مێژووی شێرپەنجە

مێژووی شێرپەنجە
هەر زیندەوەرێك لە یەك خانە زیاتر بوو، ئەوا ئەگەری هەیە توشی شێرپەنجە ببێت، ئەمە راستییەكی تاڵە و لەهەر سێ كەسێك یەكێكیان توشی شێرپەنجە دەبێت، سەدان جۆری شێرپەنجەمان هەیە و لەگەڵ كاتدا جۆری نوێ دەدۆزرێتەوە، بەربڵاوترینیان ئەوانەن كە بەهۆی دوكەڵی جگەرە و نێرگەلەوە درووست دەبن، یان شێرپەنجەی مەمك، كە بەهۆی زانستەوە وردە وردە پێش دەكەوین لە هەنگاوی چارەسەركردن و دەستنیشانكردنیان. كۆنترین نوسراو و هێماكاری دەگەرێتەوە بۆ 2500 ساڵ لەمەوبەر كە لە وڵاتی میسری ئێستا تۆماركراوە، كە بەڵگەیە بۆ نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك و بگرە پزیشكانی سەردەمی فیرعەونەكان هەوڵیانداوە لە رێگەی دەركردنی لووەكانی جەستەی توشبووەكەوە چارەسەری بكەن، جگە لەمەش پاشماوەیەكی 1.7 ملیۆن ساڵی لەسەر پەنجەی پێی توشبووەیەكی (مەیمونە باڵاكان) دۆزراوەتەوە كە لوویەكی گەورە بووە، بە پێی قسەی بایۆلۆژییەكان لە كۆتایی تەمەنی بەهۆی ئازارەوە نەیتوانییەوە بە پێیەكانی جووڵە بكات، بەڵام هێشتا بۆ مێژوویەكی دورتر دەرۆین، دوای لێكۆڵینەوە لە بڕبڕەی پشتی 700 پاشماوەی دایناسۆر لە جۆری گیاخۆر و گۆشت خۆرەكان، دەركەوت ئەوانیش توشی شێرپەنجە بوون و سەردەمانێك بۆتە هۆی مردنی زیندەوەرە زەبەلاح و درندەكانی سەر وشكانی، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە تەنیا لە دوو جۆر دایناسۆردا پاشماوەی شێرپەنجە دۆزراوەتەوە، ئەوانیش Hardrosaurs كە پێش 70 ملیۆن ساڵ ژیاون، لەگەڵ Titanosaur لە نێوان 145-165 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیاون.
Top