جلوبەرگ كە وەك كەرەستەیەكی پێویست و سەرەكیی مرۆڤ هەمیشە گرنگیی پێ دراوە، ئافرەتان زیاتر بەندن بە كڕین و بەدەستهێنانی، بەڵام لەئێستادا كۆرۆنا ئەو كەشەی تێكداوە و وەكو جاران ئافرەتان و روویان لە بازاڕ و مۆڵەكان نییە، (فەیحا خان) لە شوێنی جلوبەرگی (لیزا) دەڵێ: كۆرۆنا بازاڕی جلوبەرگی نەهێشت، سەرەڕای قەیرانی دارایی و ماوەی كەرەنتینە كە بازاڕەكانی سست كرد، زەوق و سەلیقەی ئافرەتانیشی كوشت، تا بێن جلێكی ناسك و جوان بكڕن، جاران ئافرەتان دەهاتن بەجارێ سێ تا چوار پارچە جلیان دەكڕی، كەچی ئێستا مانگی جارێكیش سەردانمان ناكەن، هۆكارەكەش بۆ نەمانی شەوق و زەوقی خەڵك دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی كەرەنتینەدا دروست بوو، هەروەها باری دارایی و نەبوونی پارە و مووچە كاریگەری زۆری هەبووە، ئێستا جلوبەرگی تازەش دێن، بەڵام چونكە پێشتر بەهۆی نەبوونی هاتوچۆوە جلی كۆنمان نمایش دەكرد، ئێستا جلوبەرگی تازەشمان لە وڵاتانی دەرەوە پێ دەگات، بەڵام ئەوانەی ئێستا جلوبەرگ دەكڕن سەرچاوەی داراییان سنووردارە، هەربۆیە ئێمە زەرەرێكی زۆرمان كرد و سەرچاوەی ئەو كێشەیەش سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا بوو، كە بازاڕی سست و بێ هودە كرد.