ڕووبار شینۆ: لە غەریبیدا كاری هونەری سەختە

ڕووبار شینۆ:  لە غەریبیدا  كاری هونەری سەختە
بە درێژایی مێژوو كاروانی هونەری میللەتی كورد لە بەشی رۆژئاوای كوردستان چەندین بەهرەی جوان و دەنگی پڕ لە رەسەنایەتی بوونیان هەبووەو بە دەنگ و هونەرەكەیان گوزارشتیان لە خەمی نەتەوەیەك كردووەو لە رێگای هونەرەوە هەوڵیانداوە كەلتوور و رەسەنایەتی میللەتەكەیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن، جگە لە سروود و گۆرانییە نەتەوەییەكان و ئەڤینداری پاك و بێگەرد، زۆربەی ئەوانەی كە هاتوونەتە نێو بزووتنەوەی هونەر پەیامێكی تایبەتیان پێ بووە، كە ئەویش هۆنینەوەی ئەو گۆرانییانە بووە كە گوزارشتیان لە جوانی سروشت و بوونی نەتەوەیەكی ستەمدیدە كردووە، جگە لەوەش خەڵكی ئەو ناوچەیە هەمیشە هونەری رەسەن و پاراستنی فۆلكلۆر بە گرنگی لە قەڵەم دەدەن، چونكە بە بڕوای ئەوان هیچ شتێك بە قەد پاراستنی هونەر پیرۆز نییە، بەتایبەت ئەگەر هونەرێك لە خزمەتی نیشتمان و نەخشەی سەربەخۆیی گەلێكدا بێت.

هونەرمەندی فۆلكلۆرپەروەر (رووبار شینۆ) تەواوی بەهرە و شارەزایی هونەریی خۆی خستۆتە خزمەت گۆرانی فۆلكلۆری كوردی، ئەو ئەگەرچی وەك پێویست لە میدیاكان دەركەوتنی نییەو ناكەوێتە بەرچاو، بەڵام تا ئێستا چەندین بەرهەمی هونەریی پێشكەش كردووە بۆ بەرزڕاگرتنی فۆلكلۆری رەسەنی كوردی و پاراستنی لە فەوتان و لەناوچوون، هەروەها تا ئەو كاتەی لە رۆژئاوای كوردستان مابۆوە چەندین جار بە هۆی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانەوە رووبەڕووی گرتن و سزا و ئەشكەنجەدان بۆتەوە، بەڵام كۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە، بۆیە لە سەردانێكی بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز كرد.
• سەرەڕای زۆری بەرهەم و بەشداریكردنت لە ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، بەڵام دەركەوتنت وەكو پێویست نییە، هۆكاری ئەوە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
- بەشێك لەو دوورەپەرێزییە هۆكارەكەی خۆمم و دوورم لە میدیاكان و كەمتەرخەمییەكە لە خۆمەوەیە، چونكە ئەوان بە دوای بەرهەمەكانی مندا كەوتوون و هیچ كات دەرفەتم بۆ رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارانی بواری هونەری نەڕەخساندووە تا دڵی خۆمیان بۆ بكەمەوە.
• لە ماوەی 30 ساڵی تەمەنی هونەری خۆتدا ئاشنایەتیت لەگەڵ كام لە هونەرمەندەكاندا زۆر بووە كە سوودت لە هونەری ئەو بینیبێت؟
- بێگومان، هونەرمەندی گەورە (برادەر) كە هەمیشە وەك مامۆستایەك هاوكار و پاڵپشتی بەرهەمەكانی من بوو و سوودی زۆرم لە هونەری ئەو بینیوەو زۆربەی كاتەكانیش بە وردی گوێم لە بەرهەمەكانی راگرتووە بۆ ئەوەی بتوانین لە رۆژئاوا بە یەكەوە دەنگی هونەری كوردی بگەیەنین بە پارچەكانی دیكەی كوردستان.
• لە رۆژئاوای كوردستان میللەتی كورد تەنانەت لە ناسنامەش بێبەش بوون، بۆیە هەمیشە خەباتكار و هونەرمەندانی ئەم پارچەیەش رووبەڕووی نەهامەتی زۆر بوونەتەوەو ئەشكەنجە دروان، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی سروودو بەرهەمە نیشتمانییەكان ئایا رووبەڕووی و رووداوانە بوویتەوە؟
- بەڵێ، من یەكێكم لەوانەی كە شەش جار دەستگیركراوم و ئەشكەنجەی زۆرم لە دەست رژێمی سووریا بینیوە، نەك تەنیا منیش، بەڵكو زۆربەی گۆرانیبێژانی رۆژئاوای كوردستان، بەدەست سیاسەتی ئەو وڵاتە گیرۆدەن و تووشی ئازاری زۆر هاتوون.
