شایی عوسمان: بۆ ئەوەی دڵی باوکم نەشکێت پێموت حەز دەکەم ببم بە دکتۆر

شایی عوسمان: بۆ ئەوەی دڵی باوکم نەشکێت پێموت حەز دەکەم ببم بە دکتۆر
شایی عوسمان لەدایكبووی شاری سلێمانییەو خوێندەڤانی پۆلی دوانزەی ئامادەییەو لەبوارەكانی فۆتۆمۆدێل وفاشیۆن و رێكلام كاردەكات، وەك ئەكتەریش بەشداری فیلمی (بازاڕی كۆنەفرۆشان)ی دەرهێنەر(لوقمان غەریب)ی كردووە، سەرەتا وەك كۆمبارس لە دراماكانی شەوانی رەمەزانی كوردسات دەركەوت. لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

ئا/ زیاد کەریم

* منداڵیت چۆن بووە؟
- وەك دایكم باسی دەكات، منداڵێكی پاك و خاوێن و زۆر فەقیر بووم، بەڵام ئێستا وانیم زۆر عەجووڵم.
* عەجولییەكەت بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- حەز دەكەم دەست بدەم لەهەموو شتێ، لەهەموو شتێك بزانم، بۆ نموونە ئەو پەرداخە بۆچی ئاوا دانراوە، بۆیە عەجوولییەكەم دەگەڕێتەوە بۆ حەزی زانینەكانم.
* دەگوترێ باوكی كۆچكردووت حەزی دەكرد ببی بە دكتۆر، تۆش حەزت دەكرد ببی بە پەرلەمانتار، ئەوە تا چەند راستە؟
- ئێستەش بیرم دێت بە منداڵی لەتەنیشت خۆیا دایدەنیشاندم و دەیگوت: شایی رۆژێك دێت تۆ دەبی بە دكتۆر، حەزت لە دكتۆری هەیە؟ ئەو كاتەش دەمزانی دڵشكان چییە، لەبەر ئەوەی دڵی نەشكێ، دەموت بەڵێ باوكە حەزم لێیە، بەس هیچ كاتێك حەزم لەدكتۆری نەبووە، هەمیشە حەزم لێ بووە ببم بە پەرلەمانتار، لە ئێستاشدا هیچیان بەدی نەهاتووە، دوور لە هەردووكیان، كاری هونەریم هەڵبژارد، بەڵام دەتوانم لەئایندە یەكێكیان بەدەست بێنم.
*جگە لەهونەر، یاریزانێكی باشی یاری بالە بوویت، بۆچی بالە؟
- نازانم شتەكانی ژیانی من زۆربەی رێكەوتە، رێكەوتە لەو بوارەدا باش بووم، نازانم بەس تۆپم خۆش دەوێ، تۆپ و كامێرا ئەو دوو شتە بێ هەستەن كەوا هەمیشە لەدڵمدان، كامێراو تۆپ دوو شتن كە قسەت بۆ ناكەن، بێ هەستن، بەڵام خۆشەویستییەكی زۆریان هەیە لای من .
* بەمنداڵی گۆرانیت وتووە، بۆ وەك گۆرانیبێژێك دەرنەكەوتی؟
- ئیستاش زۆر حەزم لە گۆرانیوتنە، بەڵام هەركاتێ كە گۆرانیم وتووە، وتوویانە ماشەڵا دەنگت زۆر ناخۆشە.
* یەكەم دەركەوتنت لەدراما بە كۆمبارس بوو؟
- بەڵێ، لەكۆمبارسەوە دەستم پێكرد، لەشەوانی رەمەزان كە لە كوردسات پێشكەش دەكرا. ئەو كات سەرەتای كاركردنم بوو، رۆڵی سەرەكییان پێ نەدام.
* یەكەم فیلم كە بەشداریت تێدا كرد(بازاڕی كۆنەفرۆشان) بوو، كە هێشتا نمایش نەكراوە، رۆڵی كچێكی هارو هاجت بینیوە بەناوی رێزان، كە هاوكاریی كەسێك دەكەی تا بگا بە خۆشەویستەكەی؟
- راستە وایە، سەرەتا كاك (لوقمان غەریب)ی دەرهێنەر، پێوەندی پێوەكردم و وتی: فیلمێكم هەیە ئەمەوێ بەشداربیت. كاتێ دەقەكەی پێدام، وتی: رێزان كارەكتەری تۆیە، كاتێ خوێندمەوە بینیم رێزان كارەكتەرێكی هاروهاجە، زۆر خۆشحاڵ بووم، راستە دەركەوتنم زۆر نەبوو، بەڵام بەناو و كارەكتەرەكە خۆشحاڵ بووم، چونكە خۆم زۆر سەرسامم بە(رێزان فەرەج)ی ئەكتەر، زۆر جوان ئەدا دەكات، زۆر زۆر موعجیبیم، كاتی كەوای پێ وتم، زۆرم پێ خۆش بوو، چونكە وتم لەیەكەم دەركەوتنم ئەو رۆڵەم پێ بدرێ، ئەوە رێك كەسایەتی منە.
