دووەم دیداری نێودەوڵەتیی سینەما دژ بە تیرۆر لە هەولێر ساز دەکرێت

دووەم دیداری نێودەوڵەتیی سینەما دژ بە تیرۆر لە هەولێر ساز دەکرێت
ساڵی پار خولی یەکەمی دیداری نێودەوڵەتی سینەما دژ بە تیرۆر لە هەولێری پایتەخت بە بەشداری چەندین فیلم و ئەکتەر لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و عێراق ساز کرا بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو دانرا، چونکە لە کاتێک ساز کرا کە وڵات بە قەیرانێکی ئابووری دژواردا گوزەر دەکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە توانایاندا نەبوو پشتگیری و هاوکاریی بکەن، بۆ ئەم ساڵیش بریارە خولی دووەمی فیستیڤاڵی سینەما دژ بە تیرۆر (خولی ئاشتی و پێکەوەژیان) ساز بکرێت، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز و بەرفراوانتر لە خولی یەکەم.
لەم بارەوە پشتیوان عەبدوڵڵا سەپەرشتیاری دیدارەکە وتی: پاش سەرکەوتنی ئەزموونی پار ساڵ لەو کاتەوە لە خۆئامادەکردندا بووین بۆ ئەوەی ئەم دیدارە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر درێژە پێبدەین و بەردەوام بێت، بۆ ئەم ساڵیش دیدارەکە بە دروشمی (ئاشتی و پێکەوەژیان) دەبێت و تا راددەیەکی زۆر جیاوازی دەبێت، چونکە خولی پار تەنیا لە شاری هەولێر ساز کرا، بەڵام بۆ ئەم ساڵ بە نیازین لە دوو کاتی جیاواز لە هەولێر و سلێمانی ساز بکرێ، سەرەتا لە شاری هەولێر دەبێت و دوای تەواو بوونی هەمان دیدار دەگوازینەوە پایتەختی رۆشنبیری و لەوێ دووبارەیان دەکەینەوە و بڕیار وایە (9) وڵات و (٢٨) كورتە فیلمی جیاجیایکوردی و عێراقی و عەرەبی و بیانی بەشداری بکەن لەگەڵ نمایش کردنی (٣) فیلمی درێژ لە پەراوێزی دیدارەکە وەک میوان، ناوەڕۆكی فیلمەكان باس لە دژایەتی كردنی تیرۆر دەكات بە هەموو شێوەیەك و هەوڵێك دەبێت بۆ نیشاندانی ئەو پێكەوەژیانەی ئێستا لە كوردستان لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا هەیە كە بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بەو خەڵاتانەی تەرخان کراون بۆ فیلمە سەرکەوتووەکان، سەرپەرشتیاری دیدارەکە وتی: لیژنەی باڵای دیدارەکە ژمارەیەك خەڵاتی سەرەکی تەرخان کردووە بۆ باشترینەکان بەم شێوەیەی خوارەوە:
باشترین فیلمی کوردی، باشترین فیلمی عێراقی، باشترین فیلمی عەرەبی، باشترین فیلمی بیانی، باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری، باشترین دەرھێنان، باشترین پاڵەوان و ئەکتەری کوڕ و کچ، خەڵاتی باشترین بیرۆكەو سیناریۆ و چارەسەری درامی
جگە لەمە دیدارەكە 3 جەربەزەترین كامیرمانی جەنگ دژ بە تیرور خەڵات دەكات كوردێك، عەرەبێك كریستیانێك، ئەوانەی رۆڵێكی قارەمانانەیان هەبووە لە وێنەگرتن و تۆماركردنی رووداوەكانی جەنگی دژ بە تیرۆر لە بەرەكانی جەنگ و دیمەنەكان زۆر ترسناك بوون بەجۆرێك ژیانی خۆیان كەوتۆتە مەترسییەوە و لە هەمان كاتدا ئەو دیمەنانە نمایش دەكرێن لەسەروبەندی چالاكییەكانی دیدارەكەدا، هەروەها هەوڵێكی جددی هەیە بۆ هاوكاری كردنی ئەو فیلم و دەرهێنەرانەی خەڵاتەكان بەدەست دەهێنن بۆ ئەوەی بتوانن فیلمی تر بەرهەم بهێنن كە ناوەڕۆكەكەی دژ بە تیرۆر و تیرۆریستانە.
