مزگەوتەكانی كوردستان لە سەردەمی كۆرۆنا و مانگی رەمەزاندا

مزگەوتەكانی كوردستان لە سەردەمی كۆرۆنا و مانگی رەمەزاندا
ساڵی پار كە كۆرۆنا سەراپای جیهانی كەرەنتین كرد و قەدەغەی هاتوچۆی لە تەواوی وڵاتانی جیهان سەپاند، بەم چەشنە دەرگای مزگەوتەكان لە مانگی رەمەزانەوە داخران، تا چەند رۆژێك بەر لە جەژن كرانەوە، ئەمساڵیش بەهۆی سووكبوونی پەتاكە و دەركەوتنی ڤاكسینەوە، دەرگای مزگەوتەكان بەپێی مەرج و رێنماییەكان كرانەوە، نوێژخوانان و موسڵمانان لە زۆربەی فەرزەكان سەردانی مزگەوتەكان دەكەن، بە تایبەت نوێژی عیشا و تەراویح، رێنماییەكان بریتیین لە دووركەوتنەوەی زیاتر بۆ ماوەیەك لە نێوان هەر دوو كەسێك، هەروەها بەستنی دەمامك و دەستنوێژهەڵگرتن لە ماڵەوە بەر لە چوونیان بۆ مزگەوت، لە ناو مزگەوتیش شوێنی كەسەكان دیاری كراوە بەوپێیەی كە نێوانیان لە نیومەتر، یان مەترێك زیاترە، ئەمەش وایكردووە كە خەڵك پابەندی رێنمایییەكان بن و نوێژەكانیش لە مزگەوتەكان بكرێن، هەر لە دوای نانخواردنی ئێوارەوە مزگەوتەكان پڕ دەبن لە خەڵك تا نوێژی فەرز بەجێ بگەیەنن و خۆیان لە خێر و ئەجری نوێژەكانی تەراویحدا لە نێو ماڵی خودا و لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بێبەش نەكەن.
Top