بە توانای شاری هەولێر قادر ئەسعەد كە لە گۆرانییەكانیدا هەست بە عەشقێكی قوڵ و راستەقینە دەكرێ، بەم شێوەیە وێنای خۆشەویستی دەكات: بۆ ئەوەی بە جەنجاڵی و تونێلەكانی ژیاندا گوزەر بكەیت و تاوێك لە باوەشی ئارامیدا ئۆقرە بگری، خۆت بدەرە بەر خۆری عەشق، تاكو گوڵەكانی ژیان چرۆ بكەن گەشاوەو جوانتر بن. تاوێكیش لەژێر ڕێژنەی بارانی بە خوڕی عەشقدا بوەستین تا رۆحەكانمان پاك بكەینەوە. ئاخر هەر ئەو سێوەی عەشق بوو، چارەنوسی ئێمەی مرۆڤی لە ماڵی ئاسماندا راگواستەوە بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی سەرزەوی، هەر ئەو قەدەرەشە زوو دەكەوینە داوی عەشقەوە.

خانمە گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی كوردستان ئالین دەڵێ: عەشق زۆر واتا و مانا هەڵدەگرێ، عەشق وڵات و دایك و یارە هەر هەیەكیان واتا و پیرۆزیی خۆی هەیە، بەڵام ژیان بە عەشقەوە بەندە، هەر كاتێك عەشقێك پاك و بێگەرد لە ناخی هەمووماندا چەكەرەی كرد و رەگی داكوتا، ئەو كات ژیان و كۆمەڵگە پەرە دەسەنێت و پێش دەكەوێت و خۆشەویستیی نێوان تاكەكان زیاترو بەتینتر دەبێت، بەپێچەوانەشەوە هیچ واتا و مانایەك بۆ ژیان نامێنێت.

هونەرمەندی باكووری كوردستان برادەر سەبارەت بە عەشق دەڵێ: پێویستە عەشق و ئەڤینداریی وڵات لە دڵی هەمووماندا بوونی هەبێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە، چونكە ئەگەر خۆشەویستیمان بۆ نیشتمانمان نەبێت، ناتوانین عاشقی یار و سروشت و ژیان بین، بۆیە عەشقی كوردستان لەدڵ و دەروونی ئێمەدا هەمیشە بە زیندوویی دەمینێتەوە و ئامادەی هەموو قوربانییەكین لە پێناو ئەو عەشقەدا.

هونەرمەند و شاعیر لالۆ ڕەنجدەر كە زۆرترین كەس بەبیستنی ناوی ئەو ئاڵا و عەشق دێتە بەرچاویان، سەبارەت بە عەشق بۆ گوڵان وتی: عەشق عەشقە و هیچ واتایەكی تر هەڵناگرێ.

هیوا سوعاد ـی شانۆكاریش بەمجۆرە دوا: عەشق واتە خۆشەویستی بوون، بوون بەمانای ژیان و برەودان بە گەنجێتی و چێژوەرگرتن لە هەموو ساتەكانی ژیان و دەستبەردار نەبوونی، هەر عەشقە وامان لێدەكات هەست بەبوونی خۆمان بكەین و لە ژیاندا سنوور نەمێنێت بۆ خەون و خەیاڵەكانمان، هەر عەشقە دڵ بەخوڕتر دەكات و مێشك هەراسان دەكات و جووڵە بە لەش دەدات و گەشە بە شانە و خانەكانی لەشمان دەدات، مرۆڤ تاكوو دەمرێت، هەر دەبێ عاشق بێت بۆ ئەوەی تاكوو مردنی خزمەتی خۆی و دەوروبەرەكەی بكات، لەدوای خۆیشیدا ببێتە سومبولێك بۆ كەسانی دیكە كە ئەوانیش دەبێ بەدەم عەشقەوە بمرن، ئەگەرنا رق وكینە ناخیان بۆگەن دەكات، تەمەن كورت دەبن، یان هەرنا چێژ لە ژیان نابینن، عەشق لای من واتە ئەوپەڕی خۆشەویستی و رێزگرتن لە بەها جوانەكانی ژین.

خانمە ئەكتەرو پێشكەشكار دڵنیا كامووسی جیاواز لە بۆچوونەكەی هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر كە پێی وابوو عەشق نە لە قەبارەی خۆی گەورەترە، نە بچووكتر، دەڵێ: عەشق لای هەركەسێك واتایەكی هەیە، لەلای منیش عەشق واتە دایك و باوك و كوردستان.

شەنگە كەركووكی زۆر بە كورتی گوزارشت لەو بابەتە دەكات و دەڵێ: هیچ باوەڕێكم بە خۆشەویستی نییە، چونكە لە ئێستادا خۆشەویستی تەنیا بووتە هۆكارێك بۆ تێركردن، دواتر دەتوێتەوە و هیچ گرنگی و بەردەوامی نامێنێت.

دەلال زاخۆیی هونەرمەند، ئەویش بەم شێوەیە رای خۆی سەبارەت بە خۆشەویستی دەربڕی: هەر كەسێك ئەزموون و بەسەرهاتی لەگەڵ عەشق نەبووبێت، ناتوانێت گوزارشتی لێ بكات، یاخود پێناسەی بكات، چونكە عەشق جیهانێكی تایبەتەو تەژییە لە مرۆڤایەتی و جیهانی دڵە ناسكەكانە.

ئاوازدانەر هەڵكەوت زاهیر سەبارەت بە مانای عەشق دەڵێ: عەشق جوانییە، هەستە، دروستبوونە، ژیانە، گەیشتن بە لوتكەی عەشق كردنەوەی زۆربەی دەرگاكانی ژیانە، خۆی لەخۆیدا عاشق بوون گەیشتنە بە لوتكەی تێگەشتن، مەرجیش نییە تەنیا عاشق بوون لە كەسێكی بەرانبەرت ببینیتەوە، بۆ نموونە من عاشقی هونەری میوزیك بووم.

روناك دڵپاك خانمە ئەكتەرێكی ناسراوە لەنێوەندی هونەری كوردیدا، هاوسەری هونەرمەندی كۆچكردوو جیهاد دڵپاك ـە و پێیوایە عەشق نەبێ ژیانیش نییە، دەشڵێ: عەشق لە دەمارەكان دێت و دەچێ، وەكوو تینی خۆر بەتینە، عەشق جوانییە، لەدایكبوونە، مردنە، پێدانی رۆحە بۆ جەستە، عەشق پێكەنین و گریانە، عەشق خۆراكی رۆحە.
Top