نیللی مەقدسی: بەبێ هونەر ناژیم، چونكە لەگەڵ خوێنم تێكەڵ بووە
سەبارەت بە نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی و و رای سەبارەت بە بەرهەمە كۆنەكانی دەڵێ: من هیچ كاتێك وام دانەناوە كە لە هونەر دووركەوتبم، بەڵكو لە دوورەوە سەیری بارودۆخی هونەرم دەكرد و هیچ بەرهەمێكم نەبووە، من ناتوانم لە هونەر دووربكەومەوە، چونكە هونەر لەگەڵ خوێنی من تێكەڵ بووە و ئامادە نیم واز لە جەماوەرەكەم بێنم، هەر ئەو جەماوەرە زۆرەی منیشە كە بەردەوام داوام لێدەكات بگەڕێمەوە و لەم رووەوە چەندین وێنەی منیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردۆتەوە و داوای گەڕانەوەم دەكەن، بۆیە منیش بڕیارمداوە بەم نزیكانە بە بەرهەمێكی نوێ بگەڕێمەوە و پێشكەشیان بكەم كە چەند گۆرانییەكی كۆنی منە بە شێوازێكی نوێ دابەشم كردووە، چونكە هەندێك كار هەیە ناتوانم بیگۆڕم و جەماوەرەكەم بەو ستایلە منی ناسیوە و خۆیشم ناتوانم لەو ستایلە دەرچم و هەر ئەو ستایلە بوو كە منی وەك هونەرمەندێك درووستكرد و بە جەماوەری ناساندم، من پەشیمان نیم لەو كارانەی كە لە رابردوودا ئەنجامم داوە، چونكە لەو كارانەوە فێرە شتی نوێ بووم و ئازاریان نەداوم، تاكو لێیان پەشیمان بم.
سەبارەت بە بارودۆخی هونەر لە وڵاتانی عەرەبی لەم چەند ساڵەی رابردوودا نیللی دەڵێ: من لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لە گۆڕەپانی هونەریدام، بەداخەوە زۆر شت گۆڕاوە و ئەگەر سەیر بكەین دەبینین بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێ، پێشتر هەموو شتێك بە خۆشەویستی بۆ هونەر و جەماوەر دڵسۆزی ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا ئێمە هەموو شتێك روونتر دەبینین كە پێشتر وا دیار نەبوو، جاران كەسانێك هەبوون تەمەنی خۆیان بۆ پێشخستنی هونەر تەرخان كردبوو و هەوڵی پێشخستنیان دەدا، بەداخەوە ئێستا پێچەوانەیە كەسانێك هەن بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن ئاستەنگ بخەنە بەردەم هونەرمەندان و بە شێوازی جیاجیا رێگری لە پێشخستنی هونەر دەكەن. من وەك نیللی مەقدسی كاتێك رووم لە هونەر كرد هیوا و ئاواتی زۆرم هەبوو و زۆر لەوە زیاتر بوو كە تا ئێستا بەدەستم هێناوە، هەرچەندە زۆر بەرهەمەكانم بە سینگڵ پێشكەش كردووە، بەڵام هەوڵمداوە بە گوێرەی توانا دوور نەكەومەوە لە گۆڕەپانەكە جگە لەو چەند ساڵەی رابردوو نەبێت كە هۆكارەكەی بە دەست من نەبووە، بەڵام بەو هیوایەم لە داهاتوویەكی نزیكدا بە ئەلبوومێك بەهێزتر بگەڕێمەوە، چونكە هەست دەكەم خەڵك تەنیا حەز لە گۆرانی سینگڵ ناكات، بەڵكو زۆر كەس خوازیاری ئەلبوومی هونەرمەندانن.
سەبارەت بە جیاوازیی هونەری ساڵانی پێشوو و ئەوەی ئێستا پێشكەش دەكرێت و تۆمەتباركردنی بە ورووژاندن لە كارەكانیدا دەڵێ: بێگومان هونەری جاران زیندووتر بوو، ئێستا كاری زۆر لە كچە هونەرمەندەكان راستەقینە نییە، بەڵكو تەنیا سەرقاڵی ئەوەن لاسایی بكەنەوە، هەروەها زۆر لە نمایشكارەكان بوونەتە گۆرانیبێژ و هەرچۆنێك بێت شتێك دەڵێن ئەگەر بنەمای زانستی گۆرانیشیان تێدا نەبێت، بەجۆرێك وای لێهاتووە جەماوەر نازانێت كە گۆرانیبێژ و نمایشكار و سەماكار لە یەكتری جیا بكاتەوە، سەبارەت بە ورووژاندن لە كلیپەكانم من هیچ كاتێك هەوڵم نەداوە بە ئەنقەست كلیپی ورووژێنەر بەرهەم بهێنم، من خۆم لە گۆرانییەكانمدا پێشكەش دەكەم بەو شێوەیەی كە خزمەتی گۆرانییەكە بكات و هەوڵ دەدەم چەند تابلۆیەكی سەماكردن پێشكەش بكەم، و زیاتر پشت بە جوانكاری هونەری دەبەستم نەك ورووژاندنێك كە بە چاوێكی بێ رێزییەوە سەیری ئافرەت بكات.
سەبارەت بەو كاتانەی كە تێیدا بە هەر هۆیەك بێت تووڕە دەبێت نیللی دەڵێ: هەوڵ دەدەم شتێك بخوێنمەوە و كەمێك لە كەسانی دەوروبەرم دوور دەكەومەوە، چونكە زۆر تووڕە دەبم و حەز ناكەم دڵی كەس بشكێنم و لە خۆمی تووڕە بكەم، پاش ماوەیەكی كورت هێمن دەبمەوە و تووڕەبوونەكەشم زۆر ناخایەنێت و كاتێك هێمن دەبمەوە هەموو شتێك لە بیر دەكەم و هیچ رق و كینەشم بەرامبەر بە كەس نامێنێت و ئەو كەسەی تووڕەی كردووم، زۆر بە نەرمی مامەڵەی لەگەڵ دەكەم، هەرچەندە خۆی وا هەست دەكات كە لەوانەیە هێرش بكەمە سەری.