لە بارەی كۆچی دوایی كەسانێك

لە بارەی كۆچی دوایی كەسانێك
هەندێك كەس هەن لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا دەمرن، كەچی نا نێژرێن تا تەمەنیان دەبێت بە حەفتا و پێنج ساڵ، وەك بنجامین فرانكلین، زۆرن ئەوانەی پەنجا ساڵ دوای مردنیان ئینجا دەنێژرێن و لەگەڵ ئەوەش بڕوایان وایە دەبێت ململانێی مانەوەش بكەن بۆ كاتێكی نادیار و دوورودرێژ، وا دەزانن كاریگەریی تەواویان بەسەر كەسانی دیكەوە هەیە، جگە لەوەش جێگەی شانازی و ئارامین و دەبێت شانازییش بەم جۆرە كەسانەوە بكرێت، لە كاتێك دا پەنجا ساڵ دەبێت كە مردوون، وادەزانن لەگەڵ دەوروبەریان دەكەونە نێو دونیایەكی پڕ لە وەهم و پڕ لە خەیاڵ و پڕ لە خەونی رەنگاو رەنگ، یان پێیان وایە ئەوان لە لووتكەی ژیاندان و ئەوانەی دیكە هەڵەن و پێوەستە خۆیان چاك بكەن و وەك فریادڕەس تەماشایان بكەین و بە گوێیان بكەین و لێیان فێر ببین، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت ئەم كەسانە تووشی دابڕانێكی گەورەی فیكری و زانین «مەعریفی» بوون، لەبەر ئەوە دداننان بە بەرنامەی ئەم جۆرە كەسانە دووركەوتنەوەیە لە واقیعی ژیانی خود، گەر بمانەوێ وەك ڕێنیشاندەر لێیان بڕوانین و بڕوا بە بەشێك لەم مردنە بكەین، یان ڕازی بین بەم پرۆسە دوورودرێژی كە ئەوان بۆخۆیان تێدا دەژین و بەردەوامن. گومانی گەورە لە پرۆسەی مردنەكە نەمردنەكەیە، كە دوای پەنجا ساڵ دەنێژرێت، لێرەوە هیچ چارەیەك نییە جگە لە قووڵكردنەوەی هەموو ئەو شتانەی كە ئەم كەسانە لە دید و تێگەیشتنی خۆیانەوە پێدا تێپەڕ بوون.
Top