هەڵكەوت مستەفا: ئامانجی گرنگم ئەوەیە پیشەسازیی فیلم لەكوردستان دروست بێـت
* كلاسیكۆ لای تۆ چییە؟
- كلاسیكۆ چیرۆكێكی هیوابەخشە،چیرۆكێكە زیاتر كۆمەشیاڵە، واتەكات تێیدا دێتەدی، فیلمێكە هەستێكی خۆشت دەداتێ، ئازایەتییەكت لا دروست دەكات، من پێم باش بوو فیلمێك دروست بكەین هیوابەخش بێت.
* پێشتر ئەم فیلمە ناوی (ڤیزەی شنگن) بوو، بۆچی گۆڕا بە كلاسیكۆ؟
- راستییەكی بڕیارەكە هی من نەبوو، هی نووسەری فیلمەكە (ئەلنەش فاگڕۆ) بوو کە کەسێکی نەرویجیە، فیلمەكە لەسەرەتایدا باسی دوو كورتەباڵا دەكات بۆ ئەوەی بگەن بە (رۆنالدۆ)، پێویستیشیان بەوەرگرتنی ڤیزەیە، كێشەی ڤیزە پانتاییەكی زۆری لە فیلمەكە داگیركردووە، بەڵام دوای ئەوە مەسەلەی درامای نێوان (میسی و رۆناڵدۆ) و گەیاندنی كڵاشەكان وەرزش پانتاییەكی لەبری ڤیزە داگیركرد، ئەوەبوو ناوی كلاسیكۆ هاتە ناو فیلمەكە، بیرم دێ یەكەمجار بە منیان وت من ڕازی نەبووم لەسەر گۆڕینی ناوەكە، بەڵام دواتر كلاسیكۆ هەموو دنیا دەیناسێ.
* ڕەنگە ئەو كاتەی كە تۆش (ڤیزەی شنگن)ت كردە ناونیشانی فیلمەكەت، كلاسیكۆ لە كوردستان ئەوەندە رۆلی نەبووبێ؟
- نا، ئەو رۆڵەی نەبوو، من تا پێیان نەوتم كلاسیكۆ، نەمدەزانی كلاسیكۆ چییە؟ ئەو كاتە من سەیری تۆپ تۆپێنم نەدەكرد، كە بە من وترا باشیەكەی كلاسیكۆ ئەوەبوو كە زۆر نێودەوڵەتییە، یانی هەموو كەس دەزانێ كلاسیكۆ چییە، بەتایبەتی وەرزشوان و وەرزش دۆستان، بەڵام بۆمن جێی بایەخ نەبوو، تا پێیان وتم، وردە وردە رازی بووم، بەڵام ئێستا زۆرم پێخۆشە، كە ئەو ناوەیان هەڵبژارد.
* تۆ دەڵیی حەزم بە تۆپی پێ نییەو سەیری ناكەم، ئەی چۆن دێی دوو یانەی ناوداری جیهانی (ریاڵ و بەرشلۆنە) دەكەیتە ملمڵانێی سەرەكیی فیلمەكەت؟
- من بە منداڵی زۆرم حەز لە وەرزش دەكرد، شەو و رۆژ یاریی تۆپ تۆپێنم دەكرد، دواتر بەهۆی سەفەرو شتی تر لە وەرزش دابڕام، من لە تەمەنی 14 ساڵی سەفەرم كرد بۆ دەرەوەی وڵات، گۆڕینی ژینگەی نیشتەجێبوون، كاریگەری هەبوو لەسەر ئارەزووەكانم، زۆری ویست تا رۆحم لەوێ خۆی ناسییەوە، لەو بەینەیا وەرزش رۆیی، هونەر هاتە ناویەوە، كە هونەر هات وەرزشم بیرچوویەوە، بەڵام من كەسێكم تائێستاش راهێنانی وەرزشی دەكەم، ئەوە بەلایەكی كە، بەڵام وەكو ئەوەی دابنیشم دووسەعات سەیری تۆپێن بكەم، نەمكردووە.
* ئەی بیرۆكەی كلاسیكۆ چۆن دروست بوو؟
- رۆژێك لەشاری هەولێر بووم لە شارۆچكەی (عەنكاوە) یاری كلاسیكۆ بوو، من نازانم كلاسیكۆ چییە و یاری كلاسیكۆیە، بەس ئەوەندە ئەزانم گوێم لە هاتوهاوارو تەقە بوو، هاتمە بەلەكۆنەكە، لەخوارەوە قەرەباڵغی بوو، وتم چییە وتیان ریاڵ مەدرید بردیەوە، منیش پێم سەیرە لە ئیسپانیا یاری دەكەن، لەهەولێر فەرتەنەیە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەچوو، كە چوومەوە نەرویج هەفتەیەك دوای ئەوە یاری گەڕانەوە بوو لە بەرشلۆنە، تكتی بەرشلۆنەم بڕی بە فڕۆكە چووم بۆ بەرشلۆنە، بەبێ هیچ شتێك و بیركردنەوەیەك وەكو حەزێك، كەچوومە ناو یاریگای (كامپ نو) لە بەرشلۆنە، گوتم كاكە خەڵك ناهەق نییە، درامایەكی قووڵ، سەفەرێكی رۆحی ئێجگار گەورە، كە لەو دنیایە مێشكت هەڵدەكێشێ دەتبا بۆ دنیایەكی تر بۆ (90) خولەك، فەزایەكی ئێجگار جوان.
