ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە... ئەحمەد سالار
لە ناوەڕاستی بیستەكانی سەدەی بیستەمەوە، بیرۆكەی شانۆ و خولیای شانۆ لە باشووری كوردستان دا و بەتایبەت لە شاری سلێمانی دا چاوی بوونی هەڵهێنا. هەتا كۆتایی جەنگی دووەمی جیهان، شوێنێك نەبوو لەو شارەدا، كە ماڵی شانۆ، یان هۆڵی شانۆ بووبێ. ئەوە بوو پاش دروستكردنی ئامادەیی سلێمانی –كوڕان - بۆ یەكەم جار لە رووی تەلارسازییەوە بیر لە دروستكردنی هۆڵێكی گەورە كرابێتەوە كە سەكۆی شانۆی تیادا بووبێ. هەر چەندە دوور نییە، شانۆ وەك هونەرێك لە چوارچێوەی مەبەستی ئەو هۆڵەدا بووبێ، رەنگە بۆ ئاهەنگ، یان ئەزموونەكانی خوێندن بووبێ، بە هەر حاڵ لە رۆژی دروستكردنیەوە خۆی بە ماڵی شانۆی شار ناساند و سەپاند. بەو پێیەی ئەو شانۆیە چەند سەد مەترێ لە ماڵەكەمانەوە لە گەڕەكی (چوارباخ) نزیك بوو، بۆیە ئاشنای بەرد بە بەردیم و هەرچی دەستكاری و گۆڕانێكی بەسەردا هاتبێ ئاگادارم. بۆ نموونە كاتی خۆی دوو رێز پەنجەرەی گەورە لەم بەر و ئەو بەری هۆڵی دانیشتووانی هەبوون، پاشان گیران و پڕكرانەوە. هەروەها دیواری پشتەوەی شانۆكە دیوارێكی گەچكاری دروست بوو، كە لە رووی ئەندازەی دەنگەوە درووست بوو، تێكیان دا و كردیانە دوو دەروازەی زەبەلاحی بنمیچ، كە كارێكی نادرووست بوو، نەك جارێ پتر لە دە جار نۆژەنی بنمیچی هۆڵەكە كرایەوە. لە یەكێ لە نۆژەنكردنەوەكاندا، بنمیچی شانۆكەیان بە رارەو و پەیژەی ئاسنینی محەجەرە دار تەنی، ئەمەشیان بووە مایەی پابەندكردنی ئەو بنمیچە كە كاری رووناكی تیادا دەكرا، بۆیە بەم كارە بووە مایەی رێگرتن لە بەكارهێنان و بە دەستەوەهاتنی بۆ مەبەستە شانۆییەكە، پاشان لە تەنیشتەوە ژووریان دایە دەم پانتایی سەر شانۆكە، پاش ئەو گشت نۆژەنكردن و دەستكاریكردنە، هەر دەستخۆشی لە ئەندازیاری یەكەمی دەكەم، كە لەو سەردەمەدا هونەری نواندەوە. لەو ساڵانەدا كەناڵێكی تەلەڤزیۆن هەستان بۆ تۆماركردنی (فلیمی دیكۆمێنتیار) لەسەر ژیان و شانۆكەم، منیش هەرچۆن بردمن بۆ گەڕەك و ماڵەكەمان و هەواری باب و باوانم، لە دووتۆی ئەو گەشتە گوزارشت لە تەمەنە سەردانی شانۆی ئامادەیی سلێمانیمان كرد، زانیمان كراوە بە شانۆیەكی، كە پێی بگوترێ شانۆ، بەڵام، ئاخ و داخ بۆ ئەم بەڵامە، نەمانتوانی بچینە ژوورەوە و سەردانی بكەین، گوایە، بەرپرسێكی باڵای سیاسی، كلیلەكانی لەگەڵ خۆیدا بردووە و ئاخنیویەتە باخەڵیەوە و تایبەتی كردووە تەنیا و تەنیا بۆ كاری حزبایەتی. ئەمجارەش هەر خۆم دڵخۆشی خۆم دایەوە و گوتم: براكانم ژمارەیەكی زۆر شوێن هەیە رۆژانێ كاری شانۆییم تیادا كردووە، دەی با بڕۆین، جگە لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتی چالاكیی قوتابخانەكانی سەركارێز، كە ئەویش كاركردنی تیادا نەماوە، سێ چوار قوتابخانە هەبوون كە هۆڵەكانیان وەك هۆڵی شانۆ بەكار دەهێنا، ئەوانیش نەمابوون، ئەوسا روومان لە زانكۆی سلێمانی كرد كە شانۆی زانكۆی تیادا بوو، كە گەلێك سەربوردەی تاڵ و شیرینم لەگەڵیدا بوو. سەرەتا و كە هێشتا تەنیا (هەیكەل) بوو ساڵی (1972) شانۆی (پیسكەی تەرپیر)ی (مولێر)م تیادا پێشكەشكرد و پاشان چەندین شانۆیی دیكە و ساڵانێكیش بەرپرس و دامەزرێنەری (تیپی شانۆی زانكۆ) بووم، ئۆفیسی كاركردنم لە هەمان شوێن بوو، ئەوەی شایەنی باسە پاش راپەڕین كرایە بارەگای یەكێتی هونەرمەندان و ناوەكەشی كرا بە شانۆی هونەرمەندان، چوومە