چنار: پێوهندی من و هونهرمهندان سنوورداره
ئا:خەلیل بلەیی
* بڕیار بوو لە زنجیرە درامای (گەردەلوول) بەشداری بكەیت ئەم بابەتە بەكوێ گەیشت؟
-بەڵێ دەنگۆی ئەوە هەبوو كە لە درامای (گەردەلوول)دا بەشداری بكەم، ماوەیەكی زۆر لەگەڵ بەڕێز جەلیل زەنگەنە وتوێژمان كرد، بەڵام دواتر گەیشتمە ئەو بڕیارەی كە بەشداری نەكەم لەگەڵ رێز و خۆشەویستییەكی زۆرم بۆ دەرهێنەری بە توانا جەلیل زەنگەنە.
* راستە هەندێك مەرج بوونە رێگر لەبەردەم بەشداری نەكردنت؟
- من وەك مەرج هیچ مەرجێكم نەبوو بەرامبەر بەشداربوونم لەو درامایە، بەڵام ئامانجی سەرەكی من تەنها سەركەوتنی بەهێزی ئەو رۆڵە بوو كە دەدرا بە من وەك یەكێك لە رۆڵە سەرەكییەكان.
* مەرجە سەرەكییەكانت چین بۆ بەشداری كردن لە هەر كارێكی نواندندا؟
- من چەند جاری پێشتریش ئاماژەم بۆ ئەوە كردووە لە چاوپێكەوتنەكانی گۆڤار و رۆژنامەكاندا كە هەرگیز پێشتر كاری نواندن خەونی من نەبووە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەموو بوارەكانی هونەر لە لام پیرۆزن، بۆیە هەر كارێكی هونەری سەركەوتنی خۆمی تێدا ببینم و لە خزمەت هونەری نەتەوەكەماندا بێت ئەوا من بە شانازییەوە بەشداری تێدا دەكەم، تاكە مەرجی منیش بۆ بەشداری كردنم لە هەر كارێكی نواندن ئەوەیە كە باوەڕم بەوە هەبێت ئەو كارە سەركەوتوو دەبێت و وەكو تیشكێك بەخێرایی دەچێتە ناو دڵی بینەرەوە.
* بۆ هونەرمەند چۆنایەتی یان چەندایەتی گرنگە بۆ ئەوەی بگاتە نێو دڵی جەماوەر؟
-بە هونەرمەند بوون بۆ خۆی كارێكی ئاسان نییە بەتایبەتی ئەگەر ئامانجی ئەوەشت هەبێ كە بگەیتە ناو دڵی جەماوەرەكەت، بەڵام بوونی كەسایەتییەكی بەهێز لە پاڵ هونەرێكی باش و بەرهەمی هونەری جوان وەك دوو هۆكاری گرنگ یەكتر بە هێز دەكەن، دەرفەتێكی باشتر دەدات بە هونەرمەند تا خۆشەویستی زۆرترین جەماوەرەكەی بۆ خۆی بە دەستبهێنی.
* لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەرهەمی نوێ پێویست ناكات هونەرمەند بە رووخسارێكی تا رادەیەك نوێوە دەركەوێت؟
-بەڵێ گۆڕانكاری گرنگە، بگرە پێویستیشە لە رووخساری هونەرمەنددا لە پاڵ هەر كارێكی نوێدا، بەڵام بە بڕوای من گۆڕانكارییەكان نابێ زیادەڕۆییەكی وای تێدا بكرێت كە هونەرمەندەكە تێیدا نەناسرێتەوە و ئەو كەسایەتییەی كە پێشتر لە كارەكانی تریدا پێی ناسراوە بە تەواوەتی ون نەكرێت.
*ئایا گۆرانی فۆلكلۆری دەڵێیتەوە؟
-من زۆر حەزم لە گۆرانی فۆلكلۆرە و بۆ خۆم زۆر دەیانڵێمەوە، بەڵام وەكو ئەوەی كارێكی لەو جۆرەم وتبێتەوە و پێشكەشی گوێگرانی خۆم كردبێت تا ئێستا نەبووە، هیوادارم لە داهاتوودا كات و دەرفەتم هەبێت بۆ كار كردن و خزمەت كردنی لەو بەشەی تری هونەری گۆرانی وتندا، چونكە هونەری فۆلكلۆر بناغەی هونەری هەموو نەتەوەیەكە.
