"شوێنێك بۆ یاری" خەڵاتی سانفرانسیسكۆی عەرەبیشی پێچایەوە
بە پێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتیی كۆمپانیای "نارین فیلم"، فیلمی سینەمایی "شوێنیێك بۆ یاری" (كیك ئاف) KICK OFF لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد "شەوكەت ئەمین كوركی" لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 15مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی عەرەبی لە شاری سانفرانسیسكۆ لە وڵاتی ئەمەریكا نمایشكرا و توانی خەڵاتی سەرەكی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
فیلمی سینەمایی "شوێنیێك بۆ یاری" كە بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی كوردستان لەم فیستیڤاڵە نمایشكرا، بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ 24 فیلمی سینەمایی دیكە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ركابەریدا بوو.
"شوێنیێك بۆ یاری" لە سێ شانسی جیاوازدا لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی عەرەبی چووە سەر پەردەی سینەماكان.
پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی عەرەبی بە بەشداری كۆمەڵێك فیلم لە سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان لە رۆژانی 13 تا 23ی ئۆكتۆبری 2011 لە شاری سانفرانسیسكۆ لە وڵاتی ئەمەریكا بەڕێوەچوو.
فیلمی سینەمایی "شوێنیێك بۆ یاری" تاكو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیهاندا نمایشكراوە و كۆمەڵێك خەڵاتی پڕبایخی بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستهێناوە.