ئالین: هونەر رۆڵێكی سەرەكیی هەیە لە پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتوەە
هەر لەم بارەیەوە و لە لێدوانێكی تایبەت بۆگوڵان ئالین رایگەیاند: خۆشەویستی هونەرمەند بۆ هونەر و وڵاتەكەی گەورەترین هاندەری بەردەوام بوونیەتی لە هونەر و كاركردنی بەردەوام بۆ پێشكەش كردنی كاری جوان بە جەماوەرەكەی و خزمەتگەیاندن بە كوردستان لە رێگای هونەرەوە بەتایبەتی لەو قۆناغە مێژووییەی ئێستا میللەت كورد پێیدا تێپەڕ دەبێت و ئەو پیلانە هەمە لایەنانەی كە دژی گەیشتن بە ئاواتەكان لەلایەن دوژمنانەوە دەدرێن، دیارە هونەر و هونەرمەندانی كورد رۆڵێكی سەرەكییان هەبووە لە دەوڵەمەند كردنی كەلتووری كوردستان و پاراستنی ناسنامە و زمانی میللەتی كورد، چونكە دوژمنان بەر لەوەی خاكمان داگیر بكەن هەوڵیانداوە زمان و كەلتوورەكەی لە ناو ببەن و بیشێوێنن، بۆیە پێویستە لەسەر ئێمەی نەوەی ئێستای هونەرمەندان كە درێژەپێدەری خەباتی هونەرمەندانی پێش خۆمان بین و رێگا نەدەین دوژمنان بە مەرامی خۆیان بگەن.
سەبارەت بە كارە نوێیەكان ئالین دەڵێ: خۆشەویستیم بۆ هونەرەكەم وام لێدەكات هەوڵ بدەم بەردەوام كاری نوێ و جوان پێشكەش بكەم، بۆیە هیچ كات نەوەستاوم لە گەڕان بە دوای كاری نوێ و باش، بۆیە بەر لە ماوەیەك گۆرانییەكەم بە هەردوو زمانی ئەڵمانی و كورد پێشكەش بە پێشمەرگە كرد هەروەها وەك وەفایەك بوو بۆ گەل و حكومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بەو هاوكارییەی پێشكەش بە كوردی دەكەن لە جەنگیان دژی تیرۆر و لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ كلیپمان بۆی كرد، لە لایەكی دیكەوە دوو گۆرانی نوێم تۆمار كردووی یەكیان بە زمانی ئینگلیزی ئەوی دیكەشیان بە زمانی سریانی و گشت كارەكانی تەواو بووە و پەنا بە خوا بەم نزیكانە بە كلیپ پێشكەشی جەماوەری دەكەم، هەروەها ئەلبوومێكی نوێم ئامادەیە بۆ تۆمار كردن، ئەم ئەلبوومە لە دە گۆرانی پێكدێت بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، رووسی ئامادەكارییەكان ئەم ئەلبوومە تەواو و هەر كاتێك دەرفەتم هەبوو دەست بە تۆمار كردنی دەكەم پێشكەش جەماوەری دەكەم.
لە كۆتاییدا سەبارەت بە دوو گۆرانی دیكەی عەرەبی كە پێشكەشی كراون بۆ ئەوەی بیڵێت ئالین وتی: چەند ئافرەتێكی ئیماراتی هاوڕێم كە هاوسۆزی میللەتی كوردن و حەز بە هونەری كوردی دەكەن، دوو گۆرانییان پێشكەش كردووم كە بە زمانی عەرەبی بیانڵێم یەكیان ئەڤیندارییە ئەویتریشیان لەسەر شێخ زاید و ئەو دەستكەوتانەیە كە لە وڵاتی ئێمارات لەسەر دەستی ئەو بەدیهاتوون، بەڵام من تا ئێستا رەزامەندیم دەرنەبڕیوە بۆ گوتنی هیچ یەكێك لەم گۆرانیانە.
شایەنی باسە گۆرانی (وڵات)ی ئالین كە تێكستی شاعیری گەورە (ئەدیب چەلكی)یە پلەی یەكەمی بەدەستهێنا لە فیستیڤاڵی (الاغنیة الملتزمة) كە بەر لە شاری فاسی وڵاتی مەغریب لەلایەن چەند رێكخراوێكی هونەری و كەلتووری ئەو وڵاتە و بە بەشداری (60) گۆرانی لە چەندین وڵاتی جیاجیا و بە سەرپەرشتیی خانمە هونەرمەندی ناسراوی ئەمازیغی (سەعیدە فكری) بەڕێوەچوو.