فێستیڤاڵی دۆحه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ قه‌ته‌ڕ ده‌ستی پێکرد و فیلمێکی کوردی کاندیدی خه‌ڵاتی 100 هه‌زار دۆلاره‌

فێستیڤاڵی دۆحه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ قه‌ته‌ڕ ده‌ستی پێکرد و فیلمێکی کوردی کاندیدی خه‌ڵاتی 100 هه‌زار دۆلاره‌
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 24 ی مانگ (تشرینی یه‌که‌م/ئۆکتۆبه‌ر) سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی دۆحه‌ له‌ قه‌ته‌ڕ ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد و تیایدا فیلمی سینه‌مایی “دڵی سوور” له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکار “هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” کاندینی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین فیلمه‌ به‌بڕی 100 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریکایی.
نزار مامه‌، رێگه‌پێدراو له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌ بۆ راگه‌یاندن له‌ لێدوانێکی تایبه‌ت گوتی “فیلمی سینه‌مایی “دڵی سوور” له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکار “هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” به‌شداری ده‌کات له‌ سێیه‌مین خولی فێستیڤاڵی دۆحه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ وڵاتی قه‌ته‌ڕ و ئه‌مڕۆ 24 ی مانگ یه‌که‌مین رۆژی فێستیڤاڵه‌که‌یه‌”.
زیاتر گوتی “ئه‌م فیلمه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا نمایشکراو له‌ ئه‌مه‌ریکاش نمایش ده‌کرێت، هاوکات له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری کردووه‌و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ست هێناوه‌”.
ئه‌وه‌شی گوت “فیلمی دڵی سور، کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین فیلمه‌ له‌و فێستیڤاڵه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ 100 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریکایی و له‌ به‌رده‌وامی فێستیڤاڵه‌که‌ له‌ چوار سینه‌مای ئه‌و وڵاته‌ له‌ کاتی جیاواز نمایش ده‌کرێت”.
“هه‌ریه‌که‌ له‌ هونه‌رمه‌ندان “عه‌لی ئه‌حمه‌د” و “شه‌هێن جه‌مال” که‌ به‌شداری فیلمه‌که‌ن و ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کین، له‌ وڵاتی نه‌رویژه‌وه‌ بانگهێشتی قه‌ته‌ڕ کراون” نزار وای گوت.
هاوکات ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی فیلمه‌که‌، شه‌هێن جه‌مال کاندیده‌ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین کچه‌ ئه‌کته‌ر و به‌یانی 25 ی مانگ ده‌گاته‌ قه‌ته‌ڕ.
فیلمی دڵی سور فیلمێکی سینه‌مایی کوردییه‌و به‌رهه‌می کۆمپانیایه‌کی نه‌رویژییه‌، تاکه‌ فیلمی کوردییه‌ به‌شداری ئه‌و فێستیڤاڵه‌ بێت.
سێیه‌مین خولی فێستیڤاڵی ده‌وحه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ وڵاتی قه‌ته‌ڕ، ئه‌مڕۆ ده‌ستی به‌ چالاکییه‌کانی کرد و ماوه‌ی 4 رۆژ به‌رده‌وامی ده‌بێت.
ده‌رباز یونس.
Top