سارا ئەحمەدیان: لە سەختترین بارودۆخدا كورد هەوڵیداوە كەلتوور و فەرهەنگی خۆی بپارێزێت
• بەشداریكردنتان لە فیستیڤاڵی رانیە چۆن بوو؟
- گرووپی دایرەك خاتوون لەگەڵ گروپی شاخوەشین بەشداری كرد، گرووپی شاخوەشین ئەمە دووەم جارە بەشداری لەم فیستیڤاڵەدا بكات، بەڵام گرووپی دایرەك خاتوون یەكەم جارە بەشداری بكات دوای ئەوەی بە رەسمی بانگهێشت كرا.
• دیارە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سەخت و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت لەرووی ئابووری و دارایی، سەرەڕای ئەمەش چەندین فیستیڤاڵی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، ئەنجامدانی ئەم چالاكییە هونەرییانە چی دەگەیەنێت؟
- بۆ ئێمە و هەموو جیهان ئاشكرایە كە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سەخت و دژواری ئابووریدا گوزەر دەكات، بۆ ئێمە كە لە بەشی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتووین، جێگای شانازی و سەربەرزی بوو كە سەرەڕای نالەباری و سەختی ئەم بارودۆخە فیستیڤاڵ و چالاكییە هونەرییە جۆراوجۆرەكان بەردەوامن، ئەمەش مانا و دەلالاتی زۆر هەڵدەگرێت و لە هەمان كاتدا نیشانەی ئەوەیە كە سەرەڕای نالەباری بارودۆخ كورد سەر دانانەوێنی بۆ بارودۆخە سەپێنراوەكان هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ پاراستنی فەرهەنگ و كەلتووری خۆی.
* موزیك و كەلتووری رەسەنی كوردی وەكو پێویست لەم فیستیڤاڵەدا پێشكەش كرا؟
-فیستیڤاڵە بە ناوی فیستیڤاڵی گەلان بوو، واتە تایبەت نەبوو بە هونەر و مۆسیقای كوردی، بۆیە بەشداربووانی فیستیڤاڵەكەش لە شوێنە جیاجیاكانی جیهانەوە هاتبوون، لە هەموو بەشەكانی كوردستان چەندین گرووپی هونەری جیاجیا بەشدار بوون و هەر یەكیان گوزارشتیان لە مۆسیقای ئەو بەشە دەكرد كە لێی هاتبوون بۆ نموونە ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتبووین و نوێنەرایەتی بەشێك یان ناوچەیەكی دیاریكراو بووین، بەڵام ئەوەی جێگای شانازییە كە گۆرانی و مۆسیقای كوردی زۆربەی ناوچەكان بە شێوەیەكی جوان پێشكەش كرا كە مایەی رەزامەندی جەماوەر و رێكخەرانی ئەم فیستیڤاڵە بوو.
* ئایا دەتوانین بڵێین هەوڵێك بوو بۆ پاراستنی كەلتووری رەسەنی كوردی؟
- كورد لە هەر شوێنێكی دنیا بێت بۆ پاراستنی فەرهەنگی و لە هەر بارودۆخێك بێت هەوڵی پاراستن و پێشخستنی داوە، دیارە كورد بە گشتی بە بارودۆخی سەختدا تێپەڕیون، بەڵام سەرەڕای ئەمەش كۆڵی نەداوە لە هەموو پارچەكان و خۆشەویستی و پەیوەندی بەم هونەر و مۆسیقاوە وایكردووە كە بەردەوام بێت لە پەرەپێدان بە كەلتوورەكەی و پاراستنی، ئێمە وەكو كوردانی رۆژهەڵات و گروپی دایرەك خاتوون ئاواتی ئێمە ئەوەیە كە بتوانین بە باشترین شێوە خزمەت بە هونەری میللەتەكەمان بگەیەنین و زیندووی بكەینەوە لە هەمان كاتدا كەلتووری رەسەنی خۆمان بە جیهان نیشان بدەین كە ئێمەش خاوەن كەلتوورێكی رەسەنین.
* بەشداریكردنی ئافرەتان چۆن بوو ئایا وەكو پێویست بوو؟
- ماوەی چەند ساڵێكە ئافرەتی كورد لە هەموو پارچەكان بەشدارییەكی دیار و بەرچاوی هەیە لە مەیدانی هونەردا، ئەوەی تێبینی كرا لەم فیستیڤاڵەش بەشداری كردنی ئافرەت لە ئاستێكی زۆر باشدابوو، جگە لە گرووپی ئێمە چەندین گرووپی دیكەی تایبەت بە ئافرەتان بەشداربوون و ئەوەی جێگای شانازییە كاری زۆر جوان و سەرنجڕاكێشیان پێشكەش كرد چ لە بواری گۆرانی و مۆسیقا یاخود لە چوارچێوەی گرووپە جیاجیاكانی هەڵپەڕكێی كوردەواری.
* وەك گروپی كوردانی كرماشان، پێشوازی كردنی جەماوەر لە كارەكانی ئێوە چۆن بوو؟
- گرووپی ئێمە كە گرووپی كچانی دایرەك خاتوون و گرووپی كوڕانی شاخوەشێن بوو، هەردوو گروپەكە لەژێر سەرپەرشتی مامۆستا عەلی ئەكبەر مورادییە كە مامۆستایەكی گەورە وپسپۆڕی ئامێری تەنبورە و هەموو كارەكانمان لە ئامادەكردنی مامۆستا مورادی بوو، ئەوەی مایەی خۆشحاڵی ئێمە بوو، ئامادەبوونی خەڵك لە كۆنسێرتەكەمان بوو، ئەو گۆرانی و بەرهەمانەی پێشكەشمان كردن، جێگای رەزامەندی و بە دڵی ئامادەبووان بوو.
* چ شتێك بۆ ئێوەی زیاتر سەرنجڕاكێش بوو؟
- لەم فیستیڤاڵەدا شتی زۆر جیاواز و دەگمەنمان بینی كە بە راستی بۆ هەموو لایەك سەرنجڕاكێش بوو، دەرفەتێكی نوێ بوو بۆ ئێمە كە هونەری هەندێك لە بەشەكانی دیكەی كوردستان ببینین كە پێشتر پێی ئاشنا نەبووین بۆ نموونە فەرهەنگ و گۆرانییەكانی كوردانی ئێزیدی شنگال كە بە راستی كارێكی جوان بوو، بەتایبەتی دوای ئەو كارەساتە گەورەیەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشە بەسەر كوردانی ئێزیدی هات كەچی هونەرەكەیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە و بگرە هەوڵیانداوە پەرەی پێ بدەن، هیوادارین ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی ببێتە پەیامی ئاشتی و دۆستایەتی و پێكەوەژیانی ئێمەی كورد بۆ هەموو جیهان و لە نێو گەلانی دنیا شانازیی پێوە بكەین.
* كاری نوێتان چییە بۆ داهاتوو؟
- ئێمە بەردەوامین لە كاركردن و هیچ كاتێك نەوەستاوین، بۆ داهاتووش گرووپی دایرەك خاتوون بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی شاخوەشێن چەندین بەرنامەی نوێی جۆراوجۆرمان ئامادەكردووە، پەنا بە خوا لە كاتێكی نزیكدا لە رێگای چەند كۆنسێرتێك پێشكەشی دەكەین و دەیكەینە دیاری بۆ هەر كوردێك لە هەر كوێی جیهان بێت.