جوانی لە شكۆمەندیی چیادا . . . . . . . تاریق كارێزی

جوانی لە شكۆمەندیی چیادا . . . . . . .     تاریق كارێزی
ئەم جارەشیان كە چوومە بەشی شێوەكاری لە بەڕێوەبەرایەتیی چالاكیی قوتابخانەكان لە هەولێر، هونەرمەند جەوهەر محەمەد عومەر سەرقاڵی كاركردن بوو، بڕێكی زۆر رەنگی سپی و بڕێكی كەمتر رەنگی شینی بە تەك یەكەوە دانا بوو. لە ئان و ساتی ئەوەدا بوو كە تێكەڵیان بكات و لایەكی تابلۆیەكی بەردەمی خۆی پێ پڕ بكاتەوە. چوونی من، ئەوی لە كار كرد و بە جووتە كەوتینە گفتوگۆیەكی كراوە. لەگەڵ هونەرمەندێكی وەك ئەودا، قسەكردن هەر دەبێ لە بارەی تابلۆ و رەنگ و سروشت و هونەرەوە بێت.


ئەم هونەرمەندە لە كوردستاندا شای نیگاری سروشتە، هێندە لە عەشق و خۆشەویستیی سروشتدا قووڵ بووەتەوە، ئیدی سروشت و چیا لە لای ئەو بوونەتە كانی و كانگایەكی هەمیشەیی بۆ بەخشینی جوانی. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێ:

من شەیدای سروشتم. هەر بۆیە لە سەرەتای ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو كاتێك بووم بە مامۆستا، داوام كرد لە شوێنێكی دوورە دەستدا دامبمەزرێنن. ئەوە بوو چوومە چۆمان، كە دەڤەرێكە خاوەن سروشتێكی دەوڵەمەند و چیاییە. هێندەی نەبرد لە پای شەڕی هەشت ساڵەی ئێران عیراقەوە ناوچەی چۆمان چۆل كرا. ئیدی داوام كرد بۆ سیدەكان بگوازرێمەوە. لەوێ سروشتی شاخاوی بە ترۆپكی جوانی دەگات. هێندە لە دیمەنی جوانی چیا بەرز و سەركەشەكانی ئەو دەڤەرە ورد بوومەوە، بەتایبەت كە خۆم عاشقی چیا و جوانییەكەی ئەوم، دەروونم لێوانلێو بوو لە جوانیی چیا و دیمەنی دەوڵەمەندی كەژ و كێو، بنار و دۆڵ، لاپاڵ و گوند و كانیاوەكان.

ئەم نیگاركێشە رێچكەی ستایلێكی كوردیی لە هونەری نیگاردا داڕشتووە، بە كردەنی ئەو رێچكەیەی گەڵاڵە كردووە و دایمەزراندووە. لە تابلۆكانی ئەودا سروشت كانگایەكی لە بن نەهاتووی جوانییە «هەموو جوانی لە نێو سروشتدا خۆی دەنوێنێ. سروشت كانگای جوانییە، جوانییەكەشی كۆتایی نایەت.» ئەمە قسەی دڵی جەوهەرە، كە پێی وایە جەوهەری جوانی لە سروشت و چیادا خۆی دەنوێنێ.
لە شوێنی كاركردنەكەی لە چالاكیی قوتابخانەكاندا، تابلۆیەك سەرنجی راكێشام. تابلۆیەكی درێژ وێنەی گوندێكی دەیان ماڵەی كوردەواری بوو، بە تەرزی كۆنی خانووی لە گڵ و قوڕ دروستكراو. ئەگەرچی ئەو تابلۆیە تا ئەندازەیەك لە ستایل و شێوازی ئەو دوور بوو، بەڵام بە راستی تابلۆیەكی فرە جوان و سەرنجڕاكێش بوو. وەك روونكردنەوەیەكیش وتی: «بۆ كێشانی وێنەی ئەو گوندە كەسێكی خەڵكی گوندەكە رایسپاردووم. من حەز بەم جۆرە كارە ناكەم، چونكە ئازادیی كاركردنم لێ زەوت دەكات.» من پێم گوت: بەڵام تابلۆیەكی زۆر نایابە، هی ئەوەیە شانازیی پێوە بكەیت. ئەو بەرسڤی دامەوە: «زۆر جار رووی ئەم جۆرە كاركردنەم لێ دەنێن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەیانەوێ دەقاودەق وێنەكە چۆنە، من هەمان شت دووبارە بكەمەوە، لێم خۆش نایەت. خۆ ئەگەر ئازادیی كاركردنم بدەنێ، من شتێ جوانتریان بۆ دروست دەكەم، بەڵام بەو جۆرەی كە دیمەنی فۆتۆ وەك خۆی بگوازمەوە سەر تابلۆ، زۆر ناڕەحەت دەبم.»
ئەم نیگاركێشەی كوردستان كە بە زۆری بە رۆن رەنگ لە سەر كانڤاس كاردەكات، تا ئێستا بە دەیان تابلۆی لە لایەن بیانییەكانەوە كڕدراون، یان بە دیاری پێیان دراوە، بەم جۆرە تابلۆكانی ئەو چوونەتە چەندین وڵات لە كیشوەرانی جیاجیای جیهان. سەدان تابلۆشی لە نێو ماڵانی خەڵكی كوردستاندا هەیە. لەم رووەوە جەوهەری نیگاركێش دەڵێ: «كردوومەتە نەریت، بۆ كەسێك لە خزم و كەسان كە تازە ژن دەهێنێ، یان ماڵباتێك تازە منداڵان بووە، من تابلۆیەكیان بە دیاری بۆ دەبەم. منداڵەكانم سەبارەت بەم كارەم بەرهەڵستن، ئەوان دەڵێن ئێمە خاوەنی بەرهەمەكانی تۆین، قبووڵمان نییە بەم جۆرە تەخشان و پەخشانیان بكەیت.»

