رازاندنەوەی سفرە و ناندێنی رەمەزان

رازاندنەوەی سفرە و ناندێنی رەمەزان
لە مانگی رەمەزاندا، سفرە و ناندێنەكان زیاتر خۆشەویستر دەبن لە مانگەكانی پێشوو، بەهۆی ئەوەی لەو مانگەدا خەڵك بەرۆژوو دەبن و بە درێژایی رۆژ برسی و تینوو دەبن، بۆیە سەر سفرە و مێزی ناندێن و شوێنی نانخواردن خۆشەویست و بەرچاو دەبن، كاتێك ئەو شوێنە پاك و بە دیكۆرێكی جوان نەبن، خواست و هەستی ئەندامانی ماڵەكەت لەسەر ناندێنەكەت لەسەر خواردنەكەش كەم دەبێت، رازاندنەوەی سفرە و ناندێن گرنگیی ئەوتۆی هەیە بۆیە فەرامۆشی مەكە، لە ژەمی پارشێودا، هەوڵبدە كەشێكی خۆش و بەجۆش فەراهەم بكەیت، ئەویش بە دانانی ناندێكی خنجیلانە كە جۆرەها خواردنی بەیانیانی لەسەر بێت و هەروەها خواردنی دیكەش ئامادە بكە بۆ ئەوانەی كە خواردنی بەیانیان وەك ماست و پەنیر و هێلكە و دۆشاو و تەحین و شیر و هەنگوین ناخۆن، هەوڵبدە سەر مێزی خوارنەدەكەت بە گوڵ و گوڵزار بڕازێنیتەوە، گوڵ و مەركانی بچووكیش لەبیر مەكە، كووپ و گڵاسی كۆن و شێوەی جۆراوجۆر لە شوێنی ناندێنەكەت دابنێ، بخوور و عوودیش دیمەنێكی رازاوەی دەبێت، با خاولی و پەڕۆی پاككردنەوەی دەست بە نەخش و نیگاری جۆراوجۆر لەسەر مێز و شوێنی نانخواردن هەبێت، رەنگێكی ناسك لە دیكۆرەكەت پەیڕەو بكە و رووناكییەكان دابگیرسێنە و بۆنێكی خۆشیش لە شوێنەكە بدە، بۆ ژەمی ئێوارەش كە كاتی بەربانگە، هەوڵبدە هەموو ئەندامانی ماڵەكەت كۆ بكەیتەوە، رەمەزان واتە مانگی كۆبوونەوە و بەیەكەوە بوون، تا دەتوانیت خواردنی جۆراوجۆر دروست بكە، ئەگەرچی ماندووبوونێكی زۆری دەوێت بەڵام تەنیا مانگێكە و دواتر ژیان ئاسایی دەبێتەوە، سەر لە ئێوارە و پێش بەربانگ، قاپ و قاچاغەكان ئامادە بكە، با هەمووان پاك و بە بریسكە بن، لە كاتی بەربانگدا خواردنەكان ئامادە بكە، رووناكییەكی كزیش با نزیكی شوێنی ناندێنەكە بێت، ژەمێكی خۆش لەگەڵ خێزانەكەت نۆش بكەن، دواتر پشوویەك بدەن، پاشان نوێژ و تەراویح لەبیر مەكەن، دواتر شیرینی و میوە و سەوزە لە شوێنێكی گشتی ماڵەكەت دابنێ كە بەرچاو بێت، لە ناوەڕاستی شەو، یان دوای پشوودانێك دیسان ئەندامانی ماڵەكەت كۆ بكەرەوە و شیرینی و میوە سەوزەكان بە دەم قسەی خۆش و بەسەرهاتی رۆژەوە نۆش بكەن.
Top