دەلال زاخۆیی: بۆ من خۆشەویستی خاك و وڵات لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە

دەلال زاخۆیی: بۆ من خۆشەویستی خاك و وڵات لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە
یەكێكە لەو هونەرمەندانەی وەك زۆربەی گەنجەكانی شاری زاخۆی رەنگین هەر لە تەمەنێكی زووەوە رووی لە بواری گۆرانی و موزیك كردووە و تا ئێستا نزیكەی بیست ساڵە لەو بوارەدا بەردەوامە، بەڵام هەندێك بارودۆخی تایبەت هونەرمەند دەلال زاخۆییان ناچار كرد وڵات جێ بهێڵێت و لە خاكی نیشتمان دووربكەوێتەوە، ئەو خاكەی كە چەندین ساڵە گۆرانی و سروودی بۆ دەچڕێت و وەك سیمبولی بەرخوودان گوزارشت لە پێشمەرگە و شەهیدانی كوردستان دەكات، دەلال زاخۆیی لەم دیمانەیەدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دەداتەوە سەبارەت بە هۆكارەكانی دووركەوتنەوەی لە وڵات.
• وەك هونەرمەندێك هەستت چی بوو كە بڕیاری ئەوە بدەی وڵات جێ بهێڵی؟
- من هونەرمەندێكم خۆشەویستی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە بۆ من و زۆریش وابەستەی میللەت و خاكی كوردستانم، بۆیە یەكێك لە ناخۆشترین بڕیارەكانی من جێهێشتنی وڵات بوو، من هونەرمەندم خاوەن بەرهەمی تایبەتی و جەماوەر و هەواداری خۆمم لە هەمان كاتدا خزمەتێكی زۆرم پێشكەش بە كوردستان گۆرانی رەسەنی كوردی و موزیكی كوردی و پێشمەرگە و جەماوەرەكەم كردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ بە بەردەوامی گۆرانیم بۆ وڵات و پێشمەرگە وشەهیدان كردووە، بەڵام ئەگەر تەنیا چادرێكیشم نەبی تێیدا بژیم نازانم چیبكەم.
•چ هۆكارێكی سەرەكی هەبوو لە پشت ئەوەی ئەم بڕیارە بدەی؟
-بە هۆی بارودۆخی تایبەت بەخۆمەوە كە زۆر سەخت و ناخۆش بوون ئەو بڕیارەمدا، جێهێشتنی وڵات زۆر زۆر بە ئازارە، بەڵام وەك هونەرمەندێك بارودۆخەكەم بە جۆرێك بوو كە نەمدەتوانی زیاتر بەرگەی بگرم
•ئەو هونەرمەندانەی كە زۆر لە تۆوە نزیكن هەوڵیان نەدا پاشگەزت بكەنەوە لەو بڕیارە؟
-نەك هونەرمەندەكان بەڵكو من بە كەسوكاری خۆشم رانەگەیاند كەوا كوردستان جێ دەهێڵم، بەڵام پێشیانم راگەیاندبا نەیادەتوانی كارێكم بۆ بكەن، چونكە هونەرمەندانی كورد بە گشتی لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە كۆنەوە لە بارودۆخێكی خراپ و سەختدا دەژین.
•مرۆڤی هونەرمەند لە خەڵكی ئاسایی هەست ناسكترن، ئەو كاتانەی كە لە ئەوروپا نەبۆتە هۆی ئەوەی چەند بەرهەمێكی نوێ درووست بكەی؟
-بێگومان چەند گۆرانییەكی نوێم ئامادەیە لەگەڵ سێ ، كاری هونەری و ئیلهامی هونەری پێویستی بەوە نییە لە غەریبیدا تا كار بكەیت، پێویستە بەردەوام بكەیت و نەوەستیت،هەرچەندە من پێموایە تۆمار كردنی گۆرانی یان كلیپ و نیشاندانی وڵاتی خۆی باشترە لەوەی لە دەرەوە كلیپێك بەرهەم بهێنیت، چونكە هونەرمەندی رۆشنبیر كەسێكی زۆر هەستیارە و ئەگەر جەماوەر نەبێت هونەرمەند نابێت هەر كاتێك ژیانم جێگیر بوو لە هەموو روویەكەوە پەنا بە خوا كارێكی باشە پێشكەش بە جەماوەرەكەم دەكەم ئەو جەماوەرەی هەمیشە لە خەیاڵمدایە و بیری لێدەكەمەوە و بەردەوامیش لە كۆنتاكدام لەگەڵی، بەڵێن بە جەماوەرەكەم دەدەم ئەوەی لە توانامدا بێت بیخەمە گەڕ بۆ ئەوەی كارێكی جوانیان پێشكەش بكەم كە بە دڵیان بێت.
