عەفاف: جەماوەر پێویستی بە فیلمێكە كە گوزارشت لە ژیانی بكات

عەفاف: جەماوەر پێویستی بە فیلمێكە كە گوزارشت لە ژیانی بكات
لە وڵاتی مەغریب گرنگییەكی زۆر بە هونەرمەندە لاوەكان دەدرێت لە هەموو بوارەكان، بۆیە پەیمانگا و كۆلێژەكانی هونەرە جوانەكان بەردەوام ئەكتەری بە توانای لێ هەڵدەكەوێت كە توانیویانە سوود لەو ئازادییە سنووردارە وەرگرتووە كە لەو وڵاتە هەیە، چونكە سەرەڕای ئەو ئازادییە و نزیك بوونیان بە كەلتووری رۆژهەڵاتی بەتایبەتی كەلتووری فەرەنسی، دابونەریت تا راددەیەك زاڵە بەسەر بیركردنەوەی میللەتەكەیان عەفاف ئەزتوتی یەكێكە لەو هونەرمەندە مەغریبیانەی كە لە شانۆ و سینەمادا ئامادەبوونێكی بەرچاوی هەیە، لە هەمان كاتدا نمایشكاری جلوبەرگیشە و لەوێوە رووی لە سینەما كردووە و توانیویەتی بەشداری لە چەند كارێكی سینەماییدا بكات و تێیدا سەركەوتوو بێت، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی عەفاف كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
دیمانە/ خەلیل بلەیی
لە وڵاتانی جیهانی سێیەم جەماوەر پێویستی بە چییە لە هونەر؟
- ناتوانین بڵێین تەنیا لە وڵاتانی هاوشێوەی ئێمە جەماوەری سینەما پێویستی بە شتێكی دیاریكراوە، چونكە جەماوەر لە هەر شوێنێك بێت پێویستە بەوەیە سینەما گوزارشت لە شتێك بكات كە بۆ ئەو پێویستە یاخود بە دوای چارەسەریدا بگەڕێت، رەنگە گرفت و كێشە و داخوازییەكانی ئێمە لەگەڵ كەسێكی ئەوروپی یاخود ژاپۆنی بە هۆی جیاوازی كەلتوورەكەمان جیاواز بێت، بەڵام هەردوو لامان پێویستمان بەوەیە كە سینەما رەنگدانەوەی ئەو داخوازیانە بێت.
• کەواتە جەماوەری سینەما ئێستا روو لە کەمبوونە ئەگەر هۆکارەکەی چییە؟
- بەر لە 20-30 ساڵ هیچ بەدیلێك نەبوو بۆ سینەما و سینەماش تاكە هۆكار بوو بینەر بتوانێت هەناسەیەكی تێدا بكێشێت، بەڵام ئێستا پێچەوانە بۆتەوە، ئەگەر نەچی بۆ سینەما هۆكار و شێوازی دیكە هەن كە كاتی خۆتی پێ بەسەر بەریت، هەروەها وەك پێشتریش ئاماژەم بۆ كرد كەلتووری سینەما بۆ نەوە دوای نەوە لە پاشەكشێدایە، ئەو كاتە بەسەرچوو كە دایك و باوك هەفتانە منداڵەكانیان بۆ سینەما دەبرد.
• هونەرمەند چۆن دەتوانێت پەیامی خۆی بگەیەنێت؟
-خودی ئەكتەر پێویستە هەڵقوڵاوی ناخی ئەو جەماوەرە بێت كە كارەكەی پێشكەشی دەكات یاخود بتوانێت دەربڕی خەم و ئازارەكانی ئەم جەماوەرە بێت وبە جیهانی دەرەوە یاخود لایەنە پەیوەندیدارەكان بگەیەنێت بۆ چارەسەر كردنی بابەتێكی دیاریكراو، دەبێ سەرەتا گوزارشت لە بابەتێك بكات و بە ئەمانەتەوە بیخات روو، و ئەگەر ئەكتەر لە نێو ئەو ژینگەیە ژیا بێت كە فیلمەكە باسی دەكات ئەوا دەتوانێت وەكو خۆی بابەتەكە بخاتەروو و جەماوەریش زیاتر خۆی لەو جۆرە كارانەدا دەبینێتەوە بۆیە لەرووی جەماوەرییەوە سەركەوتوو دەبن.
* ئەو ئاستەنگانە چین كە رووبەروویان بوویتەوە و پێشبینی دەكەی لە داهاتوودا دووبارە ببنەوە؟
- بێگومان ئاستەنگ و بەربەست زۆر كە لە رێگری و ئاستەنگەكانی كۆمەڵگا و دابونەریتە باوەكان،تا دەگاتە ئەو ئاستەنگانەی كە خودی بەشێك لە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر دەبینێتەوە كە بۆ سینەماكارە لاوەكان درووست دەبێت بەتایبەتی بۆ ئافرەتان و پێشبینی دەكەم ئەم ئاستەنگانە بەردەوام بم، بەڵام مرۆڤ پێویستە لە هەوڵەكانی بەردەوام بێت و گوێ بە ئاستەنگەكان نەدات و لە ئاییندە بروانێت.
* هەر كارێكی سینەمایی پەیامێكی دیاریكراوی هەیە كە هەوڵی بۆ دەدات ئایا سینەمای مەغریبی لە پێكاندنی ئامانجەكانی سەركەوتوو بووە؟
- سینەماكاران بەردەوامن لە كار كردن و پێشكەش كردنی كاری نوێ ئەمەش خۆی لە خۆیدا مایەی دەستخۆشییە، بەڵام ناتوانم بڵێم سەد لە سەد ئامانجەكەی پێكاوە، راستە سینەمای مەغریبی توانیویەتی كە بوون و شوناسی خۆی دەربخات و ئامانجە كۆمەڵایەتییەكانی بەدەست بهێنیت بە جۆرێك كە شایەنی تێڕامان بێت لە رێگەی هەندێك لە فیلمەكانی كە بابەتی كۆمەڵایەتی واقعی چارەسەر كردووە و لە پلەی یەكەم دێت لە خستنەڕووی ئەوە بابەتانەی كە بۆ ئاشكراكردنیان جورئەتێكی زۆریان پێویست بوو، بەڵام ئێستا لە بواری هونەری سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە، هەروەها رەزامەندی بینەریشی بەدەستهێناوە، چونكە بژێوی وواقعی تاڵی ژیان و ئەو كەلێنە كپ كراوانەی لە ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە هەیە، دەخاتە روو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا سینەمای مەغریبی هەموو ئامانجەكانی نەپێكاوە لەوانەش كۆكردنەوەی زۆرترین بینەر.
* مەغریب یەكێك لەو وڵاتانەی كە لە بواری هونەری پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە بواری سینەما و شانۆ و گۆرانی، بەڵام ئایا هونەرمەندان رازین لە پێشوازی كردنی جەماوەر لە كارەكانیان و جەماوەر بۆتە هاندەری هونەرمەندان بۆ پێشكەش كردنی كاری باشتر؟
- لێرەدا دەمەوێ شتێك روون بكەمەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانەی كە لە جیهاندا روویانداوە و بەردەوامن دەتوانم بڵێم ئەكتەران و سینەماكاران تا راددەیەكی زۆر لەو بوارەوە نیگەرانن، ئەمەش تا راددەیەك مافی خۆیانە، جاران واتە بەر لەوەی ئێمەش بێینە نێو بوارەكە دەگێڕنەوە كە سینەما پێداویستی و بەشێكی گرنگ بووە لە ژیانی خەڵك و هەفتانە خەڵك دەچوون بۆ بینینی نوێترین فیلمی سینەمایی، لە ئێستادا بارودۆخەكە تا راددەیەكی زۆر گۆڕاوە ، ئەمەش بە هۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا و دەستكەوتنی نوێترین فیلمی جیهانی بە ئاسانی و بەكاتێكی زوودا دەستكەوێت، هەر ئەمەشە وایكردووە كە ئێستا ئەو فیلمانەی وروژێنەرن یاخود بە بەزاندنی سنووری دابونەریتەكانی كۆمەڵگا ناو دەبرێن، رەواجێكی ز‌وریان هەبێت و لە ئەنجامدا نەوەیەك پەروەردە دەبێت كە لە گرنگی و ماهیەتی سینەما ناگەن.
Top