• كە وڵاتت جێهێشت و رووت لە هەندەران كرد، ئەم ژیانە نوێیەت ئاستەنگی بۆ درووست نەكردووی؟
- من بڕیارم داوە لە هەر كوێیەكی ئەو دنیایە بم، تا دواهەناسە لە خزمەتی هونەری كوردیدا بم و هیچ كات بیر لەوە ناكەمەوە كە دەست لە هونەر هەڵگرم، چونكە هونەر مانای خۆشەویستیم پێدەبەخشێت و بەردەوامی بە ژیانی من دەدات.
• هونەر لە هەندەران سەختترە، یان لە كوردستان؟
- بێگومان لە هەندەران زۆر سەختترە، بە جۆرێك كە ئێستا بۆ بڵاوكردنەوەی سترانێكی نوێ، دەبێت من قووتی منداڵەكانم ببڕم تا بەرهەمێكی نوێم لەدایك بێت، ئەگەرچی لە رۆژئاوا ترس و تۆقاندن هەبوو، بەڵام لە رووی مادییەوە كاركردن لە بواری هونەر ئاسانتر بوو.
• تا ئێستا لە هۆڵەندا هیچ كۆنسێرتێكت ساز كردووە؟
- حەزدەكەم ئاماژە بەوە بكەم كاك ئەسعەد عەدۆی هونەرو فۆلكلۆر دۆست یەكێك بوو لەو كەسانەی لە هۆڵەندا زۆر هانیدام كە بەردەوام بم لە كاری هونەری بەتایبەتی فۆلكلۆر و لێرەوە زۆر سوپاسی دەكەم، جگە لە بەشداریكردن لە كۆنسێرت و ئاهەنگەكان، بەردەوام سەرقاڵی سازدانی ئاهەنگ بووین بۆ ئەوەی كوردانی تاراوگە لە دەنگی رۆژئاوا بێبەش نەبن، چونكە كاری ئێمە لەوێدا بەرزڕاگرتنی هونەری خۆمانە.
• چ دەنگێك هەیە بە مامۆستای هونەری بزانیت؟
- زۆرن ئەوانەی بە مامۆستای هونەری كوردیان دەزانم، بەتایبەت هونەرمەندانی وەك: برادەر، حەسەن زیرەك، محەمەد عارف جزراوی، تەحسین تەهاو...هتد.
• ئەو گۆرانییەی تۆی زیاتر بە خەڵكی ئاشنا كرد چی بوو؟
- كەڤۆكی یەكێك بوو لەو گۆرانیانەی كە جەماوەرێكی زۆری بۆ كۆكردمەوە و منی وەك یەكێك لە هونەرمەندانی رۆژئاوا ناساند، كە دوای منیش چەند هونەرمەندێكی دیكە گوتوویانەوە.
• چین ئەو بەربەستانەی كە تۆ ناتوانیت بە زوویی بەرهەمەكانت بگەیەنیتە جەماوەرەكەت؟
- ئەوەیان خۆی لە دوو شتی جیاوازدا دەبینێت، یەكەمیان نەبوونی هاوكار و پاڵپشتی وەك سپۆنسەر بۆ كارەكانی ئێمە، دووەمیان دووری لە میدیاكان، چونكە وەك پێشووتر ئاماژەم بۆی كرد، ئاسان نییە كە تۆ لە وڵاتی غەریبی بژیت و لەسەر گیرفانی خۆت ساڵانە گۆرانیی نوێ بڵاوبكەیتەوە، ئەگەر لایەنێك لە پشتەوەی كارەكانت نەبێت، دووریش لە رۆژنامە و میدیا هۆكارێكی دیكەیە بۆ نەگەیشتنی دەنگی ئێمە بە حكومەت و سەرمایەداران تا بتوانن بەرەوپیری بەرهەمەكانی ئێمە بێن.
• لە باشووری كوردستان كەس گوێی لە ئازارەكانت گرت؟
بە سوپاسێكی زۆرەوە، (د.سالار عوسمان) بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، پێشوازییەكی گەرمی لێكردم و تەواوی پاڵپشتی وەزارەكەی بۆ دووپات كردمەوە و زۆر بە وردی گوێی لە ئازارەكانم گرت كە لە ماوەی 30 ساڵی تەمەنی هونەریم چێشتوومەو پێی راگەیاندم كە ئیدی ئەو وەزارەتە هەموو هاوكاری و پاڵپشتیەكی ماددی و مەعنەوی ئێوە دەكات كە ساڵانێكە لە رۆژئاوا و هەندەران لە خزمەتی هونەردان.
Top