•ئەو هونەرمەندانەی بە عەشقەوە كاری هونەری ئەنجام دەدەن ناتوانن بێ هونەر بژین، تۆ ژیانی خۆت چۆن بەسەر دەبەی و پێوەندیت لەگەڵ هونەرمەندە كوردەكانی ئەوروپا چۆنە؟
-بێگومان هونەرمەندی راستەقینە ناتوانێت لە هونەر دووركەوێتەوە، رەنگە كەسانێك بڵێن وازمان لە هونەر هێناوە، بەڵام پێچەوانەكەی راستە و هونەر وازی لە ئەوانە هێناوە، سەبارەت بە پێوەندییەكانیشم دەڵێم هونەرمەندە سەركەوتوو و ناسراوەكان هەموویان یەكتری دەناسن و هاوكاری و هەماهەنگی یەكتریش دەكەن، بۆیە پێوەندیم لەگەڵ هەموو هونەرمەندان باشە لە هەموو پارچەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی، سەبارەت بە هونەرمەندانی دەرەوەش بەر لەوەی بێم بۆ ئەوروپا پێوەندیم لەگەڵیان هەبوو و دوای ئەوەی هاتم چاوم بە زۆریان كەوتووە.
•ئەو ماوەیەی كە لە ئەوروپای هەستت بە چ جیاوازییەك كردووە لەنێوان كاری هونەری لە كوردستان و لە ئەوروپا؟
-جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان كاری هونەری لە كوردستان و لە ئەوروپا، ئەو كارانەی لە كوردستان ئەنجاممان دەدا لە رووی تێكست، ئاواز، موزیك و كلیپ بۆ ئێمە زۆر ئاسانتر و خۆشتر بوو و هونەرمەندان هەموویان هاوكاری یەكتر بوون بۆ سەركەوتنی بەرهەمەكان، بەڵام كاری هونەری لە ئەوروپا زۆر زۆر زەحمەتە پێویستی بە خەرجییەكی زۆرە لە رووی كلیپ و موزیك و دەرهێنان و لۆكەیشن ئەمەش ئەركی هونەرمەند قورس دەكات.
•بەر لەوەی بچی بۆ ئەوروپا خەونەكانت چی بوون هەوڵت دەدا چی پێشكەش بە میللەتەكەت بكەی لە رێگای هونەرەوە؟
-من خەونم نییە، بەڵكو ئامانجم هەیە، ئامانجی من بەر لە هونەر و هەر ئامانجێكی دیكە بریتییە لە كوردستان گەورە و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، پەنا بە خوا لەم نزیكانە دەوڵەتی كوردی دەبینم، بەڵام سەبارەت بە ئامانجی هونەریم هەوڵ دەدەم خزمەتێك بە هونەر و كەلتوور و مێژووی كوردی بكەم و هەرچەندە هونەر بێ سنوورە و كەلتوورێكی جیهانییە، بەڵام هەوڵمدا كە بینەر و بیستەری كورد چاوی لە هونەری كوردی بێت نەك بیانی و بتوانم بە كارێكی جوان شوێن پەنجەم لە مێژووی گۆرانی كوردیدا هەبێت و لە رێگای هونەری كوردییەوە بتوانم خزمەتێك بە مرۆڤایەتی بگەیەنم بەشێوەیەكی گشتی، چونكە مرۆڤایەتی لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە.
•پەیامت چییە بۆ ئەو گەنجانەی هەوڵ دەدەن روو لە ئەوروپا بكەن و وڵات بەجێ بێڵن؟
-پەیامی من بۆ گەنجانی كورد ئەوە لە هەر شوێنێك بزانن ئاسوودە و سەركەوتوون لەو شوێنە بن، هەرچەندە ژیانی غەریبی سەخت و دژوارە و هیچ كاتێك نابێتە ژیان لە وڵاتی خۆت، سەبارەت بەخۆم دەڵێم بەداخەوە من هزری ئەوەم نەدەكرد ئەوروپا بەو شێوەیە بێت، من لە كوردستان زۆر ئاسوودەتر بووم، هەر بۆیەش رۆژانە فرمێسك دەڕێژم بۆ كوردستان، زۆریش حەز دەكەم بگەڕێمەوە، بەڵام نازانم بگەڕێمەوە كوردستان لە كوێ بژیم هیچ شوێنێكم نییە.
من هانی هیچ كەسێك نادەم كە بێتە ئەوروپا، چونكە ئەوروپا زیندانێكی گەورەیە و خاكی ئێمە نییە، جیاوازی نێوان ئێمە و ئەوروپییەكان ئەرز و ئاسمانە لە رووی كەلتوور و زمان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەموو كەسێك ئازادە لە كوێ بژیت ئەوەی حەز دەكات لە كوردستان با لەوێ بێت ئەوەی بیەوێت بێت بۆ ئەوروپا با بێتە ئەوروپا.
Top