دیانا كەڕەزۆن: پێویستە جیهان شانازی بە پێشمەرگەوە بكات

دیانا كەڕەزۆن: پێویستە جیهان  شانازی بە پێشمەرگەوە بكات
خانمە هونەرمەندی ئوردونی دیانا كەڕەزۆن كە دایكی بە رەچەڵەك كوردی باكووری كوردستانەو ماوەیەكی زۆرە لە ئوردون گیرساونەتەوە، یەكەمین براوەی بەرنامەی (سوبر ستار العرب) بووەو هەفتەی رابردووش بە سەردانێكی چەند رۆژی لەهەولێر بۆ تۆماركردنی گۆرانییەكی نوێی بە زمانی كوردی و بە هەردوو شێوەزاری بادینی و سۆرانی كە لە ئاواز و هۆنراوەی هونەرمەندهەڵكەوت زاهیرە ئامادە بوو. بەم بۆنەیەوە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەییدا كە بەئامادەبوونی هونەرمەند هەڵكەوت زاهیرو بەرهەمهێنەری هونەری ئەحمەد ئەلكوردی ئەنجامیدا، دیانا كەڕەزۆن تیشكی خستە سەرئەم سەردانەو دوایین بەرهەمی خۆی.

لە دەستپێكی قسەكانیدا كەرەزون وتی: پێشمەرگەی كوردستان لەجیاتی هەموو كوردستان دژی تیرۆرو تیرۆریستان شەڕدەكەن، لەشكرێكی وەك پێشمەرگەی كوردستان كە سەركردەكەیان خۆی پێشمەرگەیەكی قارەمان بێت و لە ریزی پێشەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان، بێگومان ئەو پێشمەرگانەی لەژێر فەرمانی ئەویشن قارەمان و گیانفیدان بۆ پاراستنی خاك و وڵات بۆیە پێویستە هەموو جیهان شانازی بە پێشمەرگەی كوردستان و سەرۆكەكەیانەوە بكات و بە رێز و تەقدیرەوە لەو خەباتەیان بڕوانێت.
دیانا كەڕەزۆن ئەوەشی روون كردەوە كە ئەمە یەكەم سەردانی نییە بۆ كوردستان و بێگومان دوایین سەردانیشی نابێت، هەروەها پێشتر بە زمانی كوردی لە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوە گۆرانی وتووە، بەڵام یەكەمجارە بەشێوەیەكی فەرمی بەزمانی كوردی گۆرانی تایبەت بەخۆی دەڵێت، وتیشی: سوپاس بۆ خوا كە بە شایەدی كاك هەڵكەوت توانیم زوو هۆنراوەكە بەبێ هیچ گرفتێك بە دەنگی خۆم بڵێمەوە، گۆرانییەكەش بەناوی (خاكی شیرین) ـەو دابەشكاری موزیكی لەتوركیا بۆ كراوەو بەم زوانە بڵاودەبێتەوە .
پێشتر زۆر باس لەوە كراوە كە دیانا كەڕەزۆن بە رەچەڵەك كوردە، لەم بارەوە دیانا وتی: بەڵی، من دایكم كوردی باكوورەو بە ڕەچەڵەك خەڵكی شاری (ئامەد)ـە، شانازی بە كوردبوونی دایكمەوە دەكەم و خودی دایكیشم هانم دەدات بۆ ئەوەی بە كوردی گۆرانی بڵێم، لەكاتێكدا دایكم و خوشكەكانم و خۆیشم نازانین بە كوردی قسە بكەین. دایكم زۆر زۆر خۆشحاڵ بوو كە سەردانی كوردستانم كردووە بۆ تۆماركردنی گۆرانییەك بە زمانی كوردی، بەڵام من خۆیشم هەمیشە لەپلانمدا هەبووە گۆرانییەك بە زمانی كوردی تۆماربكەم و ئێستا ئەو دەرفەتەم بۆ رەخساوە و نامەوێ لەدەستی بدەم، پەیامی من لەم گۆرانییەدا بریتییە لەپەیامی پەیامی خۆشەویستی بۆ خاك و وڵاتی كوردستان و رەنگەكانی ئەم ئاڵایە.
سەبارەت بەكارەكانی داهاتووشی بەتایبەتی وتنی گۆرانیی نوێ بە زمانی كوردی كەڕەزۆن وتی: بێگومان ئەمە نابێتە تاكە گۆرانی كوردی، بەڵكو لەپلانمدایە جگە لەپێشكەشكردنی چەند بەرهەمێكی دیكە بە زمانی كوردی، هیوخوازم بتوانم ئەلبوومێك بە زمانی كوردی بڵاوبكەمەوە، هەروەها بەنیازم لەگەڵ خانەوادەكەم بەردەوام كە دەرفەتمان هەبێت سەردانی كوردستان بكەین، بەتایبەتی لەجەژنی نەورۆز. بیرمان لەوەش كردۆتەوە خانوویەكك لە هەولێر بكڕین و ژیانی خۆمان لەنێوان عەممان وهەولێر بەسەر ببەین، هەروەها لە بەرنامەمدایە لە ئایندەدا و لەمیانەی سەردانە بەردەوامەكانم بۆ هەرێمی كوردستان سەردانی چەندین شار و شارۆچكەی هەرێم بكەم و بە گۆرانی یادی ئەو كارەساتانە بكەمەوە كە بەسەر ئەم وڵاتەدا هاتووە.
سەبارەت بە فێربوونی زمانی كوردی لەئایندەدا دیانا وتی: سوپاس بۆ خوا لە یەكەم ئەزموونی هونەریمدا توانیم بە هەردوو شێوەزارەی سۆرانی و بادینی گۆرانی بڵێم و تا راددەیەكی زۆر تێیدا سەركەوتوو بم، بێگومان هیواخوازم بە تەواوی فێرە زمانی كوردی بم و لەو رووەوە هەوڵێكی زۆر دەدەم، ئێستا سەنتەرێكی رۆشنبیری تایبەت بە كوردان لە ئوردون هەیە، رەنگە لەو شوێنەدا دەرفەتم زیاتر هەبێت بۆ فێربوونی زمانی كوردی، دایكم هیچ كاتێك رەچەڵەكی خۆی لەبیر نەكردووەو هەموو سیفەتێكی كوردی تیادایەو نەیهێشتووە ئێمەش لەبیری بكەین، چونكە ساڵانە لە نەورۆز نێوماڵ بە ئاڵای كوردستانەوە دەڕازێنێتەوە و ئاهەنگ بۆ ئەم یادە دەگێڕین.
سەبارەت بە دەستگیركردنی خوشكی لەلایەن پۆلیسی ئوردون و پێوەندی بە ئەوەوە دیانا وتی: خوشكم یەكێكە لە چالاكە هەرە دیارەكانی سناپ چات و لە ئوردن ناسراوە، بەڵام لە هەموو شوێنێك یاساو رێسا و رێنمایی تایبەت هەیە كە پێویستە هاووڵاتیان پێوەی پابەندبن، دیارە خوشكم سەرپێچی كردبوو، بۆیە وەك هەر هاووڵاتییەكی ئوردنی سزای خۆی وەرگرت، ئێمەش رازی بووین بە بڕیارەكەی دادگا، رەنگە هەندێك كەس هەوڵیاندابێت ناوی من بخەنە نێو بابەتەكە بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان كە زیان بە من بگەیەنن، بەڵام بابەتە لە دوور و نزیكەوە پێوەندی بە منەوە نەبووە.
Top