ساڵۆنەكانی جوانكاری لە سەردەمی كۆرۆنادا

ساڵۆنەكانی جوانكاری لە سەردەمی كۆرۆنادا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا هەموو ئیش و كارێك بە گشتی سست و كەم بوونەوەیان پێوە دیاربوو، تەنانەت هەندێكیان ئیش و كاریان نەما كە بۆ ماوەیەكی كاتی بە مەبەستی بەریەك نەكەوتنی خەڵكەوە داخران، ساڵۆنەكان دیاترین نموونەن كە زەرەرێكی زۆریان پێبگەیشت، لەم باریەوە (شەرمین خان) لە ساڵۆن ستۆكهۆڵم گوتی: ماوەی (3) مانگ ساڵۆنەكەمان داخست، كە ئەوەش بەپێی بڕیاری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و وەزارەتی تەندرووستی، بەڵام ئەو كاتەش ئافرەتان داوایان دەكرد كە كاری جوانكاریان بۆ بكەین، سەرەڕای ئەوەی ئێمە پابەندی رێنماییەكان بووین، كەچی هەندێ لە ئافرەتان داوایان دەكرد لە ماڵەوە كاریان بۆ بكەین، هەموو كارمەندانی ساڵۆن بە دەمامك و دەستكێشەوە كاری خۆمان دەكەین، بەڵام بە داخەوە زۆربەی ئەوانەی دێن پابەند نین و دەستكێش ودەمامك نابەستن، ئەوانەی دێن بۆ ماكیاژ یان بۆ خۆ جوانكردن دێن، دەیانەوێ جوانییەكەیان دەربكەوێت كەوایە حەز ناكەن دەمامك بپۆشن، چونكە جوانی رووخساریان دەشارێتەوە، بەڵام كۆرۆنا كاری لە ئیش و كارمان نەكردووە و رۆژانە ئافرەتان و كچان بە مەبەستی خۆڕازاندنەوە و جوانكاری سەردانمان دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە (سروە خان) كە وەستای ساڵۆنە دەڵێ: كاریگەری كۆرۆنا لەسەر هەندێ لەو ساڵۆنانەی كە كارمەندی ئیرانی و بیانیان هەبوون بەدی كرد، كە خەڵك لە ترسی ئەوەی كۆرۆنا لە ئێران و وڵاتانی دەرەوە هاتووە، سەردانی ئەو ساڵۆنانەیان نەدەكرد، لە ترسی ئەوەی نەوەك كۆرۆنا لە كارمەندە بیانییەكانی ساڵۆنەكەمان بگرنەوە
Top