جاران سینەمائوتۆمبێل لە وڵاتانی جیهاندا بۆ خۆشی ئەنجام دەدرا، ئەو جۆرە سینەمایە بریتیی بوو لە سكرینێكی گەورە، كە ئەوانەی ئامادەی دەبوون لە نێو ئوتۆمبێلەكانی خۆیانەوە سەیری فیلم و بابەتی سكرینەكەیان دەكرد، كە ئەو جۆرە سەیركردنی فیلمە، بۆ خۆشی و كاتبەسەربردن بەڕێوە دەچوو، بەڵام كۆرۆنا وایكرد كە سینەمائوتۆمبێل بە ناچاری بكرێتە رێكار، تاوەكو هەوادارانی فیلم لە نێو ئوتۆمبێلەكانیانەوە بەبێ ئەوەی نزیكی یەكتر ببنەوە و بەركەوتن دروست ببێت، سەیری فیلمێك بكەن. سینەمائوتۆمبێل لە هەولێر ئەنجام درا، كە بیرۆكەی كونسوڵگەریی كوریای باشوور و بە هاوكاریی زانكۆی نۆلیج لە گۆڕەپانی زانكۆ، سینەمای گەورە و ئوتۆمبێل بەڕێوە چوو، هاتن بۆ هەمووان و بە خۆرایی بوو، نزیكەی زیاتر لە (70) ئوتۆمبێل ئامادەی نمایشی بابەتە دیكیۆمێنتارییەكەی سكرینە گەورە بوون، جگە لە بەرپرسان و ئەندامانی كونسوڵگەری و ئەندامانی سەرۆكایەتیی زانكۆی نۆلیج، رێژەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتیان لە نێو ئوتۆمبێلەكانیانەوە لە ئێوارەیەكدا و بە پابەندبوون بە رێنماییەكانەوە، ئامادەی سەیركردنی سینەمائوتۆمبێل بوون