براده‌ر: هونه‌ر پێویستی به‌ سه‌رمایه‌ و هاوكاری هه‌یه‌

براده‌ر: هونه‌ر پێویستی به‌ سه‌رمایه‌ و هاوكاری هه‌یه‌
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و سینه‌ماكاری كوردی براده‌ر ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ به‌ سه‌ردان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، سه‌ردانی ئه‌م جاره‌ی براده‌ر ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ردانێكی ئاسایی و بۆ به‌ سه‌ركردنه‌وه‌ی دۆست و كه‌سوكاریه‌تی ئه‌وه‌نده‌ هونه‌ری نییه‌.
له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ گوڵان هونه‌رمه‌ند براده‌ر سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی كوتی: سه‌ردانی ئه‌م جاره‌م سه‌ردانێكی ئاساییه‌ ته‌نیا بۆ بینینی هه‌ندێك له‌ دۆست و براده‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كانم هاتووم و په‌یوه‌ندی به‌ هونه‌ره‌وه‌ نییه‌، كه‌ ده‌ڵێم هونه‌ری نییه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ هونه‌ره‌وه‌ نه‌بێت، چونكه‌ من هونه‌رمه‌ندم و و به‌و سیفه‌ته‌ زیاتر لای خه‌ڵكی خۆم و له‌ ده‌ره‌وه‌ش ناسراوم، هونه‌رمه‌ندیش هه‌میشه‌ دڵی له‌لای هونه‌ره‌كه‌یه‌تی جا له‌ هه‌ر بارودۆخ و شوێنێك بێت .
براده‌ر كه‌ جگه‌ له‌ گۆرانی گوتن ئه‌كته‌ریشه‌، به‌ڵام له‌م باره‌یه‌وه‌ زیاتر له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌شداری له‌ كاری سینه‌ماییدا ده‌كات و به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت، ده‌رباره‌ی كاری نوێی كوتی: له‌ بواری سینه‌ما من له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌رده‌وامم له‌ كاری نواندن و تا ئێستا به‌شداریم له‌ چه‌ند فیلمێكدا كردووه‌ كه‌ به‌ زمانی هۆڵه‌ندین، له‌ بواری گۆرانی كوتنیش من هیچ كاتێك بێ به‌رهه‌م نه‌بووم و هه‌میشه‌ به‌رهه‌می نوێم هه‌یه‌ و به‌و هونه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانم خزمه‌تی گه‌له‌كه‌م بكه‌م و كێشه‌ ره‌واكه‌ی و كەلتورو فه‌رهه‌نگی به‌ گه‌لانی جیهان بناسێنم، من ئێستا چه‌ندین به‌رهه‌مم ئاماده‌یه‌، به‌ڵام به‌رهه‌م و كاری هونه‌ری پێویستی به‌ سه‌رمایه‌یه‌، په‌یدا كردنی ئه‌و سه‌رمایه‌ش بۆ هونه‌رمه‌ندێكی وه‌كو من یان بۆ هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ كارێكی زۆر زه‌حمه‌تە به‌تایبه‌تی له‌ ئێستادا، كه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ هونه‌رمه‌ند بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی له‌ رێگای هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ په‌یدا بكات، چونكه‌ له‌ كوردستان تا ئێستا یاسایه‌ك نییه‌ كه‌ مافی هونه‌رمه‌ند بپارێزێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كاری نوێ پێشكه‌ش بكات و داهێنان بكات له‌ هونه‌ره‌كه‌یه‌دا.
ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا هونه‌ری كوردی تێیكه‌وتووه‌ براده‌ر ده‌ڵێ: جاران له‌ كوردستان هاوكاری هونه‌رمه‌ندان ده‌كرا، به‌ڵام نازانم بۆچی بارودۆخی هونه‌ری كوردی ئێستا به‌و شێوه‌یه‌ راسته‌ هونه‌ر پێویستی به‌ خه‌رجی هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ وه‌ك كورد ئێستا زیاتر پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵی پێشخستنی هونه‌ره‌كه‌مان بده‌ین نه‌ك دروستكردنی ئاسته‌نگ و ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ندان.
Top