ناو زانكۆوە، بە هیوا و جۆش و خرۆشی شادبوونەوە بەو یارە هەوارەم، بەڵام تابلۆی دەرگای هۆڵی شانۆكە، تووشی حەپەسان و تیادا رامانی كردم، نووسرابوو: (هۆڵی كۆڕە زانستییەكان)! بۆچی شانۆ بكرێتە هۆڵی كۆڕی بابەتە زانستییەكان؟! جگە لەوەی وەك من دیومە و شارەزام، سەرجەم زانكۆی وڵاتان، بە زانكۆكانی جارانی عێراقیشەوە، كە لەسەر زۆربەیان كاری شانۆییم پێشكەش كردووە، چ لە بەغداد و بەسرا و موسڵ.. لەگەڵ ئەوەشدا خاسیەت و پێداویستیەكانی هۆڵی سیمینارە زانستییەكان گەلێك جودایە و خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو شانۆیە كە ئەندازیار (د. محەمەد حەسەن) درووستی كردووە، تەنیا بۆ ئەركی شانۆیی بووە. ئەمجارەش هەر بە ناچاری كەوتمە دڵخۆشیدانەوەی خۆم و برادەرەكانم، هێندەی نەبرد خۆم پێنەگیرا و پردی ئارامم پسا و كەوتمە هەڵڕشتنی زاخاوی دردەدڵ، گێڕامەوە: ئەوە بەری چەند ساڵێ بە گەشتێكی شانۆیی بانگێشتی (ئەڵمانیا) كرابووم، بە هاوەڵی چەند شانۆكارێكی ئەڵمانی سەردانی چەند شانۆیەكی چەند شارێكی ئەو وڵاتەم كرد، هەمەجۆرە شانۆ، كلاسیك، نۆێ...
جگە لە شارەزابوونم بە خاسییەتی هەر شانۆیەك، جگە لە سیستەمی خوێندنی هونەری شانۆ لەو وڵاتەدا، لەو رێگای سەردانەوە رادەی پەرەسەندنی شانۆكەیان و دەست باڵایی تەكنەلۆجیای هەرە نوێ لە شانۆكانیاندا. كەوتمە بەراوردكاریی لە نێوانی هەژاری شانۆكەمان و هەڵكشان و زەنگینی ئەوان. خواكردی ئەڵمانییەكان سەردانیان كردینەوە، یەكەم داوایان بینینی شانۆكانمان بوو، دیاربوو كاتێ ئۆفیسی شوێنە رۆشنبیرییەكانیان لە ئۆفیسی وەزیر و بەرپرسان و بە ئۆفیسی تایبەتی منیشەوە، وەك نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، وای بۆچووبوون، كە دەبێ باری شانۆكانمان چۆن بووبێ. سەرەتا میوانەكانم برد بۆ هۆڵی رۆشنبیری لە پایتەختی هەرێمدا، كاتێكم زانی هەر هەموویان لە پشت پەردەكەوە دەور و خولی جەرو چەرقەیەكیان داوە كە بە جۆتی گوریسی ئاسنین ئامێرەكەی شەتەكی پردە ئاسنینەكەی بنمیچەی شانۆكە كردووە، ئەو پردەی پابەندی كاری رووناكییە، سەیرم كرد، ئەو بەستەزبانانە ئەم سەریان ئەكرد و ئەو سەریان ئەكرد، سەریان لێدەرنەدەكرد، گیرۆدە ببوون و پەیتا پەیتا لە یەكدییان دەڕوانی. گوتم با بە هانایانەوە بچم و لەو گێژاوی (تەڵە مشكێنەیە) دەریان بهێنم، گوتم: دەزانم ئێوە لەو جۆرە هەرامە تەكنۆلۆجییە ناگەن، ئەمە داهێنانی ئێمەیە، كەوتمە بادانی جەروهندلەكەی، بەڵام چونكە ژەنگی گرتبوو، بە باشی بۆم هەڵنەدەسووڕا، ناچارمان بە هەموویان كۆمەكیان كردم، زرم پردە دای بەسەر تەختەی شانۆكەدا و هەموویان خراپ داچەڵەكین، بەڵام كاتێ لە ئەركی ئەو ئامێرە عەنتیكە خۆماڵییەمان حاڵی بوون، پێكەنین خورپە و داچڵەكینی لە بیر بردنەوە. پاشان گوتم: ئێوە گەلێك كەلەپوور پارێزن، بۆیە بە چاكی دەزانم ئەمە ئامێرە بكەمە دیاری بۆتان و ئێوەش لەگەڵ خۆتاندا بیبەنەوە و بە خۆشی و تامەزرۆییەوە خەڵاتی مۆزەخانەی شانۆی ئەڵمانی بكەن و لە گۆشەی ئامێرە دانسقە و دەگمەنەكانی دوو هەزار و پێنچ سەد ساڵەی شانۆدا دایبنێن، دوای ئەو شانۆیە گەلێك شتی سەیرترم پیشاندان. كاتێ گەڕاینەوە شوێنەكەم لە هونەرمەندان، گوتیان: ئێمە ئامادەین، هەر كە چووینەوە داوایەك بدەینە وەزارەتی دەرەوە دوو سێ بارهەڵگر پێداویستی شانۆیتان پێشكەش بكەین، بەبێ ئەوەی، تەنانەت پارەی گواستنەوەشتان بچێتە ئەستۆ.
بەڕاستی دڵخۆشیان كردم، خێرا پێوەندیم بە وەزارەتی رۆشنبییرییەوە كرد و ئەو مژدەیەم پێدان، كە چی زۆر بە ساردییەوە وەریان گرت، هەر دەتگوت شوڵكێكی تەڕیان بە قوڵنگەی كەپوویاندا داوە. كۆڵم نەدا و شاندەكەم برد و بابەتەكەم خستە دیاریان، لە بری خۆشحاڵی (شیردا بۆ داپیردا...) یان دەهێنایەوە. ناچار كەوتمە شیكردنەوە و مەزنیی ئەو كارە، كاتمان بەسەر برد و چای خواردنەوە قاوەی بە دوادا هات و بووەوە بە چایی خواردنەوەی دووەم وسێیەم، هەر نەچوونە ژێر بار و، كاتێ هەستاین گوتی: خوا كەریمە، ئینشائەڵڵا..
من خۆم ساڵەهایەكی تەمەنم مامۆستای هونەری نواندن بووم، چ لە پەیمانگا و چ لە كۆلێج، بۆیە زوو تێگەیشتم، كە مەبەستی نییە، ئەو خوا كەریم و ئینشائەڵڵایە، بە پێچەوانەی مەبەست و واتاكەیەوە، كە پێی دەگوترێ (بنە وشە و بنە رستە) واتا مەبەستی ئەو پیتە پێكهاتانەی وشەو رستەكە نییە، بەڵكو تەواو بە پێچەوانەوە، هەرواش دەرچوو، چونكە بۆ جارێكی دیكە سەردانم كردەوە كە بەڕێزیان لە وێ نەبوون، بەڵكو برادەرێكی دیكە بوو، ئەویش، هەڵدەستێ (قیرسچمانە) بوو. ئەمە ئەوەیە كورد واتەنی: «بە دەستی ئەنقەست دەست بە خێری خۆیەوە دەنێ.»
یاران یاوەران، خوداتان بێ ئێستاش ئەوقبوون و حەپەسان و وڕبوون كاسی كردووم و بەرینەداوم، لە فەلسەفەی ئەو نەویستنە نەگەیشتووم، خێرتان دەگاتێ بە فریام بێن. كردبووم بەخوو، هەر جارێ بچوومایەتەوە شاری سلێمانی، دەور و خولی ئامادەیی سلێمانیم دەدا، بە دەست خۆم نییە، دڵم دەستم دەگرێ و دیارە دەیان یادگاری شانۆییم لە تەك شانۆكەیدا هەیە.
دوایین جار بۆ ئەو فلیمە (دیكۆمێنتار)ییەی تەلەفزیۆنی (رووداو)، كە ماوەی حەوت مانگە كاری تیادا دەكەن، بەتایبەتی وێنەگر و دەرهێنەرەكەی (كاكە حەیدەر) و بەرهەمهێنەر (كاكە زانا). داوایان لێكردم چەند گرتەیەك لەو شانۆیە بگرن، ئەوەی دڵخۆشی كردم و ترسێكی گەورەی رەوانەوە، ئەوەبوو، بەڕێوبەرەكەی دڵنیای كردمەوە، كە بۆ دوایین جار مەترسی داگیركردن و كردنی بە بازاڕی لەسەر نەماوە و وەك شوێنێكی كەلتووری دەپارێزرێ.
دیارە خوا چاوی میهرونەوای لە شانۆكارانی شارەوە بوو، دەنا ئەو شانۆ و ئامادەییەش، بە هەمان مەرەی خوێندنگاكانی دیكە دەچوو، باش بوو بوون بە مۆڵ لە چارەی نەنووسراو بوو...