سەبارەت بەو هونەرمەند و كەسایەتیانەی كە چاوەڕوان دەكرێت لە دیدارەكە ئامادە بن وتی: ژمارەیەك ئەكتەر و سینەماكار لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان بانگهێشت دەكرێن لەوانە: 14 دەرهێنەر لە ناوەوەی عێراق و كوردستان كە فیلمیان هەیە داوەت دەكرێن، 3 دەرهێنەری ناسراو علی عبدالخالق و هانی لاشین و عمر عبدالعزیز لە میسرەوە،4 دەرهێنەری بەشدار بە فیلم لە سوریاو، لە سلێمانی 10 هونەرمەندی دیار میواندار دەكرێن و فیلمە یەكەم و سەركەوتووەكانی دیدار دوای پیشاندانیان لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا لەلایەن كۆمپانیا (ئەڤین فیلم) پیشان دەكرێت، هەروەها مەراسیمی تایبەت لە كاتی كردنەوە و كۆتایی دیدار ساز دەكرێ و پانێڵێكی تایبەت لەسەر سینەما و تیرۆر بۆ سینەماكارانی بەشداربوو رێك دەخرێت و لیژنەی دادوەران لە 4 كەس پێكدێت دوو كورد و دوو عەرەب.
سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە دەربارەی دیدارەکە زیاتر وتی: یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانمان نەبوونی سپۆنسەرە و وەزارەتی رۆشنبیریش بە سوپاسەوە تەنیا توانیویەتی لە رووی مەعنەوییەوە پشتگیریمان بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەوڵ دەدەین دیدارەکە بەردەوام بێت، ئامانجی سەرەکیمان گەیاندنی ناوەڕۆکی پێکەوەژیان و هەماهەنگی هەموو لایەکە دژی تیرۆر بۆ ئەوەی لە رێگای هونەری سینەماوە بیرۆکەی تیرۆر و لایەنی ناشیرین و قێزەوەنی ئەم دیاردەیە بە جیهان رابگەیەنین و هەوڵی بنبڕکردنی بدەین، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگیمان لەگەڵ کۆمەڵێک فیستیڤاڵ و دیداری سینەمایی کردووە لە مەغریب و میسر و سوریا، و بە نیازین ژمارەیەک ئەکتەری ناسراوی عەرەبی و عێراقی داوەت بکەین، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە سەر پشتگیری و هەبوونی سپۆنسەر.
فیلمە بەشداربووەکان
(بەڵێنی 100رۆژە) لە دەرھێنانی جانۆ ڕۆژبەیانی، (دوانەی ئازادی) لە دەرھێنانی ئەمیر تەھا،(بێدەنگی ئاسمان) لە دەرھێنانی جوبرائیل ئەبوبەکر، فیلمی (دیاب) لە دەرھێنانی مازن شیربەیانی، فیلمی (گۆڵ. الهدف ) لە دەرھێنانی ئادەم ئەیاد، فیلمی (شین) لە دەرھێنانی سلێمان گەڵاڵی، (+18) لە دەرھێنانی ھەردی حەسەن، (باوکەکانم) لە دەرھێنانی بڕوا کامیل عەتار، (چاک) لە دەرھێنانی حوسێن زارین، (بازنەی ڕەش و سپی) لە دەرھێنانی فەرزین کەریم، (بڕیار) لە دەرھێنانی واحید کفری، (جەنگی ژن) لە دەرھێنانی سۆران سادقی، (میحوەری گوێڕ_مەخمور) لە دەرھێنانی ئەحمەد فەوزی، میسر، (کوردەکانی خەلافەت) لە دەرھێنانی نامیق خۆشناو، بەریتانیا، (ھەشت) لە دەرھێنانی ئەسیم سیفایج، سڕبیا، (راکردن) لە دەرھێنانی زولفەقار مەتەیری، عێڕاق، (ئەڤیۆن) لە دەرھێنانی نائیل نازم، عێڕاق، (ماستی جگەرەکێش) لە دەرھێنانی مالیک زوھیری، عێڕاق.
(بوکی خور) لە دەرھێنانی حەلیم زەھراوی، عێڕاق،(نان) لە دەرھێنانی مستەفا جەنابی، عێڕاق، (باڵندەی فڕیو) لە دەرھێنانی سالم شەدھان، عێڕاق،(ناوم مەڕیەمە) لە دەرھێنانی مەلاک عەبدول عەلی، عێڕاق.
(جوان) لە دەرھێنانی عەلی جابری، سوریا، (کەڕامەت) لە دەرھێنانی سەدیر مەسعود، سوریا، (یاسەمین) لە دەرھێنانی موھەنەد کەلسووم، سوریا، (ھاواری ھیوا) لە دەرھێنانی کینان شەریف، سوریا، (تاھەتایەی کراوە) لە دەرھێنانی فایەق جەرادە، فەڵەستین، (بنەڕەت یەکە) لە دەرھێنانی محەمەد عادل، میسر.
Top