* لەوێوەبوویتە هاندەری ریاڵ مەدرید؟
- نەبوومە هاندەری ریاڵ مەدید، لەوێ بڕیارم دا كە شتێك بكەم، ئینجا وردە وردە كلاسیكۆ و بیرۆكەكە دروست بوو، دوای ئەوە سیناریۆنووسمان بۆ دۆزییەوە، بەس من پێشبینی ئەوەم دەكرد كە شتێكی لێ دروست دەبێ، كلاسیكۆ ئێستا وا گەورە بووە، هەموو دنیا داوای دەكات.
* ئایا لەبەر فیلمەكەتە دەیشاریتەوەو ناتەوێ خۆت دەرخەی كە هاندەری چ یانەیەكی لەم دوو یانە ئیسپانییە؟
- نا، من ئێستا بووم بە هاندەری ریاڵ مەدرید، هاندەری سەرسەختی رۆناڵدۆ، نایشارمەوە، بۆچی بیشارمەوە.
* لە فیلمەكە بڕیار بوو ئەو كڵاشانەی لەهەورامانەوە دەچێتە مەدرید، بۆ رۆنالدۆ و میسی بێت؟ كەچی تەنیا درا بە رۆناڵدۆ؟
- بە راستگۆیی بڵێم، پێوەندی بە دوو شتەوە هەیە، یەكەمیان من پێش چوارساڵ یەكەم كۆبوونەوەم كە لەگەڵ بەڕێوەبەری فاونێشنی ریاڵ مەدرید دانیشتم، هەر كە ناوی (میسی)م هێنا، دەم وچاویان دا بەیەكدا، لەوەوە كێشەی یەكەم دروست بوو.
* لەبەر هەرێمی كەتەلۆنیا؟
- بەڵێ، زۆر بابەت هەبوو، تەنانەت مەسەلەی بازرگانی و بابەتی دابەشكردن و میدیا و زۆر شتی دیكە كە باوەڕناكەی كێشەكەیان چەند قووڵە، بابەتی دووەم، خەریكی كلاسیكۆی دووەمین، كە بیرۆكەیەك هەیە كە كلاسیكۆی دووەم بكەین.
*چ مەبەستێكت هەیە، لەدروستكردنی ئەو فیلمانە؟
- من مەبەستمە سوپەر ستار لەناو كورددا دروست بێت، مەبەستمە بازرگانی فیلم دروست ببێ لەناو كوردا، ئامانجی گرنگ لای من ئەوەیە پیشەسازیی فیلم لەكوردستان دروست بێـت، پیشەسازی راستەقینە ئەوەیە كە تۆ فیلم دروست بكەیت، سوپەر ستار دروست بكەیت، خەڵك بێ تكت بكڕێ، و بە پارەی ئەو فیلمە بتوانرێ فیلمێكی تر دروست بكرێت.
*هەڵبژاردنی هەردوو كارەكتەر (وریا و دانا ئەحمەد ) بۆ كورتەباڵا چۆن بوو؟
- من لە بیرۆكەكە، كورتە باڵاكانم لە مێشك بوو، بەڵام ئەوەی كە وریا و دانا بن نا، ئەوەی كە چۆن ئەوانم دۆزییەوە، سەرەتا لەگەڵ كاك (عومەر)ی سەرۆكی کۆمەڵەی كورتەباڵاكانی سلێمانی قسەم كرد، وتم شتێكی وا هەیە، سەرەتا كورتەباڵاكانمان تێست كرد، تێستەكەش چی بوو، كە كورتەباڵاكە دەمانچەیەكی پێیە دەچێتە سەر بانقێك و پارەی بانقەكە دەدزێت، سەرۆك بانقەكە كێیە، شوان عەتۆفی ئەكتەرە، لە دووەم رۆژی تێستەكەدا كە وریا هاتە ژوورەوە، هەستم كرد ئەو كوڕە بە ڕاستی بە دەمانچەیەك هاتۆتە ژوورەوەو بۆ دزی هاتووە، باوەڕم پێكرد، داناش جوان رۆڵەكەی بەجوانی بینی، سەرەتا من نەمزانی ئەوانە بران تا لەناو فۆرمەكە سەیری ناویانم كرد(وریا ئەحمەد- دانائەحمەد)،وتم ئای لەوە خۆ بران، ئەی بۆ لە فیلمەكە برا نەبن.
