نازێ عەزیزی: هونەر دەرد و دەرمانی منە

نازێ عەزیزی: هونەر دەرد و دەرمانی منە
خاتوو نازی عەزیزی لە باشووری كوردستان درێژە بە هونەری خۆی دەدات، راستە خۆی خاوەن توانا و بەهرەیەكی هونەری بەرزە، بەڵام بوونی لەم پارچە ئازادەی كوردستان بووە هۆی پەرەپێدان و زیاتر دەركەوتنی هونەرەكەی، لەلایەن ئوستادانی گەورەی ئێران خوێندنی مەقامی تەواو كردووە و زۆریش حەز بەخوێنەری مەقامی تازەو تایبەت بەخۆی دەكات، خاوەنی دەنگێكی خۆش و هەستێكی جوانە، هونەر بۆ ئەو بووەتە بەشێكی سەرەكی ژیانی كە ناتوانێت لێی جیا بێتەوە، نازێ عەزیزی لە بەسەركردنەوەیەكیدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

ئا: بەهرە سدیق


* بیستوومانە گوایە نازێ خان ناتوانێ بێ هونەر بژی و لەهەمان كاتیشدا بەهونەریشەوە ناژی؟
- راستە هونەر هەم دەرد و هەم دەرمانمە، تەنها شتێك كە دەردەكانم دەرمان دەكات هونەرەكەیە، دیسان دەردی تازەم بۆ ساز دەكات و دەهێنێتە بوون و تیماریشی دەكات.
* ماوەیەك خەریكی هاتوچۆ بووی لەنێوان هەولێرو دهۆك بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری ئێستا خەریكی چیت؟
- بڕیار بوو دوو كار ئەنجام بدەم یەكێكیان پرۆگرامێك بوو بۆ ئەوەی رێكلام بكەم بۆ شوێنێكی بازرگانی كە رێك نەكەوتین، دواتر خەریكی دوو كار بووم وەكو ئیش (دیزایینی باخچە و شتی تر)بوو،ئێستا لەهەولێر خەریكی بەرنامەكانم و هەفتەی رابردوو كلیپێكم تەواو كرد كە یەكێك لە گۆرانییەكانی هونەرمەندی مەزن عەلی مەردان بوو بەهاوكاری كاك زانكۆ دەسكۆ بەرێوەبەری تازەی چوارچرا كە مقامەكەیان بۆكردم بەكلیپ و وێنە گرتن كە بەكامێرای سینەمایی گیرا، و بەراستی هاوكاری زۆریان كردم، بەهاوكاری دلێر حوسێن و مسلیم و بەشێوەیەكی پرۆفیشیناڵ كلیپەكەیان لەدەرەوەی هەولێر و ناوەوەی ئەنجام دا میوزیكەكەشم كۆرسی كەناڵ بۆی كردبووم پێموایە نوێگەریەتی تێدایە لەهەفتەی داهاتوو بڵاودەبێتەوە هیوادارم ئەوكەسانەی جەماوەری منن و بینەرن بەدڵیان بێت و جێگای رەزامەندی بێت
* دەنگی تۆ بۆ مەقام گونجاوە، تاچەند گرنگیت بە مەقام داوە؟
-راست دەكەی دیارە لەسیدی یەكەمم چەند بەیتێكی بچووكم بە مەقام وتوە، بەڵام لە ئاهەنگەكانم هەر بەمەقام گۆرانی دەڵێم، مەقام. زۆر خۆش بۆ شەوە ئاهەنگ بۆ كەسێكی خاوەنی هەست بێ و گوێ لە میوزیك بگرێ، بۆیە پێویستە هونەرمەند دەنگی مەقامی هەبێ ئەگەرنا ناتوانێت ئاهەنگ بگێڕی، خۆی لەخۆیدا مرۆڤ پێویستییەتی لەگەڵ خۆیدا دابنیشێ لەم كاتانەدا مەقام ئارامییەكی تایبەت دەدات بە مرۆڤ.
* ئەم كارەی ئێستاتان مەقامی تێدایە؟
- خەریكی كار كردنم لەسەر مەقامی چەند مەقامبێژێكی ناوچەی گەرمیان و موكریان و چەندین شوێنی تری كوردستان، هەروەها خەریكی چڕكردنەوەی چەند دانە لاوكم (لاوكی مریەم خان)، لە پرۆژەمدا هەیە ئەگەر هیچ كێشەم نەیەتە پێشێ بێگومان جێبەجێی دەكەم.
*بیرت لێ نەكردۆتەوە بەرهەمێكی تایبەتی مەقام تۆمار بكەی؟
-وەك بەرهەم نەخێر بەكەسێكی مەقامبێژ ناسراوم، چونكە هەر لەئێران لەلای ئوستادی گەورەی ئێران لە تاران مەقامم تەواوكردووە، زەمینەم هەیە دەتوانم مەقام بڵێم، بۆیە پێمخۆشە چەند مەقامێكی خۆش بەدەنگی خۆم تۆمار بكەم و لەلای چەند برادەرێكی میوزیكژەن، بە هۆنراوەی تایبەت بەخۆیان، ئەو مەقامانەی لەبەرنامەم داهەیە هەمووی تازەن، دەمەوێ مەقامی نوێ بڵێم.

Top