* حەز دەكەی لەمەودوا بە ڕێزان بانگت بكەن؟
- بۆ نا، بەخۆشحاڵییەوە، لەوانەیە ڕێزان ببێ بەنازناوی من.
* دوای نواندن، فۆتۆمۆدێل و فاشیۆن هاتنەپێش، كامەیان پێش كامەیان بوون؟
- دەتوانم بڵێم هەردووكیان بەیەكەوە بوو، چونكە تا فۆتۆمۆدێلم نەكرد، نەمتوانی فاشن بم، فۆتۆمۆدێلیش هەر بەڕێكەوت بوو، رۆژێك فۆتۆگرافەرێكی بەڕێز پێوەندی پێوەكردم، وتی: ئەمەوێ كاری مۆدێلم بۆ بكەی، وتم زۆر ئاساییە، بیرمە یەكەم مۆدێلم وەرزی زستان بوو، كەش زۆر ساردبوو، یەكەم مۆدێلم لەگەڵ كاك (بڕوا) كرد.
* لە مۆدێلەكان شایی بە جلوبەرگی جیاواز دەردەكەوێت، رەنگە هەندێ كەس بەدڵیان نەبێ، ئایا رووبەڕووی كۆمینتی ناخۆش نەبوویتەوە؟
- بێگومان هەركەسێك كە دەست بەكارێك دەكات، مەرج نییە هەموو كەسێك بەدڵی بێت، تا تۆش ئەو پەیامە دەگەیەنی و دەوروبەرت تێدەگەیەنی، كاتی دەوێت. بۆ من زۆر قورسە لەم كاتەدا بڵێم ئامانجم لەم فۆتۆ مۆدێلە ئەمەیە، دواتر نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ، من ئافرەتم، لەكوردستانیش دەژیم، كە كۆمەڵێك شت بۆ من عەیبە، یان بڤەیە من دەستی لێبدەم.
* فۆتۆمۆدێلەكانت لەچاوی بینەر چۆن دەخوێندرێتەوە؟
- بێگومان بوون بە دوو بەشەوە، بەشی یەكەمیان زۆریان بەدڵە، بەشی دووەمیشیان پێیان ناخۆشە كەمن ئەو كارە دەكەم، چونكە كە وتت فۆتۆ مۆدێل دەبێ ئەو كەسە ئامادەیی تیا بێ هەموو جۆرە جلێك لەبەر بكات، یان هەندێ سەفەر هەیە، دەبێت بیكات، بۆ نموونە سەفەری دەرەوەی وڵات، ئەوەش تاڕادەیەك لە كۆمەڵگەی كوردی قبووڵ ناكرێت.
* یەكەم كەسیت لەكوردستان كە فۆتۆمۆدێلت بەجلی بووكێنییەوە كردووە، لەكاتێكدا هاوسەرگیریت نەكردووە، ئەمە چۆن بوو؟
- ڕاستە، من یەكەم كچم كە فۆتۆمۆدێلێكم بە جلی بوكەوە كردووە لەگەڵ كاكە ئەیاد كە رۆڵی زاوای دەبینی، شەوێكیان دانیشتبووم لە ئینستگرام سەیری فۆتۆم دەكرد، لەپڕێكا بووكێكم بینی زۆر جوان بوو، یەكسەر مەسجم بۆ كاك بیرەوەری فۆتۆگراف كرد، وتم دەمەوێ فۆتۆی جلی بووك بكەم، ئەویش پێی باش بوو، سەركەوتووش بووم.
*بەنیازبووی بەشداری پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان بكەیت، بۆ نەتكرد؟
- دایكم زۆر حەزی دەكرد كە بەشدار بم زیاد لەپێویست، نازانم دڵی خەبەری دابوو كە دەنگەكان بەدەست دێنم، من ناڵێم جوانم، بەڵام دواجارا هەموو كچێك خاوەنی جوانییەكی تایبەت بەخۆیەتی، پێویستە ئەو كەسە گرنگیی پێبدا، ئەمە لەلایەك لەلایەكی تر، هیچ كەسێك دروستكەری روخساری خۆی نییە، منیش ئەم فەیس و روخسارەم هەیە كە خوای گەورە پێی بەخشیوم، دەمەوێ ئەوە بڵێم كە هەر هەشت خاڵەكەی شاجوانی لەمندا هەبوو، دەمویست خۆم كاندید بكەم، بەڵام هەستێك پێی وتم كە ئەوە نەكەم، تێناگەم نازانم ئەوە چی بوو.
*ئەی بۆ ساڵی ئایندە؟
- بۆ ساڵی ئایندە دەمەوێ بەشداری بكەم، دەریش نەچم كێشەم نییە، بەس لەبەردڵی دایكم ئەگەر ماین و نەمردین بەشدار دەبم.
* دەرهێنەرێكی فارس داوای لێكردی رۆڵی سەرەكیی لە فیلمێكی ئەودا ببینی، بۆ رەتت كردەوە؟
- كە پێی وتم، وامزانی وێنەی لۆكەیشنەكانی لێرە دەگیرێت، كە وتی لە تارانە وتم داوای لێبوردن دەكەم، ناتوانم.
Top