یەڵدا عەباسی: ئافرەتانی كورد دەتوانن داهێنان لە مۆسیقادا بكەن
یەڵدا لەدایكبووی شاری شێروانەو لەتەمەنی پێنج ساڵیدا بەشداری لەنواندندا كردووە، لەم بارەیەوە دەڵێ: بەر لە شۆڕشی ئیسلامی دایكم لە رادیۆ و تەلەفزیۆن كاری دەكرد، یەكەم ئەزموونی هونەریم لە تەمەنی پێنج ساڵی بوو، ئەویش فیلمێكی مۆسیقی بوو لەدەرهێنانی دایكم، دواتر لەتەمەنی یازدە ساڵیدا رووم لە ژەنینی ئامێری دووتار كرد لەسەر دەستی چەند مامۆستایەكی بە توانا لەو بوارە وەك ماجد ئەحمەد و هەردوو برا رەمەزان و مامۆستا فەرید، ئێستا لە ژەنینی ئەم ئامێرە و سوپاس بۆ خوا كە تێیدا سەركەوتووم، لەمەشدا رۆڵی سەرەكی بۆ دایكم دەگەڕێتەوە كە رێگای پێنیشاندام و هاوكاری كردم و تا ئێستاش بەردەوامە لە هاوكاری كردنم، هەروەها ناكرێ رۆڵی باوكیشم لەیاد بكەم.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بواری مۆسیقا یەڵدا دەڵێ: مۆسیقای كۆن و رەسەنی لەخوێنمدایە و من لەگەڵی ژیاوم، بۆیە بواری مۆسیقام هەڵبژارد لە نێو چەندین بواری دیكە، هەروەها هەوڵدەدەم لە رێگای هونەرەكەمەوە مۆسیقای دەڤەرەكەم بپارێزم و پەرەی پێبدەم، چونكە جەماوەری ئەم مۆسیقایە زۆرە لە نێو كوردانی خوراسان و هونەرمەندانیش خەبات دەكەن لەم پێناوەدا، هەروەها وەك كچێك سەرەڕای ئاستەنگەكان دەمەوێ ئەوە بسەلمێنم كە ئافرەتی كورد لە بواری هونەردا دەتوانن داهێنان بكەن، دیارە ئاستەنگی زۆر بۆ ئافرەتان درووست دەبێت لە بواری هونەر وەك پێنەدانی مۆڵەتی گۆرانی وتن بە تەنیا و چەندین ئاستەنگی دیكە، بەڵام دەتوانن بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بدەن و لەگەڵ هونەرمەندە مەزنەكان گۆرانی بڵێن. دەبێ ئەوەش باس بكەین كە زۆر لە ئافرەتان هەن توانیویانە لەگەڵ گرووپە هونەرییەكان شان بە شانی پیاوان كاری مۆسیقا بە باشی ئەنجام بدەن و شوێن پەنجەیان دیارە.
پاراستنی كەلتوور و زمانی كوردی یەكێك بووە لە كارە سەختەكانی كوردانی خوراسان لەم بارەوە یەڵدا دەڵێ:- لە ئاهەنگ و زەماوەندەكان گۆرانی و موزیكمان بە زمانی كوردی بوو، ئەمەش رۆڵێكی باشی هەبوو لە پاراستنی زمان و هونەر و كەلتووری خۆمان بە درێژایی ئەو ماوەیە تا بە ئێستا دەگات، ماوەیەكی زۆر لە نووسین بە زمانی كوردی دابڕا بووین، بەڵام ئێستا نووسین بە زمانی كوردی دووبارە پەیدا دەبێتەوە، هەروەها ئافرەتانمان كە فەرش و جلوبەرگ و كەلوپەلی ماڵەوەیان درووست كردووە هەموویان مۆركی كوردییان پێوە بووە بە جۆرێك وای لێهاتووە جلوبەرگ و كەلوپەلەكانمان لە ناوچەی خوراسان ناسراو بوون، بە شێوەیەكی گشتی سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا هاتۆتە پێشمان، بەڵام بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك توانیمانە هونەرو كەلتووری رەسەنی خۆمان بپارێزین و لەپێشخستنی بەردەوام بین.
لەكۆتاییەكانی ساڵی رابردوو ناوەندی كەلتووری و هونەری ڤەژین خەڵاتی بەڕووی زێڕینی ساڵانەی خۆی بەخشییە یەلدا لە میانەی ئاهەنگێك كە لە شەوی یەڵدا لەشاری مەریوان سازكرابوو. لەو رێوڕەسمەدا نووسەر، شاعیر، چالاكانی كەلتووری و هونەریی ناوچە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئیلامەوە تا ماكۆ بەشدار بوون.
دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە، یەڵدا عەباسی رایگەیاند، زیاتر كار لەسەر پەرەپێدانی كەلتوور و هونەری كوردی دەكات.
ناوەندی ڤەژین، شەش ساڵە خەڵاتی بەڕووی زێڕین كە هێمای خۆڕاگرییە دەداتە كەسێك كە زیاترین رۆڵی لە گەشەپێدانی كەلتوور و هونەری كوردیدا هەبێت. هەروەها لەم رێوڕەسمەدا رێز لەو كەسانە گیرا كە لە كۆڕی شەوی یەلدای ئەمساڵدا، بابەت و شیعر و... هتدیان پێشكەش كردبوو، لەلایەن ناوەندی ڤەژینەوە رێزنامەی تایبەتیی كۆڕەكەیان پێ بەخشرا.
لە ساڵانی رابردوودا هەریەك لە عوسمان هەورامی، هادی زیائەدینی و جەلال مەلەكشا ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە.
لە بنارەكانی زاگرۆسدا بەڕوو رەمزی مانەوە و خۆڕاگری و بەهێزبوونە.