ئەمانی سوێسی بۆ گوڵان: بڕوام بەشتی واقیعی و مومكین هەیە
گوڵان: بەیروت- فابیان عۆن
• لەبەرچی گۆرانیی (موت موت) ت هەڵبژارد؟
- ئەو گۆرانییەم زۆر خۆشویست، چونكە هۆنراوەكەی ئاسان بوو، هۆنراوەكەی هی شاعیر سوڵتان ئەلمەجالی و ئاوازی فایز سەعید بوو، سوپاس بۆ خوا ئەو گۆرانییە توانی بچێتە نێودڵی خەڵكەوە، ڕادەی سەركەوتنەكەی لەپێشبینییەكانی من زیاتر بوو ڤیدیۆكلیپەكەشی لەڕادەبەدەر جوان بوو، لێرەدا پێویستە ستایشی ڕۆڵی دەرهێنەر زیاد خوری بكەم كە تیایدا وێنەو بیرۆكەیەكی زۆر جوانی تەحەددای ئافرەتی بۆ خۆشەویستە كۆنەكەی نیشاندا كە پێوەندیی خۆشەویستیی نێوانیان سەرنەكەوت.
• بیرت لە گۆڕینی ناوی گۆرانییەكە نەكردۆتەوە بەوپێیەی لەزاراوەیەكەوە بۆ هی دیكە دەگۆڕدرێت؟
- نەخێر بیرم لێ نەكردۆتەوە، ئەو گۆرانییە بەزاراوەی خەلیجییە و بێگومان جیاوازی لەهەندێ وشە هەیە لەزاراوەكانی وڵاتە خەلیجییەكان وڵاتانی دیكەی عەرەبی، بەڵێ ڕاستە ناوی گۆرانییەكە ڕۆڵی لەڕاكێشانی سەرنجی گوێگر دەبێت، لەزاراوەی لوبنانی ئەو وشەیە واتای ئەوە دەدات كە من هیوای مەرگ بۆ خۆشەویستەكەم دەخوازم لە زاراوەی خەلیجیش واتای دانی خەم بەخۆشەویستەكەی دەدات.
• چۆن بوو بڕیارتدا گۆرانی بە زاراوەی كەنداو بڵێی؟
- بێگومان زۆر چاوەڕوان بووم و لێرەدا سڵاو و رێزی خۆم بۆ هەموو گەلانی كەنداو دەنێرم كە لەوەتەی بەرنامەی ستار ئەكادیمی تاوەكو ئێستاش یارمەتیم دەدەن و زۆربەی سەركەوتنەكانم لەدەوڵەتانی خەلیج بووە ودەبوایە لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە بوایمە.
• ئەزموونی فستیڤاڵی جەنادرییە بۆتۆ چ سوودێكی هەبوو؟
- بێگومان زۆر پێی دڵخۆش بووم، من دووەمین دەنگی ئافرەت بووم لەو فیستیڤاڵە لەدوای نەوال كوێتی، زۆریش شانازی بەوە دەكەم دەنگی من لەپاڵ دەنگی هونەرمەندای وەكو نەوال و محەمەد عەبدو و هونەرمەندانی دیكەی سعوودی دا دێت، زۆریش بەكاركردنم لەگەڵ شاعیری سعوودی جەنابی میر بەدری كوری عەبدولموحسین خۆشحاڵم كەبەڕێزیان بنەما سەرەكییەكانی ئەو زاراوەیەی فێركردم ئەمەش لەخۆیدا بوو بەسەركەوتنێك بۆ من.
• خۆت بیرت لەهۆكاری سەرەكیی ئەو هەڵبژاردنە نەكردووە؟
- بەهرەی من منی گەیاندە ئەو فیستیڤاڵە،هیچ كەس ئەوە ئینكار ناكات بەرلەوەی هیچ گۆرانییەك لەئەرشیفی من هەبێت من لەسەر گەورەترین شانۆكانی لوبتان كەشانۆی خانەوادەی ڕەحبانییەكانە، گۆرانیم گوتووە كەگ ەورە هونەرمەندانی لوبنان گۆرانییان لەسەر گوتووە، سوپاس بۆ خوا هەنگاوەكانم هەموویان جێگیربوون و لەماوەیەكی كورتدا ئەنجامی وا بەدەستبهێنم كەكەسی دیكە نەیتوانیبێ بەدەستی بهێنێ.
• دوایین ئەلبوومت بەناوی(انا مش ملاك – من فریشتە نیم) بوو، پێت وانییە ئەو گۆرانییەت بە بەرزتر لە گۆرانییەكانی دیكە زانیوە؟
- نەخێر ئەو قسەیە ڕاست نییە بەبەڵگەی ئەوەی ئەو گۆرانییەم كلیپ نەكرد تا رۆشنایی زیاتری نەخەمە سەری لەسەر حیسابی گۆرانییەكانی دیكە.
