ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە.... ئەحمەد سالار (كۆرەوی گەلێگ) 2
: ئەرێ بەرەو كوێ دەچین؟
: ئەم رێگایەی شارباژێر، راستەوخۆ دەمباتەوە سەر پێنجوین، بەڵام جارێ زۆری ماوە.
رێگاكە زۆری خایاند، چەند جارێك پاسەكە پەكی دەكەوت و بە پاڵ دەمانخستەوە كار. دەمەو ئێوارە گەیشتینە (ناڵپارێز) لە ناو قەدی هەورازەكەوە بەدوادا هاتە خوارەوەو هێندەی نەمابوو بكەوێتە ناو چەمەكەوە كە هەرچۆن رووبارێكی بەخوڕی لێهاتبوو، خوا كردی تاوێرە بەردێ راگیری كرد، ئیدی پێویستی دەكرد راكێشرێتە سەرەوە، دوو سێ لۆری راوەستابوون، چوون داوایان لێكردن فریامان كەون و بە لۆرییەكەیان پاسەكەمان بۆ راكێشنە سەرەوە، وەرامیان نەداینەوە، ناچار (كاك سەردار)ی برام دەستیدایە بڕنەوەكەی من و هاواری لێكردن: ئەمڕۆ كاتی یارمەتییە، بەڵام دیارە ئێوە كورد نین. ئیدی ملی تفەنگی لێڕاكێشان، ئەوسا ناچارمان هاتن بەلامانەوە. بە هەر شەڕەشەقێ بووبێ گەیشتینە شاری پێنجوین، بێگومان جارانی شار، چونكە ئەویش وەك هەزاران شوێنی دیكەی كوردستان خاپووركرابوو، كات چێشتهەنگاوبوو، بە درێژای ئەو رێگایەی دەچووە سەر مەرزی بانە خەڵكەكە بڵاوببوونەوە، ئاگری چالێنانیان بە چیلكە و چەواڵ كردبوویەوە، ئێمەش وەك ئەو خەڵكە لاماندابوو، خاڵۆژنە (حەفسە)م نانی تیری گەرم و گوڕی بۆ ئامادە كردین و بە چای شیرینەوە خواردمان. لەگەڵ كاك (بەختیار سیامەنسووری) كەمێك بەناو خەڵكەكەدا گەڕاین و چەندین دۆست و برادەرانمان بینی. كەوتینەوە رێ، كاتێ گەیشتینە نزیكی مەرزەكەی بانە، تاریكی كردو بارانیش كەوتەوە لێزمەو تۆفی كرد. ئەو شەوەمان لە ناو پاسەكە بەسەربرد، ئیدی بۆ رۆژی دوایی لەیەكدی دابڕبووین، ژمارەیەك لە ئەفسەرەكان بە پاسەكەوە چوونە سەر مەرز، گوایە ئاسانكارییان بۆ دەكەن، ماڵی خوشكەكەشمیان تیادابوو، كاك(بەهادین)ی زاوام، لەو ئەفسەرانە بوو، كە كاتی خۆی لە بارەگای لقی (بەعس) كۆی كردنەوەو پێی گوتن ئەوەی نابێتە بەعسی با هەستێتە سەرپێ و دەبێ چاك بزانی كە دەبێ بە ئاكامەكەی قایل بێ، یەكەم كەس هەستاو گوتی نابمە بەعسی، ئەو ئەفسەر كوردە بوو، وابزانم تەنیا بوو.
دیاربوو بە هەمان پاس بردبوونیانە (سنە)و لە (میهمان سەرای) بەماڵ و منداڵەوە بۆ ماوەی یەك ساڵ دەربەدەر بوون، پاش ئەوەی كەوتمە سۆراغیان چارەنووسیانم زانی و لە نووسینگەی پارتی لە شاری (بانە) لای هەڤاڵ (دكتۆر جەمال) بروسكەیەكم لە بارەیانەوە ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد.
ماوەیەك لەسەر مەرزەكە ماینەوە، بە نایلۆن كەپرێكمان دروستكرد، ئەو چەند شەوە لە سەرماو سۆڵەو شەستەباران پاراستینی. ئەو شوێنە پڕبوو لە رەوە بەراز، بە رۆژ شوێن لمۆزو شفرەیان دیاربوو كە رەگی رووەكەكانیان خواردبوو، ئەو ماوەیەمان بە شەڕەشەق گوزەران، خەڵكەكەش بە لێشاو خۆیان بەو دیودا دەكرد، ئێمەش ناچارماین، باڵندەیەكی (كەناری)مان بە قەفەزێكی جوانەوە لەلا دانرابوو، گیرمان خواردبوو پێوەی، خاڵۆزاكەم وتی: ئەڵێی چی، ئەم باڵندەیە بدەم بەو ئەفسەرە، بەڵكو راییمان بكات؟
: زۆر چاكە، پێشی بڵێ، ئەمە لە(رۆمانیا)وە هێنراوەو لەو جۆرەیە كە پێی دەڵێن مامۆستا، كە حەڤدە جۆر ئاواز دەخوێنێ. پێی وت و ئیدی كارەكەمان مەیسەر بوو، خراینە پشتە پیكابێكی سەربازییەوەو خۆشمان نازانین بەرەو كوێ سورار بووین، ئەوە بارانیش بە باوە كارێكمان پێدەكات هەر مەپرسە. نزیكەی سەعاتێ رۆیشتین و تاریكی كردبوو، كردینی بە ئۆردوگایەكی سەربازیداو وێرانەیەك بوو، بارانەكە بوو بە بەفرو كڵۆ كڵۆ بەسەرمانەوە دەنیشتەوە، تیادا مابووین چی لە منداڵە ساواكانمان بكەین، هەمووشیان تووشی سكچوون ببوون، وەك شێت دەهاتم و دەچووم، بڕوا بكەن حەسوودیم بەوانە دەبرد كە هەرنەبێ پارچە نایلۆنێكیان پەیداكردووەو بەسەریاندا داوە، لەم گێژاو و سەرلێشێواویەدا بووم، یەكێ بانگی كردم: كاك ئەحمەد سالار، ئەوە خێرە بۆ وا شپرزە بوویت? بەرەو كابراكە چووم، لەبەر تاریكی بەفر بارینەكە جوان نەمدەناسییەوە.
: كاكە گیان لێمان قەوماوە، منداڵی ساواو شیرەخۆرمان پێیە.
: هیچ خەم مەخۆ، فەرموو بیانهێنە، هێنامان و دوای ئەو فریادە كەوتین، بردینیە لای پیكابێك كە بە چادر داپۆشرابوو، لای پشتەوەی بۆ لاداین، ناوەكەی بە فەرش داخرابوو، هەمووان سەركەوتین، بەڵام جێگای من و بەختیار نەدەبوویەوە. وتمان گرنگ ئەوانن. پاشان ئەو بەڕێزە چوو پشتی قەمەرەیەكی هەڵدایەو دەستەوارەیە نانی تیری بۆ هێنانین. ئەگەر زەینم سەرم لێنەشێوێنێ، ئەو جوانمەردە ناوی (شێخ عومەر) بوو، جارێك بینیمەوە (مفەوز)بوو، شۆفێری بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بوو، خودا چاكەی ئەو چاكەكارییەی بداتەوە. بەفرو سەرماكە تەنگی پێهەڵچنین و روومان كردە ئاگرێك، تایەی لۆری بوو ئاگریان تێبەردابوو بەچیچكانەوە وەك ئەو خەڵكە بە دیار ئاگرەكەوە دانیشتین، جاروباریش پشتمان تێدەكرد، دیاربوو كاكە بەختیار خەوێكی قورس دایگرتبوو، سەری نایە سینگمەوە و خەوت، تاونا تاوێ تینی ئاگرەكە زەینی لێدەسەند و رادەچڵەكی و كەرویشكەخەوی بۆ دەكردەوە، شەومان بردەسەر، كاتێ دونیا رووناك بوویەوە، ببوو بە قولەڕەش، ئەویش لەمنی دەڕوانی و بزە دەیگرت، تومەس منیش بەهەمان مەرە چوومە، خۆمان گەیاندە شێراوێك (ئەوان وایان بە بەلۆعە دەگوت). سابوون نەبوو، بە قوڕ دەموچاو و دەست و پلمان پاك كردەوە، یان سپی كردەوە، تەنیا ددانەكانمان سپی دەچووەوە. لەناو ئۆردوگاكەدا، بنكەیەكی تەندروستی سەربازی هەبوو، كاكە بەخە وتی: بۆ نەچین بە ناوی منداڵەكانەوە داوای دەرمانی كۆخە بكەین.
: فەرموو با بچین.خۆمان كرد بە بنكەكەدا، كاك بەختیار، چ توركیی ئازەری و چ فارسییەكەی یەكاویەك بوو، كەوتە قسە، ئاوڕێكی لێدامەوە.
: لەسەرمێزەكەی تۆپەڵێ خورمای خەستەوی هەیە، بیبەین، یان داوای لێبكەین؟ ئەوە منداڵەكان تێردەكات، ئەگەر یەكێ دوو خورماشیان بەركەوێ. هەر نەبێ بەری دڵیان دەگرێ، داوای كردو كابراش خستییە سەر كاغەزێك و داێی.
سەیرمان كرد فڕكان فڕكانی خەڵكەكە بوو چەند پاسێكیشیان راگرتبوو، خاڵۆزاكەم رووی كردبووە بەرپرسەكەو وتبووی: خێرتان دەگات ئەوە منداڵەكانی ئەحمەد سالار زۆر نەخۆشن، بەڵكە یارمەتی بدەن.
كابراكە گوێی لە ناوی من دەبێ، دەستی خاڵۆزاكەم دەگرێ و دەڵێ پیشانمدە.
