خواردنی كوردەواری لــە سەردەمی كۆرۆنادا

خواردنی كوردەواری لــە سەردەمی كۆرۆنادا
سەرەڕای بوونی كۆرۆنا لە نێو شوێنی گشتیدا، كە رێنماییەكان ئاماژە بە خۆپارێزی دەكەن، بەڵام خواردنگە و چێشتخانەكان هەمیشە خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكەن، پێشتر خواردنە خێراكان باو بوون، بەڵام ئێستا خواست لەسەر خواردنی میللی و كوردەواری زیادی كردووە و خەڵكیش بەشێوەیەكی گشتی رووی تێ دەكەن، فەرهەنگ لە چێشتخانەی حەبیبی كوردەواری دەڵێ: «خواستێكی زۆر لەسەر خواردنی میللی و كوردەواری هەیە، بیرۆكەی ئەو چێشتخانەیەی ئێمە لەو كاتەوە سەریهەڵدا كە هەستمان بە بوون و پێویستیی ئەو جۆرە چێشتخانەیە كرد، كە جگە لەوەی خەڵك خۆیان داوای خواردنی كورردەوارییان دەكرد، خواردنەكانی ئێمەش ئەو خواردنانە بوون كە لە ماڵدا لەلایەن خانمانەوە ئامادە دەكرێن، ئێمە ئەو بیرۆكەیەمان بۆ هات خواردنەكانی ماڵ لە دەرەوەش هەبن و لەلایەن شێفی پیاوانەوە دروست بكرێن، ئەو خواردنانەی لای ئێمە هەن برییتیین لە: كفتە، ساوار، قەلەخەرمان، برنجی كوردی، دۆڵمە، شفتە، كوبە، كە بە پابەند بوون بە رێنماییەكان ئەو جۆرە خواردنانە پێشكەش دەكەین، رۆژانەش داواكاریی زۆری لەسەرە و كارمەندەكانمان بە پۆشینی دەمامك و دەستكیش كاری خۆیان دەكەن، بەڵام بەشێكی زۆری خەڵك پابەند نین، بۆ نموونە رۆژ هەیە (100) كەس سەردانمان دەكات، كە لەوانەیە یەك یان دوو كەس داوای قاپ و شتی سەفەری بكەن، ئەگینا هەمووی داوای قاپی پلاستیك و شووشە دەكەن. ئەوانەی سەردانمان دەكەن هەر كورد نین، بەڵكو عەرەب و بیانیین و تەنانەت كۆمەڵە كەسێكی ئەمریكی و تورك سەردانمان دەكەن و خواردنی كوردەواری داوا دەكەن، رۆژانە دوو ژەم خواردن ئامادە دەكەین و هەمووشی تەواو دەبێت، هەروەها ماستاوی كوردی لە كاسەی فافۆن و مس-دا پێشكەشی خەڵك دەكەین، هەرچەندە بەگشتی لەو سەردەمەدا خەڵكێكی زۆر نایەوێ لە دەرەوە نان بخۆن، بەڵام لای ئێمە هەمیشە خەڵكێكی زۆر ئامادەن بۆ خواردنی كوردەواری.
Top