گورجستان و شانۆگەری ...
[email protected]
چەند ساڵێكە بەشێك لە هونەرمەندانی كوردستان بە بیانووی پێ نەدانی هاوكاری لە حكومەتەوە قەیرانێكی شانۆییان درووست كردووە ئەمەش بۆتە دیاردەیەك و بەردەوام قسەوباسی لەسەر دەكرێت.
مرۆڤ ئەگەر بیەوێت كارێكی جوان پێشكەش بكات و ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە نێوەندی شانۆدا زۆر ئاسانە بتوانێت ئەو دەستپێشخەرییە بكات، بە بینینی هەندێك دەقی شانۆیی و بەرهەمی نمایشكراو هەست بەوە دەكەم توانایەكی جەستەیی و فیكری لە شانۆكاری كوردیدا هەیە كەچی بیرۆكەیەك نییە بۆ ئالییەتی خۆخستنە ناو ئەو كارە گرنگە، بەوەی كە چۆن دەتوانی بینەر لەخۆت كۆبكەیەوە، ئەوەی من لێرە دەمەوێت بیورژێنم لە گەشتێكماندا دا بۆ وڵاتی جۆرجیا (گورجستان) زۆر بەراوردمان بینی لەزۆر لایەنەوە ئەگەرچی ئەم وڵاتە ڕووبەرەكەی (69700م) چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانیشی نزیكی چوار ملیۆن مرۆڤ دەبێت جگە لەو هاووڵاتییانەی كە خەڵكی شوێنی ترن و لەوێ نیشتەجێن، زۆرێك لە كەسایەتییە مەزنەكان و خەڵكی ناودار لەو وڵاتە لە دایك بوونە ناودارترینیان ستالینی گەورە سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، هاوكات بەناوبانگترین و باشترین ئەكتەرەكان و دەرهێنەرەكانی شانۆ لە رووسیا لە وڵاتی جۆرجیا نیشتەجێن.
من لێرەدا زۆر بە وردی ناچمە ناو باسی مێژووی ئەو وڵاتە، بەڵام جگە لە سەلیقە و هونەری پەیكەرسازی لەو وڵاتە كە بە بۆچوونی من پەیكەر لای ئەوان واتای ژیانە و تاكە وڵاتە بەوشێوە جوانە و ئەو ئەندازەیە بەیەكەر بەرهەم بهێنن، كەچی شتێك كە سەرنجی ڕاكێشابم شانۆ و ئەكتەرەكانی ئەو وڵاتە بوون، چونكە لە یەكێك لە نمایشەكانی كەلتووری نەتەوەكانی ڕووسیا لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا لە چەند ژوورێكی بچوك ئەنجام درا كە ڕووبەرەوەكەی شیاو نەبوو بۆ نمایشێكی شانۆیی لەم چەشنە، كەچی لە ڕووی ناوەڕۆك و هەڵبژاردنی دەق و تەنانەت توانای جەستەیی و فیكری یەكێك بوو لە شاكارەكانی شانۆی دەنگ و ڕەنگ لە كاتێكدا بە توانایەكی كەم و بە بێ هاوكاری ئەملا وئەولا و حكومەت و كۆمپانیاو خەڵك و بەرپرس بە پێچەوانەوە بە ستافێكی تەكنیكی بچوك و چەند شانۆكارێكی گەنج كە لە ڕێگەی فرۆشتنی بلیتێكی 15 دۆلاری پێداویستی خۆیان و گرووپەكەیان پڕ دەكەنەوە، بەبێ بوونی داهاتێكی دارایی لە دەسەڵات ئەو نمایشە بە پێزەمان بینی و لە نزیكەوە توانیمان بە مێژووی نەتەوەكانی ئەو وڵاتە ئاشنا بین بەڵام جێگەی داخە كە بە پێچەوانەی لای خۆمان كە پارەیەكی ئێجگار خەیاڵی بۆ گروپەكانی شانۆیی تەرخان دەكرێت و بەردەوامیش گوێمان لە گلەیی و رەخنەی هەندێ شانۆكارە!! پێموایە هۆكارەكەی نەبوونی ڕوحییەتێكی هونەری و خاڵییە لە خۆشەویستی بۆ پیشەكەی كە نەتوانراوە وەكو پێویست بەرهەمی بەپێز و جەماوەری پێشكەش بكەن، بۆیە پێموایە مرۆڤ ئەگەر بیەوێت كاربكات لە بوارێك و ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە گۆڕەپانەكەیدا زۆر ئاسانە و دەتوانێت بیكات، بەڵام بە مەرجێك ئەو روحییەتە هونەری و پیشەییە هەبێت لە ناخیدا و ئەوكات بە دڵنیاییەوە سەركەوتوو دەبێت.