كریستین حوری: ئافرەتی كورد هەنگاوی زۆری بەرەو پێشەوە ناوە
* هاتنت بۆ نێو بواری جوانی چۆن بوو؟
- لە ساڵی 2009 هاتمە نێو ئەو بوارەوە ئەو كات تەمەنم 20 ساڵان بوو، خولێك كرایەوە سەبارەت بە چۆنیەتی وێنەگرتن بۆ گۆڤار و رۆژنامە، كە ئەو هەواڵەم بیست چوومە لای دایكم و پێمگوت: دایە كارێكم دۆزییەوە، دایكم بەمە رازی بوو منیش سەیرم پێهات، چونكە چاوەڕێم نەدەكرد لەسەر ئەم هەنگاوەم رازی بێت، بەڵام پێی گوتم بزانم چی دەكەی و تا چەند دەتوانی سەركەوتوو بی لەو كارەدا، لەو كاتەوە دەستم پێكرد و بۆ چەند رۆژنامە و گۆڤار و دیزاینەری ناسراوی لوبنانی و جیهانیی جلوبەرگ وێنەم گرت.
* سەوسەن ئەلسەید هیچ رۆڵێكی هەبوو لە دەركەوتنت؟
- دواتر دكتۆرە سەوسەنم ناسی، بێگومان خۆی و دەزگاكەی رۆڵ و كاریگەرییەكی ئەرێنییان لەسەر من و كارەكەم هەبوو و منیان لە قۆناغێكی سەرەتاییەوە گەیاندە قۆناغێكی پێشكەوتوو و شارەزاییەكی زۆرم لەو رێگایەوە پەیدا كرد، هەر ئەویش بوو كە وای كرد نازناوی شاجوانی نمایشكارانی جیهان بۆ ساڵی 2016 بەدەست بهێنم كە بە بەشداری نمایشكارانی 42 وڵات لە ئەڵمانیا ئەنجامدرا.
* ئەم نازناوە چ گۆڕانكارییەكی لە ژیانی تۆدا درووستكرد؟
- پێشتر من تەنیا لەسەر ئاستی لوبنان كارم دەكرد و تەنیا دیزاینەر و جەماوەری لوبنان منیان دەناسی، بەڵام كە ئەم نازناوەم بەدەستهێنا بێگومان وایكرد كە لەسەر ئاستی جیهانیش بناسرێم بەتایبەتی لە ئەوروپا، بۆیە لێرەوە بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی دەزگای سەوسەن بكەم بۆ ئەو هاوكارییەی كە پێشكەشی منیان كرد.
* بیرت لەوە نەكردۆتەوە روو لە بواری نواندن بكەی؟
- بێگومان من پێشتر بەشداریم لە چەند كارێكی نواندندا كردووە لەوانە زنجیرە درامایەكی لوبنانی، بەڵام ماوەیەكی گرنگی زیاتر بە بواری نمایشكاری دەدەم و لە نواندن دوورم، چونكە ئەو رۆڵانەی كە پێشكەشم كراون تا ئێستا رۆڵی لاوەكی بوون منیش حەز دەكەم ئەو رۆڵەی كە دەیبینم رۆڵێكی سەرەكی و گرنگ بێت، دەبێت ئەو رۆڵە لە ئاستی ئەو نازناوە بێت كە من لە بواری مۆدێل بەدەستم هێناوە نەك ببێتە هۆی ئەوەی لە بەهای نازناوەكە كەم بكاتەوە.
* دوور لە جلوبەرگ و مۆدە كاتەكانت چۆن بەسەر دەبەی؟
-حەز لە گەشت و گەڕان دەكەم بۆ ئەوەی خەڵك و كەلتوور و فەرهەنگی نوێ بناسم، هەروەها ئەگەر كاتم هەبێت لە ماڵەوە هەبێت زیاتر خۆم بە خوێندنەوە سەرقاڵ دەكەم، چونكە هەست دەكەم مرۆڤ بە خوێندنەوە هیچ كاتێك ماندوو نابێت.
* تا ئێستا لە زۆر كلیپدا بەشداریت كردووە، سەرەتای دەركەوتنت لە كلیپەكان چۆن بوو؟
-لە زۆر كلیپدا بەشداریم كردووە رەنگە كە یەكەم مۆدێلی عەرەبی بم كە لە زۆرترین كلیپ بەشداریم كردووە، لەوانە لەگەڵ هونەرمەندە ناسراوەكان لەوانە كازم ئەلساهر، مەحمود ئەنوەر، مەحمود ئەلشاعری، و چەندانی دیكەش ودوایین كلیپیشم لەگەڵ هونەرمەند رزا بووە.
* لە بوارەی جلوبەرگەوە تا ئێستا رەخنەت لێنەگیراوە؟
- من لە كاری خۆمدا زۆر بە ئاسایی دەژیم و هیچ گۆڕانكاری و جیاوازییەك لە نێوانیاندا ناكەم، هەروەها هەوڵ نادەم سیستمی ژیانی خۆیم لەبەر قسە و رەخنەی هیچ كەسێك بگۆڕم من چۆنم هەروا دەبم و ئێستا لە ئاستێكی جیهانیدا كار دەكەم و ناكرێ خۆم بە هەندێك شتەوە ببەستمەوە كە كار لە كار و ناوبانگم بكەن، هەروەها گرنگی بەو شتانە نادەم، بەلای منەوە گرنگترین شت ئەوەیە لە ژیانی خۆم ئاسودە بم و ئەو شتەی كە ئەنجامی دەدەم ئەگەر من و خانەوادەكەم بە هەڵەی نەزانن و لێی رازی بن هیچ شتێكی دیكە بۆ من گرنگ نییە.
* چەند جارێك سەردانی كوردستانت كردووە ئەو وڵاتەت چۆن بینی؟
- هەر كە یەكەم جار هاتمە كوردستان ئەو وڵاتە و سروشتە دڵڕفێنەكەیم خۆشویست، ئەوەی زیاتر خۆشەویستی ئەو وڵاتەی لای من بەهێزتر كرد خەڵكەكەی بوو كە بە جوانترین شێوە پێشوازییان لێكردین و مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە كرد بە راستی بێ وێنە بوو و تا لە ژیان مابین لە یادی ناكەی ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە خەڵكەكەی مرۆڤدۆستە و وایكرد كە بە وڵاتی خۆمی بزانم وهانمان دەدات كە شتی جوانتر و نوێتر پێشكەش بكەین كە شایەنی ئەم میللەتە مەزن و خۆراگرە بێت.
* وەك شارەزایەكی بواری جوانكاری ئامۆژگاریت بۆ ئافرەتانی كورد چییە؟
- ئامۆژگاری سەرەكیم ئەوەیە كە پێویستە ئافرەتانی كورد تەنیا گرنگی بە لایەنی دەرەوە و روخساریان نەدەن، بەڵكو جوانی نێو ناخی مرۆڤ پێویستە گرنگی پێ بدەن، چونكە ئافرەتی كورد میهرەبانە ودەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر بكات، ئافرەتی كورد قوربانییەكی زۆری داوە، سەبارەت بە بواری مۆدە و جوانكاری و هونەریش دیارە لەم رووەوە هەنگاوی زۆر باشی ناوە بەتایبەتی لە گرنگیدان بە ماڵ و خێزانی خۆی بۆیە شایەنی ستایش و رێزگرتنن.