كابرای هێنا یەكترمان ناسی، كاك عەبدوڵڵای كوڕی خوالێخۆشبوو (عەبدولقادری دەباغ) بوو كە بەری ماوەیەك هاوسەرەكەی لە (سەقز)ـەوە هاتبوو، ئێمە میوانداریمان كردبوو، ئەو پیاوە ماریفەت و چاكەی نواندو ویستی بمانخاتە نێو ئەو پاسانەوە، بەڵام هەڵپەو لێشاوی خەڵكەكە رێگای نەدەدا، هەتا ئەو دەیویست لە دەرگاوە سەرمان بخات، لە پەنجەرەكانەوە سیخناخیان دەكردو گەلێك پێمانەوە ماندووبوون، ناچار ما تانكەرێكی ئاوی بردبوو، ئەوەی باش بوو جووت كابینە بوو، هەمووانمانی سەرخست و من كاكە بەختیاریش سەركەوتینە سەر تانكەرەكەو خۆمان بە قەپاغەكەی سەریەوە گرت و جامانەكەم لەسەر و گوێلاكم شەتەك دا، كەوتەڕێ و لە بەدبەختی ئێمە بە بارانەوە نەوەستا، كردیە تەرزە و زیادەڕوویی نییە گەر بڵێم هەر دانەیەكی هێندەی چەقالەیەك دەبوو، جگە لەو تۆپەڵە قوڕانەی تایەكانی دواوەی هەڵیدەدایە سەرێ و ئێمەی پێ سواغ دەدا، كاك عەبدوڵڵای دەباغ وتی: كاكە لە بانە كێ دەناسی؟
: هەیە بنەماڵەی حەمە رەشید خان نەناسێ؟ ماڵی جەنابی مەجید خان.
: جارێ لە پێشا دەتانبەمە ماڵی (جەلال بەگی بەهرامی).
: خۆت دەزانی ماڵت ئاوا بێ.
گەیشتینە بانەو كردینی بە كۆڵانێكی بەربڵاوداو لەبەردەم دەرگایەكی دووتاكی دا كە بە سێ پلیكانە بۆی سەردەكەوتی، خانووەكە بە بەرد دروستكرابوو لە دەرگامان دا، كوڕێ گەنج دەرگای كردەوە، دیار بوو منی نەدەناسییەوە، سەیرێكی سەرو فەساڵی قوڕاوی و شێواو و ریشی هاتوومی كرد، وتم با خۆمی پێ بناسێنم.
: كاكە من ئەحمەد سالارم و كاك عەبدوڵڵا ماڵی ئێوەی بۆ هەڵداین.
كوڕەكە كاك (ئەكرەم بەگی) ناو بوو لە ئەنجومەنی ئەدیبانی شارەكە بوو، نەجابەتی خۆی نواندو ویستی دەستم ماچ بكات، منیش هێندە قوڕاوی بووم نەمئەوێرا زۆر باوەشی پێداكەم.
زۆر بەڕێزەوە بردینیە ژوورەوەو ژن و منداڵەكانی بۆ بەشی (حەرەم) بردو من و بەختیار و ئازادی خاڵۆزام بۆ دیوەخانە و سەروپۆشاكو رووی دیوەخانەی پێوە نەبوو.
: قوربان ئەگەر بفەرموون لەو دەستشۆرە كەمێك خۆم خاوێن بكەمەوە.
دیوەخانێكی پۆشتە و پەرداخ بە مافووری ئێرانی رازاوەو دۆشەك داخرا بوو بە پاڵپشتی مافوورییەوە، خێرا رێزە دیژلەمە هات، كاتەكە دەمەو ئێوارە بوو، پرسی: برسیتان نییە؟
كاكە بەخە یەكسەر: ئەرێ وەڵڵا برسیمانە و چەند رۆژە زاد بە زارمان نەكەوتووە.
خێرا بە سینی ماستی تۆراغ و پەنیر و نانی تیریی خۆماڵییان بە چاوە هێنا، فەرموون: ئەوە هەتا شیوی ئێوارە پێدەگات، فەرموون نۆشی گیانتان بێ، ئاهمان پێدا هاتەوە.
ئێوارەش شیویان هێنا، پڵاوێكی جوان بە برنجی سەدری و شلەی كنگر بە بامی و دوو سێ رێز چای بەدواوە هات، كاك ئەكرەم ویستی ئاگاداری رۆشنبیرانی شارەكە بكات، سەردانمان بكەن.
: با ئەوە بۆ سبەینێ بمینێ، بڕوا بكە بە درێژایی چەند رۆژە تاكە سەعاتێ خەو نەچۆتە چاوەكانمان.
ماڵیان ئاوابێ هەریەكەو دەستە نوینێكی جوان و خاوێنیان بۆ راخستین و لێمان گەڕان خەوی خۆمان بكەین، ئێمەش هەر سەرنانە سەر سەرین و خەو لێكەوتنمان یەك بوو، ماڵیان ئاوابێ.