هەمیشە بازاڕی جلوبەرگ و ئێكسسوارەكان جمەیان دەهات، بەڵام ئێستا بەهۆی هاتنی پەتای كۆرۆناوە، بازاڕ ئەو داواكارییەی جارانی نەماوە و كزی و سستیی پێوە دیارە، (ئەوین بێستوون) خاوەنی جلوبەرگ و ئێكسسواری (ئیلینا) دەربارەی بازاڕی جلوبەرگ و ئێكسسوارەكان دەڵێت: «بەر لە هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا فرۆشتنی جلوبەرگ و ئێكسسوارەكان باش بوون، بەڵام دواتر لەبەر ئەو نەخۆشییە و ماوەی كەرنیتە، زۆربەی كەرەستەكان نەفرۆشران و مانەوە، ئێمە هەندێ كەرەستەمان هێنا كە بۆ وەرزێك گونجاو بوون، كەچی ماوەی كەرەنتینە وای كرد كە زۆربەی ئەو كەرەستانە بمێننەوە و نەفرۆشرێن، ئێمە زیاتر جلوبەرگەكانی زیو و كریستاڵ نمایش دەكەین، لە ئێستادا كە خەڵك زیاتر دەچنە دەرەوە جلی كوردی و تاخمەكانی ئێكسسوار و جلوبەرگ بازاری زیاترە، خانمایش بەم دواییە زیاتر تاخمە جلوبەرگ ەكان هەڵدەبژێرن، ئێمە وەك جلوبەرگ ی ئیلینا پابەندی رێنماییەكانی تەندرووستین، تەنانەت شێوەی كاركردنی كارمەندانمان بە ئاوێتە كردووە، تا كەمترین بەریكەوتنمان هەبێت لەگەڵ كڕیاران و ئەو كەسانەی دێن شوێنی كارەكەمان، هەروەها ئاگادارییشمان هەڵواسیوە كە ماسك و دەستكێش ببەستن، چونكە لە كاتی دەستكاری و تاقیكردنەوەی جلوبەرگ ەكان رەنگە بەركەوتن دروست ببێت، بۆیە هیواخوازین كە قەدەغەی هاتوچۆ دووبارە نەبێتەوە،چونكە جگە لەوەی ژیانمان تێك دەدات، بازاڕی كارەكەشمان رادەگرێت، كۆرۆنا زەرەری گەورەی لە ئێمە داوە، بۆیە داواكارین كە خەڵك پابەند بن و خۆیان بپارێزن.»