عەبدوڵا پەشێو بەدەنگی عەدنان كەریم و میوزیكی كامكاران بڵاوكرایەوە
دوێنێ سێشەممە ئەلبوومی خاتوون-ی عەدنان كەریم و سەبا كامكار بڵاو كرایەوە و، پێشبینی دەكرێ پێشوازییەكی بەرفراوانی لێ بكرێت.
ئەلبوومی خاتوون دووا پرۆژە بەرهەمی گروپی كامكارانە لەگەڵ هونەرمەند عەدنان كەریم و، بەرهەمەكە لەگەڵ سەبا كامكار تۆماركراوە و، تەواوی شیعرەكانی ئەلبوومەكە دكتۆر عەبدوڵا پەشێو نوسیویەتی.
كاری موزیك و دابەشكردنی لەلایەن هۆشەنگ كامگار و گرووپی كامگكارەیلەوە هاتووەتە جێبەجێكردن، سەرچاوەیەكیش بە (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەم ئەلبوومە زیاتر لە 30 هەزار دانەی لێ هاتووەتە چاپكردن، بەمەش ئەم ئەلبوومە لە رووی ژمارەوە زۆرترین تیراژی لە مێژووی گۆرانیی كوردیدا تۆمار كردووە.
لەدیمانەیەكی پێشتر گۆڤاری گوڵان، عەدنان كەریم لەبارەی خاتوون-ـەوە دەڵێ: (خاتون) زیاتر بهرههمی كامكارانه، ئاوازهكان مامۆستا هوشەنگ کامکار دایناون. كاتێك منیان ئاگادار كردهوه كاری مۆسیقایان كردبوو، بهڵام وابزانم چهند ساڵێكه چاوهڕێی گۆرانیبێژێكی گونجاو بوون بۆ ئهوهی بتوانێت ئهو ئاوازانه بخوێنێت، كه پێوهندییان به منهوه كرد بۆئەوەی من ئهو گۆرانیانه بڵێم، دیارە کامکاران دەزانن کە من تا ڕادەیەک کەمە ئەزموونێكم هەیە لەگەڵ هۆنراوەی کلاسیک و شیعری نوێ بەتایبەتی ئەو شیعرە نوێ و هاوچهرخانەی مامۆستا عهبدوڵڵا پهشێو، ئاسان نییە و میلۆدیەکانی دەبێ دووبارە نەبێتەوە و لەگەڵ وێنە شیعریەکاندا بە وردی مامەڵە بکرێ.
وتیشی:كاك هۆشهنگ كامكارلە پێوەندییەکدا ئاگاداری کردم کە ئەو بەرهەمەی ئامادە کراوە تایبەتە بە هۆنراوەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو شاعیرە بەرزەی کورد، لە ڕاستیدا چوار هۆنراوەی هەڵبژاردبوو بۆ ئاوازەکانی، ئەوەی ماوە سێ مهقام بوو هەر لەو بەرهەمەدا پێشهکی هەڵبژاردنی هۆنراوەکانی بۆ من بەجێهێشتبوو، واتە هەڵبژاردنی هۆنراوەکان بە ئارەزووی هەردولامان بوو. بەداخەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کتێبخانەیەک لە سوید دیوانەکەی مامۆستا عەبدوڵڵایان چاپکردبوو بە بێ پرسی خۆی کە زۆر هەڵەی تیادابوو، ئەو چاپە پڕ لە هەڵانە کەوتبووە دەست کامکاران، هەر بۆیە هەوڵێکی زۆرمدا بۆ ڕاستکردنەوەیان لەکاتی تۆمارکردن لە سەردانەکەمدا بۆ تاران. ئەو ستایلەی کە داواکرابوو لێم بۆچڕینی مهقامهكان سهربهستانە بوو، من زیاتر هەوڵم داوە لە گەڵ هەلچوون و داچوونی مۆسیقاکە مهقامەکان بڵێم، هەوڵم داوە شیوازە ڕەسەنەکانی وەک هونەرمەندان تاهیر تۆفیق و عەلی مەردان و قادر دیلان حەمە سالح دیلان بەرگوێی خەڵکی بدەمەوە، بەڵام بە دەنگی خۆم، خۆتان دەزانن کە ئەو هونەرمەندانە لای من ڕوونترین و بێگەردترین سەرچاوەی لەبن نەهاتووی مۆسیقای کوردین، کە هەر دەنگی ئەو هونەرمەندانەیه لە شوناسی مۆسیقای بێگەردی کوردیمان نزیک دەخەنەوە.
ئالان عەلی بەڕێوەبەری كۆمپانیای "ئاڤا میدیا" بە ئاكانیوزی گوت، دوای ماوەیەكی زۆر لە كاركردن و تۆماركردنی دەنگ و كاری تەكنیكی و هونەری، ئەمڕۆ ئەلبوومی (خاتوون)ی عەدنان كەریم بە تیراژێكی زۆر و بە كوالێتییەكی هونەریی بەرز هاتە بڵاوكردنەوە.
لە بارەی ئەو كوالێتە بەرزەش عەلی گوتی (سی دی)یەكە بە شێوازێك هاتووەتە دروستكردن فسفۆڕێكی تایبەتی وەك لۆگۆ بەسەرەوەیە بە ئاسانی ناتوانرێ كۆپی بكرێ، ئەم كارەی ئێمە زیاتر كارێكی نیشتمانی و قازانج نەویستە تا ئەو بەرهەمە هونەرییە ئاست بەرزەیلە بگەنە گوێگرەیل.