• لەگۆرانیی (ارجعلهم- بۆیان بگەڕێوە) خۆت لەخانەی ئەو ئافرەتە دانا كە پیاوی خێزانداری خۆشدەوێ لەوە ناترسی پڕوپاگەندەت لەدوادا دەربچێ لەمبارەیەوە؟
- زۆر سەیرم بەو جۆرە قسانە دێت چۆن من بەوە قبووڵ دەكەم لەگەڵ پیاوی خێزاندار خۆشەویستی بكەم بەڵام ئەو شتە لەژیانی ڕۆژانەدا ئینكاری ناكرێت و پێشموایە پێویستە هونەرمەند خۆی لەقەرەی هەموو ئەو بابەتانە بدات كە ڕای گشتی پێیەوە كاریگەر دەبێت لەبارەی پڕۆپاگەندەوەش من زۆر پێیانەوە خۆشحاڵم وبەخۆم دەڵێم ئافەرین توانیم خاڵێكی دیكە بخەمە نێو ئەرشیفی هونەریی خۆمەوە.
• هەوڵی گەیاندنی پەیامی تایبەت دەدەی لەڕێگەی گۆرانییەكانتەوە؟
- (بەپێكەنینەوە) بەڵێ جارێكیان وام كرد لەڕێگەی گۆرانییەكەوە كەناوی ناڵێم ویستم پەیامێك بۆ كەسێك بنێرم.
• گۆرانیی(لا لظلم – نابۆ زوڵم)لەهۆنراوەو ئاوازی خۆت بوو ئایا ئەوە واتای ئەوەیە تۆ بۆ ئەو ئەركە ئامادەی؟
- ئەوە تاكە ئەزموونە و لەئەنجامی مەینەتی ونیگەرانیم لەبارەی بارودۆخی وڵاتە خۆشەویستەكەمدا هات وئەوكاتەش توونس لەبارودۆخێكی زۆر ناهەمواردا دەژیا ئەوەش بووە هاندەرم بۆ نووسینی ئەو هۆنراوەیە بەبێ هیچ ئامانج وسوودێكی ماددی بەڵكۆ بۆ سوودی مرۆیی.
• بیستمان كە دوو داوەتنامەت بۆ هاتووە بۆ سازدانی ئاهەنگ لەهەولێر بەڵام بەجێت نەهێنا، لەبەرچی؟
- ڕاستە، دایكم ڕێگرم بوو لەهاتنم بۆ هەولێر چونكە وایدەزانی بارودۆخی ئاسایش تیایدا ناسەقامگیرە بەڵام ئێستا دەزانم بارودۆخی ئەم وڵاتە چۆنە و پرۆژەم هەیە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە بەڵام بڕوام پێبكە من شانازی بەم دوو داوەتە دەكەم چونكە بەڵگەی خۆشەویستییە لەلایەن گەلی كوردەوە بۆ من و بەسەبرەوە چاوەڕوانی ئەم ئاهەنگانەم چونكە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لەژیانی من لەژیانی تایبەتی وهونەریم.
• ویستەكانت لەدەرەوەی واقیعن؟
- نەخێر من بڕوام بەشتی واقیعی ومومكین هەیە، من كچێكی ئاسایی بووم دەمخوێند و كارم دەكرد بوومە كەسێكی دیار و بەناوبانگ، كەواتە مكوڕبوون لەسەر هێنانەدی هیواو ئاوات دەتوانێ مرۆڤ بگەیەنێتە ئەو ڕادەیەی كەخۆی دەیەوێ وبێگومان ئەوەی دڵی هونەرمەند خۆش دەكات كاردانەوەی خۆشەویستانێتی لەبارەی گۆرانییەكانی.
• چ لەخۆشەویستی خۆت دەخوازی؟
- دەمەوێ تێمبگات ئەوكات لەژیانێكی زۆرخۆشدا دەبین.
• چۆن دەڕوانیتە ئیرەیی لەبواری هونەردا؟
- نەخۆشییە وزۆرجار دەبێتە شیزۆفرینیا لەلایەن كەسانێكەوە.
• ڕەوشت و لێدوانەكانی هونەرمەند كاریگەریی بەسەر ڕەوتی هونەرییدا دەبێت؟
- بێگومان، چونكە كەسی بەناوبانگ هەموو خەڵك لەسەر وشەیەك یان ڕەفتارێك موحاسەبەی دەكات ولەهەر قسەیەك یان ڕەفتارێكی هەڵە خۆشەویستیی لەدڵی خەڵكدا كەمدەبێتەوە، ئەمەش مایەی مەترسییە بۆی چونكە جەماوەر پێوەری سەركەوتنە.