*یانی لەبیرۆكەی فیلمەكە ئەوانە برا نەبوون، بەڵام كە زانیت لە ژیانی ئاسایی بران، تۆش لەفیلمەكە كردنت بە برا؟
- بەڵێ، لەوێ كردمن بە برا، دوای ئەوەش بەڕاستی ئەوان هاندەری هەردوو یانەبوون، وریا ریاڵی بوو، داناش بەرشە، لەسەر كلاسیكۆ و میسی و رۆناڵدۆش كێشەیان هەبوو، ئەوەش بەس نەبوو، من ساڵێك لەگەڵیان ژیام، چونكە من رێ بەخۆم نادەم فیلمێك لەسەر تۆ دروست بكەم، كە نەزانم تۆ كێی، باكگراوەندت چییە، بە نەشتەرگەری لەدایك بووی، یان سروشتی، ئەوانە لای من گرنگن.
* هەموو ئەمانە دەپرسی بۆ فیلمێك؟
- نەك دەپرسم، هەندێ شت هەیە دەبێ بیبینم، باوەڕ بە پرسین ناكەم، باوەڕ بەوە دەكەم كە لەگەڵت سەفەرێك بكەم، رۆحت بناسم، بزانم سنوورەكانی تۆ چییە، پێوەندیی ئاشقانەی تۆ چییە، دنیابینیی تۆ چییە، ئەگەر ئێستا یەكێك بە دەمانچەیەكەوە بێتە ژوورەوە و ئێمە رووت بكاتەوە، تۆ چۆن دەیبینی من چۆن دەیبینم، ئەوەیە لای من زەحمەتە.
* چەند مانگ خەریكی لۆگۆی ریاڵ بوون تا لە كڵاشەكانی بدەن؟
- ئەو كڵاشانە شێت بووین بەدەستیەوە تا دروست كرا.
* چۆن؟
- لۆگۆی ریاڵ نە دەچنرا، هەر كڵاش بوو دەیاندووری و دەگەیشتە لۆگۆكە و سەقەت دەبوو، شەش مانگ دوو كەس خەریكی ئەولۆگۆیە بوون، تا پێیان دروست كرا.
* ئەی لۆگۆی بەرشلۆنە؟
- كە لۆگۆی ریاڵ دروست كرا، ئەویش زانرا، من نەمدەویست بیخەنە سەری وچاپی بكەن، دەمویست بچنرێ، چنینەكە هەست دەكەی ئەمە ئۆرجیناڵە.
*چۆن رۆنالدۆتان بینی؟
- ئەوە چیرۆكێكی زۆر درێژە، وام لێهاتبوو تاقەتم نەمابوو، حەوت جار چوومە مەدرید، ئێمە یەكەم جار رێككەوتبووین لەنیوەی وێنەگرتنەكە، كە چوومەوە، مەدرید گۆڕابوو، تەنیا یاری بۆ ریال دەكرد، كۆمپانیایەكی پورتوگالی مەنیجەری رۆناڵدۆی دەکرد، كۆمیتەیەك هەبوو لەناو ریاڵ مەدرید رەزامەندییان دەرنەدەبڕی، كەسم بینیوە لەناو ریاڵ پێی گوتم گەرچوویتە لای رۆناڵدۆ منیش بەرە لەگەڵ خۆت، خۆی لە ریاڵ كاردەكات دەڵێ من بەرە لەگەڵ خۆت، ئەی ئێمە دەبێ چی بكەین، لە كۆتاییدا كەسێكمان ناسی لە رێگەی نوێنەری حكومەت لە ئیسپانیاوە، ئەو دكتۆرێكی یانەی ریاڵ بوو، ناوی دكتۆر (لیتۆن) بوو، خێزانی ئەم دكتۆرە لەگەڵ سەرۆكی یانەی ریاڵ تێكەڵاوی خێزانییان هەیە، واتە ئەو كارەی ئێمە لە رێگەی خێزانی كرا، دوای دووساڵ زیاتر چاوەڕوانی مەوعدیان بۆ وەرگرتین، كە 19ی مانگ بەمنیان گوت 23ی مانگ سەعات 9:15 خولەكی بەیانی دەتوانن رۆناڵدۆ ببینن، من لە نەرویجم ئەوان لە كوردستان، ئەوانم ناردە ئەنقەرە، زۆر ماندووبوون تا ڤیزەی ئیسپانیایان پێدرا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا و نوێنەری حكومەت و چەندین كەسی تر لەخەت بوون، دوای وەرگرتنی ڤیزە، فڕۆكەی ئیسپانیا جێی هێشتن، كە ئاگاداریان كردمەوەوە، دەستم كرد بەگریان، گوتم خوایە دووساڵە خەریكم بۆ ناتەوی بیبینم، بە هەر حاڵ دوای ئەوە قسەمان لەگەڵ كچێك كرد لە یانەی ریاڵ بەناوی (بەربەڕە) گوتی چارەی دەكەین و رۆژنامەی بەناوبانگی ئیسپانی (ماركا) لەسەری نووسی، بابەتەكە گەورە بوو، هەفتەیەكی نەبرد مەوعدەكەیان بۆ داناینەوە لەهەمان كات، ئیتر كە بینیمان رۆناڵدۆ كەسێكی جیاوازتر بوو،لەوەی كەمن تەوەقوعم دەكرد.