ناومی واتس سەرەڕای ئاستەنگ و گرفتەكان لە سەركەوتن بەردەوامە
دوای یازدە ساڵ لە خۆشەویستی لە هاوسەرەكەی جیادەبێتەوە
خۆشەویستی و ژیانی هاوسەریی نێوان ناومی واتس و ئەكتەری ناسراو لیف شریبەر بە یەكێك لە چیرۆكە سەركەوتووەكانی نێوان هونەرمەندان دادەنرێت، چونكە زیاتر لە یازدە ساڵی خایاند و لە ساڵی 2005 پەیوەندییان هەبووبێ ئەوەی ژیانی هاوسەری پێك بهێنن، بەڵام لە ناكاو هەردووكیان لە بەیاننامەیەكدا جیابوونەوەیان راگەیاند، لە بەیاننامەكەیاندا هاتبوو: باشترین رێگا بۆ ئێمە وەك خێزان ئەوەیە كە وەك هاوسەر جیاببینەوە، ئەمەش تا راددەیەك مایەی سەرسوڕمان بوو بۆ چاودێرانی هونەری، هەر لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتبوو: هەوڵ دەدەین بە رێز و هاوڕێیەتی وخۆشەویستییەكی زۆرە لە دڵمانەوە منداڵەكانمان پەروەردە بكەین و دۆزینەوەی قۆناغێكی نوێی ژیانمان، هەروەها داوا دەكەین تایبەتمەندییەكانی ژیانمان پارێزراو بێت لەپێناو منداڵەكانمان.
جیابوونەوەی ناومی و لیف دوای ماوەیەك لە جیابوونەوەی ئەنجلینا جۆلی و براد بێت دێت و زۆر لە چاودێران هەردوو رووداوەكانیان پێكەوە بەستەوە، سەرەڕای جیابوونەوەشیان بڕیارە ناومی و لیف بەشداری لە شانۆگەرییەكدا بكەن كە شانۆكانی برۆدوای نمایش دەكرێ.
دوای جیابوونەوەیان لە یەكەم لێدوانی بۆ گۆڤاری (The Daily Telegraph Australia) سەبارەت بە ژیانی تازەی ناومی رایگەیاند: هەست دەكەم كە ژیانم لەو ماوەیەدا زۆر باشە، تەنیا دەمەوێ دڵنیا بم لە ژیان و تەندروستی منداڵەكانم و لەوەی كە دڵخۆشن و تووشی هیچ ئاستەنگ و گرفتێك نابنەوە، ئەمە تاكە هیوای من هەموو لایەكمانە، هەر لەم بارەوە ناومی دەڵێ: پێموایە ئەگەر تۆ كەسێكی بەناوبانگ بیت یان نا ئەوا گۆڕانكارییەكان لە رێرەوی ژیاندا تا راددەیەك ترسناكن، چونكە من هەست بەوە دەكەم كە گۆڕانكاری هەمیشە ترسناكە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە نوێیە و پرسیاری ئەوەت لا درووست دەبێت كە كاروبارەكان چۆن بەڕێوەدەچن، تەنانەت بڕیارە بچووكەكانیش پێویستییان بە بیر كردنەوەی زیاتر دەبێت.
رۆڵی شازادە دیانا
یەكێك لە رۆڵە سەرنجڕاكێشەكانی ناومی رۆڵی شازادە دیانا لە فیلمێك كە بەناوی (Diana) و باسی لە دوو ساڵی كۆتایی ژیان ئەو شازادەیە دەكرد لەوانەش پەیوەندی لەگەڵ حەسنات خان كە پزیشكێكی ناسراوی دڵە دوای جیابوونەوەی لە شازادە چارلز.
لە بارەی فیلمەكە ناومی دەڵێ: من هەست بە شانازییەكی زۆرەوە دەكەم كە هەڵبژێردراوم بۆ ئەم رۆڵە، چونكە لە سەرتاسەری جیهان دیانایان خۆشدەوێ، من هەمیشە هەوڵ دەدەم ئەو رۆڵە بە تەواوی ببینم لە سینەمادا.
زۆر لە چاودێران پێشبینییان دەكرد فیلمەكە لە هەموو روویەكەوە سەركەوتنێكی بێ وێنە بەدەست بهێنێت، بەڵام لە یەكەم هەفتەی نمایشكردنیدا بە یەكێك لە فیلمە ناسەركەوتووەكان هەرژمار كرد و لە كۆتایی لیستی ئەو فیلمانەدا هات كە زۆرترین قازانجیان كردووە و دوای نمایشكردنی لە ٣٨ هۆڵی سینەمایی توانیی تەنیا بڕی (64،٩) هەزار دۆلار كۆبكاتەوە و لە ریزبەندی 34مین هات، ئەمەش نیگەرانییەكی زۆری لای ناومی درووستكرد.
ناومی بیر لە خۆكوشتن دەكاتەوە
لە لێدوانێكی سەیر و سەمەرەدا ناومی ئاشكرای كرد كە لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا بە جددی بیری لە خۆكوشتن كردۆتەوە، لەم بارەیەوە ناومی بە گۆڤاری (تاتش)ی ئەڵمانی راگەیاند: من هەمیشە هەوڵمدەدا رۆڵێكی باشم لە بواری نواندندا هەبوو، بەڵام ئەو كات ئەم دەرفەتەم بۆ نەرەخسا، بۆیە كاریگەرییەكی زۆر سەختی لەسەر ژیانم هەبوو بە جۆرێك نەمتوانی بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرم، بۆیە بیرم لەوە كردەوە كە خۆم لە شوێنێكی بەرزەوە هەڵدەمە خوارەوە، بەڵام ئێستا ئەم بابەتە زۆر گرنگی نەماوە لە ژیانی بۆیە ئێستا هەموو گرنگیك بە ژیانی خێزانم دەدەم، لەبەر ئەوەی هەموو رۆژێك هەوڵ دەدەم كارێكی باش ئەنجام بدەم بەتایبەتی لەبارەی دایكایەتی سەركەوتوو بم.