به‌همه‌ن قوبادی بووه‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوبژیوانی فیستیڤاڵی ئانتالیای توركیا

به‌همه‌ن قوبادی بووه‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوبژیوانی فیستیڤاڵی ئانتالیای توركیا
به‌ ئاماده‌بوونی سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی وه‌كوو سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوبژیوان و ده‌رهێنه‌ری ناوداری سینه‌مای جیهان "ئه‌میر كۆستۆریكا" وه‌كوو ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوبژیوان، 47مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پرته‌قاڵی زێڕین"ی ئانتالیا له‌ شاری ئانتالیا له‌ وڵاتی توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پرته‌قاڵی زێڕین"ی ئانتالیا یه‌كێك له‌ رووداوه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و گرینگه‌ هونه‌رییه‌كانه‌ وڵاتی توركیا دێته‌ ئه‌ژماردن و له‌ خولی چل و حه‌وته‌می ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا ده‌رهێنه‌ری كورد به‌همه‌ن قوبادی وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوان، به‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌ ته‌نیشت دادوه‌رانێك وه‌كوو "ئه‌میر كۆستۆریكا" ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی "ژێرزه‌وی"، "خه‌یاڵه‌كانی ئاریزۆنا" و "مارادۆنا" و هه‌روه‌ها "ریمۆند پاتاناویرانگوون" ئه‌ندامی ڕه‌سمی ڕخنه‌گرانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان، فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ گرینگه‌ی هونه‌ری سینه‌ما هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.

فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پرته‌قاڵی زێڕین" له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری شاری ئانتالیا و به‌ هاوكاری شاره‌وانی ئه‌م شاره‌ له‌ رۆژانی 9 تا 14ی ئۆكتۆبری 2010 له‌ شاری ئانتالیا له‌ وڵاتی توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پرته‌قاڵی زێڕین" یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین فیستیڤاڵه‌كانی فیلم له‌ وڵاتی توركیا كه‌ ساڵی 1963 دامه‌زراوه‌ و هه‌موو ساڵێك له‌ شاری ئانتالیای توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌م فیستیڤاڵه‌دا ده‌رهێنه‌ره‌كانی وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ ركابه‌ریدا ده‌بن.

فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" دوایین به‌رهه‌می
به‌همه‌ن قوبادی له‌ نمایشێكی تایبه‌تدا له‌ یه‌كێك له‌ رۆژانی فیستیڤاڵی فیلمی "پرته‌قاڵی زێڕین" نمایش ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها فیلمی بڵندی دیكۆمێنتی "دایكانی من" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكارانی كورد "ئیبراهیم سه‌عیدی" و "زه‌هاوی سنجاوی" و له‌ به‌رهه‌مهێنانی "عه‌بباس غه‌زالی" له‌م فیستیڤاڵه‌ نمایش ده‌كرێت.
Top