جاران چایخانەكان هەمیشە پڕ بوون لە خەڵك، ئەوانەی بۆ نۆشكردنی چایەكی بەتام ماوەیەكی زۆر دادەنیشتن و سیمایەكی كلتووری و كوردەواریان پێوە دیار بوو، هاتنی كۆرۆنا ئەو كەشە خۆشەی نێو چایخانەكانی تێكدا، كە لە پێشوودا خەڵك بەگشتی و چا خۆران بە تایبەتی بە جۆش و خرۆشەوە سەردانی شوێنە گشتییەكانیان دەكرد، چایەكی بە تامی دارسیل و هێلیان دەخواردەوە، سەیف لە چایخانەیەكی بە خەڵووز كار دەكات و دەڵێ: جاران جرینكە جرینكی كەوچك و پیاڵەكان لە چایخانەكان كەشێكی خۆشی بە گوێچكەماندا دەهێنا، بەڵام ئێستا زۆربەی چا لە پیاڵەی سەفەری كە لە موقەبا و كارتۆن دروست كراون، وێڕای ئەوەی خەڵك لە دووری یەكتر و بە دەمامكەوە دادنیشن، كە ئەوەش سیمای چا خواردنەوە و چایخانەی تێكداوە، لە سەردەمی كۆرۆنادا بازاڕی چا كەم بۆتەوە و دەتوانین بڵێين ئێستا وەك نیوەی جاران چا پێشكەشی خەڵك دەكەین، ئێمە جگە لەوەی خۆمان دەپارێزین هەروەها بەردەوام كەرەستەكانمان پاك رادەگرین و بە ئاوێكی گەرم دەیانشۆین، بازاڕی چا خواردنەوە رووی لە كزی كردووە، هەندێك لە خەڵك كە لە پێشوودا دەهاتن ئێستا لە ترسی كۆرۆنا نایەن و سەردانمان ناكەن، سەرەڕای ئەو كەشە ناهەموارە ئێستاش هەندێك لە خەڵك داوای چای لە پیاڵەی شووشە دەكەن، تا بە تامی جارانەوە چایەكی بە خەڵووز نۆش بكەن.