* گۆرانییەكت بۆ منداڵان گوت سەركەوتنی بەدەستهێنا، بیر لە دووبارە كردنەوەی كارێكی لەم جۆرە ناكەیتەوە؟
-خۆشەویستی منداڵ لە دڵی مندا بۆ هەمیشەیە بۆیە لەو رۆژەوە دڵنیابە كە ئەو كارە دووبارە دەكەمەوە و زۆر دڵخۆشم بەوەی خاوەنی ئەو بەرهەمەم بۆ منداڵان.
* بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندان چۆنە؟
- لە راستیدا پەیوەندی من زۆر سنووردارە لەگەڵ هونەرمەندان و ژمارەیان زۆر كەمە ئەوانەی كە من لە نزیكەوە دەیانناسم، لێرەوە سڵاوی خۆم بۆ هەموو هونەرمەندانی كورد دەنێرم.
* شەرم بۆ هونەرمەند چی دەگەیەنێت؟
-بوونی تۆزێك شەرم نەك تەنیا لای هونەرمەند بەڵكو لە هەموو كەسێكدا گرنگە، هەروەك چۆن ئەیڵێن ترسنۆك نەبیت، بەڵام لە هەمان كاتدا تۆزێكیش شەرم هەبێت، بێگومان منیش مەبەستم بوونی ئەو شەرمە نییە كە روومەتەكانی مرۆڤ سوور بێت، هونەری شەرم كردن لای من لەوەدایە كە وا لە مرۆڤ دەكات چۆن بەڕێزەوە لەگەڵ خەڵكدا هەڵسوكەوت بكات و بە هەستی بەرامبەرەكەی رابگرێت، ئایا ئەویش بەشێك نییە لە هونەر.
* لە زۆربەی ئاهەنگ و كلیپەكانت تێبینی بوونی قایشێك یان پارچە پەڕۆیەكی بچوك دەكرێت، نهێنی ئەمە چییە؟
-راستە من زۆر جار قایشەكە یان پەڕۆیەكی رەش لە دەستمدا بەكاردەهێنم، ئەوە تەنیا بۆ جوانییە و لە پاڵ ئەوەشدا هەست دەكەم ئارامیم پێدەبەخشێت.
* جگە لە هونەر كاتەكانت چۆن بەسەر دەبەی؟
-من ئێستا لە پاڵ هونەرەكەمدا سەرقاڵی خوێندنم لە بواری زانستی كۆمەڵایەتیدا، ئەو كاتانەی تریش كە دەمینێتەوە یان وەرزش دەكەم یانیش لەگەڵ خێزانەكەم و هاوڕێیەكانم بەسەری دەبەم.
* تێبینی دەكرێت چنار مكیاژی زۆر ناكات، هۆكارەكەی چییە؟
-زۆر لە گۆڤار و رۆژنامەكان ئەو پرسیارەیان لێكردووم كە بۆ مكیاژی زۆر ناكەم، من بۆ خۆم زۆر حەزم لە مكیاژە و گرنگیشی پێدەدەم، بەلام دەشتوانم بێ مكیاژ بم، هەرچەندە مكیاژ كردنیش دەكەوێتە سەر ئەوەی كە بۆ كوێ دەچیت، هەندێك شوێن رەنگە پێویستی بە مكیاژ كردن نەكات، پاشان باوەڕیشم بەوە نییە ئەگەر مكیاژێكی تۆخ بكەیت ئیتر جوان دەردەكەویت، بەڵام ئەو رەنگانەی كە هەڵیاندەبژێرم بە زۆری كاڵن و سەر بە رەنگە ماتەكانن.
* چ پەیامێكت هەیە بۆ جەماوەری خۆت لە كوردستان؟
- لە كۆتاییدا پاش رێز و سڵاوم بۆ گوێگران و هەوادارانی دەنگی خۆم و خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان، دەستخۆشی لە كەناڵی كوردسات دەكەم بۆ بڵاوكردنەوەی زنجیرەی دۆبلاژكراوی (یی سان) و دەمەوێ پێیان رابگەیەنم كە من یەكێكم لە بینەرانی بەردەوامی ئەو درامایە جوانە و هەموو رۆژێك چاوەڕێی دەكەم و زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە.