نارین فەقێ: دووبەرەكی خەونەكانمان بەتاڵ و دڵی دوژمنانمان خۆش دەكات

نارین فەقێ: دووبەرەكی خەونەكانمان بەتاڵ و دڵی دوژمنانمان خۆش دەكات
نارین فەقێ خەڵكی شاری دێركا حەمكۆیە لە رۆژئاوای كوردستان، كچی هونەرمەند (جودی)یە و ماوەی چەند ساڵێكە لە سوید نیشتەجێیە، تا ئێستا چەند ئەلبوومێكی بڵاوكردۆتەوەو جگە لە كرمانجی بە سۆرانیش گۆرانی وتووە، دوایین كاری هونەریی بەشداریكردنی بوو لەسیمفۆنیا شنگال كە لەلایەن مامۆستا دڵشاد محەمەد سەعیدەوە ئامادە كراوە. نارین وەك كچە هونەرمەندێكی كوردستانی كە بەشداری ئەم كارە نیشتمانییە گەورەی كردووە، دەڵێ: دوژمنانی كورد ئێمەیان پارچەپارچە كرد بۆ ئەوەی بەهەموو شێوەیەك رێگر بن لەیەكبوون و یەكگرتنی ئێمە، چونكە باش دەزانن ئێمەی كورد تەنیا بە یەكگرتوویی و بە پتەوبوونی ریزەكانمان بەرامبەر بەدوژمنان دەتوانین سەركەوین و بەئاواتەكانمان بگەین، بۆیە یەكگرتن و یەكڕیزیی نەتەوەكەمان ئاواتی هەموو كوردێكەو ئێستا لەهەر كاتێك زیاتر پێویستە، هەروەها ناكۆكی و دووبەرەكی خەونەكانمان بەتاڵ دەكات و تەنیا دڵی دوژمنانمان خۆش دەكات، بۆیە دەڵێم ئێستا لەهەر كاتێك زیاتر یەكدەستی و یەكبڕیاریی كورد پێویستە بۆ ئەوەی دڵی خۆمان و دۆستەكانمان خۆش بكەین و خەونی دوژمنانمان لەگۆڕ بنێین. دەربارەی دوایین كاری خۆی كە بریتی بوو لەسیمفۆنیای شنگال، نارین فەقێ دەڵێ: ئەمە جاری یەكەمە لە مێژووی هونەری كوردیدا بەرهەمێكی سیمفۆنیا بەو شێوەیە ئامادە بكرێت و بڵاوبكرێتەوە بە بەشداری 13 هونەرمەندی ناسراوی هەموو پارچەكانی كوردستان، هیواداریشم ئەمە جاری یەكەم وكۆتایی نەبێت، چونكە هونەری كوردی پێویستی بە ستایلی كلاسیكی و سیمفۆنیا هەیە.
Top