مێگان فۆكس: رقم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە
مێگان فۆكس دەربارەی هۆكاری دووركەوتنەوەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێ: هۆكاری دووركەوتنەوەم لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر رقم لێیەتی، چونكە شێوازی وەرگرتن و بیستنی بیروڕای هەڕەمەكی خەڵك كارێكی زۆر زەحمەتە. وتيشی: من زۆر گرنگی بە رای خەڵك نادەم، چونكە هەر كەسێك رای تایبەتی هەیە سەبارەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پێویستە بتوانی كە گرنگی بەو شتانە نەدەی كە زیانن بۆ هەستی تۆ و ببێتە هۆی ئەوەی كە متمانەت بەخۆت لاواز بێت.
ساڵی 2013 مێگان بڕیاریدا كە ئەكاونتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دابخات، هەرچەندە زیاتر لە (250) هەزار كەس لە یەك هەفتەدا سەیری ئەكاوەنتەكەیان كردبوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی ئەكاوەنتەكەی دانەخات. لەو بارەشەوە دەڵێ: پێنج رۆژ لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بووم، بەڵام نازانم سوودی چی بوو؟ دوای دوو رۆژ لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە 33 ملیۆن كەس چاودێری دەكەن، نووسیبووی: من ناتوانم لەسەر شتێك بەردەوام بم، كە رقم لێی بێت.
لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بە پێوەندی هاوڕێیەتی لەنێوان ئافرەتان، مێگان لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فیمیل فیرست وتی: زۆر زەحمەتە پێوەندی هاوڕێیەتی لە نێوان ئافرەتان هەبێت، چونكە لە ركابەرێتییەكی بەردەوامدان بۆ ئەوەی خۆشەویستی پیاوان بەدەست بهێنن و خودی كۆمەڵگا ئافرەتان ناچار دەكات كە لە ركابەرێتیدا بن بۆ بەدەستهێنانی دڵی پیاوان، بۆیە زەحمەتە ئافرەت هاوڕێیەكی ئافرەتی هەبێت كە تەواوی گرنگی خۆی بەو ئافرەتە ببەخشێت.
سەبارەت بەو رۆڵانەی كە لە فیلمەكان دەیبینێت، مێگان دەڵێ: من بۆ خۆم رۆڵ دیاری ناكەم، بەڵكو دەرهێنەر و هەندێك جار بەرهەمهێنەران ئەكتەر هەڵدەبژێرن بۆ رۆڵێكی دیاریكراو، هەر رۆڵێك دەرهێنەر بە منی بسپێرێت من ئامادەییم هەیە بۆ بینینی، تەنانەت ئەگەر رۆڵی دراكۆلاشم پێ بسپێردرێ ئامادەم بیبین و زۆریش خۆم بۆی ماندوو دەكەم، بەڵام بەر لە هەر شتێك پێویستە رۆڵەكە بە باشی بخوێنمەوە، چونكە منیش مرۆڤم و تووشی گرفتەكانی ژیان دەبمەوە و هەست بە توڕەیی دەكەم و زۆر جاریش هەوڵ دەدەم بەشێك لەو توڕە بوونەم كەم بكەمەوە.
سەبارەت بەو كەسەی كە بە پێشەنگی خۆی دەزانێت مێگان وتی: هەر هونەرمەندێك كەسێك بە پێشەنگی خۆی دەزانێت لە ژیان و هەوڵ دەگات بە ئاستی ئەو و لەسەر هەمان رێچكەی هەنگاو دەنێم، زۆر كەس پێیانوابوو كە مارلین مۆنرۆ پێشەنگی منە، بەڵام من هیچ كاتێك ئەوم بە پێشەنگی خۆم نەزانیوە، چونكە مارلین مۆنرۆ هیچ كاتێك بە هێز نەبووە و چیرۆكی ژیانی زۆر ئاڵۆز بوو و زۆر شتی شاراوەی تێدا هەبووە كە بۆ ئەو كات و ئێستاش ئاشكرا نەبووە و بە نهێنی ماونەتەوە، ئەكتەرێك بوو كە ناكرێ پشتی پێ ببەسترێ و جێگای متمانە نەبووە.
سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی مێگان فۆكس زۆر شتی نهێنی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: من بە رەچەڵەك فەرەنسی و ئێرلەندیم و لە خانەوادەیەكی دینداری كریستیان پەروەردە كراوم، رەنگە بۆ زۆر كەس سەیر بێت، بەڵام من زۆر لە فڕۆكە و تاریكی دەترسم و زۆر جار تووشی دوودڵی و دڵەڕاوكێ و بڕوا نەبوون بەخۆم دەبمەوە، بۆیە زۆریش لەوە دەترسم ژیانم وەكو مارلین مۆنرۆ كۆتایی پێ بێت، بەڵام بۆ سەركەوتن لە ژیان پشت بە خۆم دەبەستم، رۆژانەش كتێب دەخوێنمەوە و سەیری چیرۆكەكانی ئەنیمەیشن و یارییە ئەلیكترۆنی دەكەم.
سەبارەت بە پڕوپاگەندەش دژی ئەكتەرانی هۆڵیۆد مێگان فۆكس دەڵێ: یەكێك لەو شتانەی كە زۆر لێی دەترسم وێنەگرانی باباراتزییە، چونكە زۆر بێ زەییانە بەرامبەر بە كەسایەتییە ناسراو و ناودارەكان رەفتار دەكەن و ئامادەن هەر شتێ بكەن، تەنیا بۆ ئەوەی وێنەكانیان لە زۆرترین شوێن بڵاوبكرێتەوەو ناوبانگ بەدەست بهێنن، بێ ئەوەی گوێ بە ناوبانگ و كەسایەتی ئەو هونەرمەندانە بدەن، بە هەمان شێوە هەندێك لە گۆڤارو رۆژنامەكانیش لەكاتی بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست سەبارەت بە ئەكتەران گوێ بە هیچ شتێك نادەن، بۆیە من زۆر لەو جۆرە وێنەگر و میدیایانە دەترسم و تووشی شڵەژان دەبم كاتێك دەبینم كەسێك چاودێری من دەكات بەتایبەتی لەكاتی وێنەگرتن و لەشوێنە گشتییەكان و حەزناكەم دەربكەوم لەپێش كامێراكانەوە بە شێوەیەك كە من پێی رازی نەبم.
مێگان بەوە تاوانبار كراوە كە خۆی برسی كردووە بۆ ئەوەی كێشی لەشی دابەزێت، لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەم قسە بە هیچ شێوەیەك راست نییە، چونكە من رۆژانە پێنج جار نان دەخۆم، بەڵام بەشێوەی پچڕ پچڕ و بە هیچ شێوەیەك ریجیمێكی دیاریكراو پیادە ناكەم لە خۆراكی رۆژانەمدا، بەڵكو زیاتر گرنگی بە خواردنی رووەكی و روونی ماسی دەدەم و لە بەرهەمەكانی ماست و شیرەمەنییەكان دووردەكەومەوە.