کاوە: ئامانجمە لە رێگای سینەماشەوە خزمەتی گەلەكەم بكەم

کاوە: ئامانجمە لە رێگای سینەماشەوە خزمەتی گەلەكەم بكەم
كاوە یاخود هۆزان یەكێكە لەهونەرمەندە دەنگخۆش و ناسراوەكان نەك تەنیا لەباكووری كوردستان، بەڵكو لەگشت پارچەكانی كوردستان، ئەمەش بە هۆی دەنگە خۆشەكەی و سروودە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی، تا ئێستا چەندین جار سەردانی كوردستانی كردووەو كۆنسیرتی سازكردووەو بە جەماوەری شاد بووە.
كاوە جگە لە گۆرانی توانای نواندنیشی هەیە لەم بارەوە دەڵێ: دیارە، كە سینەمای كوردی سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرەی كە سینەماكارانی كورد دەیدەن و ئەو سەركەوتنەی لەو بوارەوە بەدەستیان هێناوە، وەكو پێویست و لەئاست داخوازی سینەماكاران زۆر پێشنەكەوتووە، ئەمەش لەبەرئەوەی گەلی كورد لەپارچەكانی كوردستان دۆخێكی سەخت تێپەڕدەكەن و خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نین، هەرئەمەش وایكردووە تائێستا بەشداری هیچ پرۆژەیەكی سینەمایی، یان نواندنم نەكردووە.
دەربارەی داهاتووی لە بوارەی نواندن و ئەگەری بەشداریكردنی لە كاری نواندن دەڵێ: لەئێستادا پڕۆژەی فیلمێكم لەبەردەستە، چیرۆكەكەی نووسراوەو ئەكتەرەكانیشی ئامادەن، جگە لەئەكتەرانی كورد بڕیاروایە كە تێیدا چەند ئەكتەرێكی بیانییش بەشداریی تێدا بكەن، بۆ ئەم پڕۆژەیەش پێویستیمان بە هاوكاری ئابوورییە.،فیلمێكەش مێژووییە، باس لە مێژووی كوردستان دەكات و ئەگەر پڕۆژەكەمان دەستپێكرد بێگومان لەباشووری كوردستان زۆربەی كارەكانی ئەنجام دەدەین.
سەبارەت بە رۆڵی خۆی لەو فیلمە دەڵێ: من پێموایە گرنگی لەوەدا نییە كە من رۆڵی تێدا ببینم، یاخود چ رۆڵێكم پێ دەسپێردرێ، بەڵكو ئەوەی زیاتر بە لای منەوە گرنگە ئەو پڕۆژەیەیە كە ئێستا لەسەری كاردەكەین، سەربكەوێت و ئامانج و پەیامی خۆی بگەیەنێت، بۆئەوەی خزمەتی گەلەكەمان لە بواری سینەماشەوە بكەین.
Top