بیرۆكەی ئەوەم لەگەڵ ئەم شانیگاركێشەی سروشتی كوردستاندا خستەڕوو، كە پێویستە چەند شاگردێكی هەبێت تا رێچكەی هونەرەكەی ئەو درێژە پێ بدەن. لەم بارەیەوە گوتی: «من بەرانبەر بە هەموو كەس دەستواڵام، حەزدەكەم سوود لە شێواز و تەكنیكی كاركردنی من وەربگرن، تەنانەت بە ئاشكرا و لە بەردەمی هەموو كەسێكدا كاردەكەم. تا ئێستا چەند هونەرمەندێك هاتوون بەو پەڕی دڵفراوانییەوە رێنماییم پێ داون و فێرە تەكنیك و شێوازی كاركردنی خۆمم كردوون.»
ژینگەی سروشتی كوردستان تەژییە لە جوانی، چاوگێكی یەكجار دەوڵەمەندە بۆ كەسانی جوانیخوازو جوانیپەرست. هیچ هونەرمەندێكی شێوەكاری كورد نییە دیمەنی سروشتی نەكردبێتە تابلۆ، سەنگی هونەرەكەی جەوهەری نیگاركێش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەو خۆی بۆ سروشت تەرخان كردووە. ئەم خۆ تەرخانكردنەش پایەی كاركردنی ئەوی لە دنیای جوانیی سروشت و لایەنە شاراوەكانی سیحر و وردەكاریی جوانیی سروشت بەرز كردووەتەوە، رێی پێ داوە تەلیسمی جوانیی نێو سروشت بدۆزێتەوە، زۆر كارامانەش ئەو سیحرو جوانییە دەكاتە گوتارێكی دامەزراوی دیدەیی.

درێژەدان بە ستایلی كاركردنی ئەم نیگاركێشە لەلایەن دەستەیەك لە شاگردانی ئەوەوە، رێ خۆش دەكات بۆ گەڵاڵەبوون و خەمڵینی شێواز، یان رێبازێكی هونەریی تایبەت بە كوردستان. هەڵبەت رەگەزەكانی ئەو رێبازە بریتین لە تۆپۆگرافیای سروشتی كوردستان و دەڤەری گوندەواری نێو چیا و شاخەكانی وڵات، بە تێكهەڵكێش لەگەڵ تەكنیكی تایبەتمەندی جەوهەری نیگاركێش، كە بە بڕوای من ئەم هونەرمەندە لە پاش دەیان ساڵ لە كاركردن، گەیشتووەتە ئاستی گەڵاڵەكردنی رێچكەیەكی تایبەتیی نیگار.
Top