شەنە و بەباكردنی دانەوێڵە!

شەنە و بەباكردنی دانەوێڵە!
دوای ڕەنج و ماندووبوونی پایز و زستان و بەهاری جووتیاران و دورینەوەی بەروبوبووم و بەرهەمە كشتوكاڵەكانیان وەك گەنم و جۆ لە وەرزی هاوین و كۆكردنەوەی خەرمان، بۆ ئامادەكردنی گەنمێكی بەسوود بۆ كردنی بە دانەوێڵە پێویستی بە شەنە و بەباكردنی ئەو گەنمە هەیە، ئەو قۆناغەی ئامادەكردنی گەنم دوای وشكبوونی گوڵی گەنم و دورینەوەی دێت، پاشی دروێنەش كۆ دەكرێتەوەو دەكرێتە خەرمان لەپاشاندا لەجۆخین هەڵدەگیرێ، پێش بەكارهێنانیشی ئەو كاتە شنەبا و بەربا دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو ماددانەی كە بۆ دروستكردنی دانەوێڵە بێ كەڵكن بەهۆی سووكیانەوە لەگەڵ باكە گەنمەكە جێبێڵن، ئەو مادانەی كە لەگەڵ بەرباكردنەكە دەڕۆن زیاتر پارچە قەسەر و هەندێ جار زیوان لەوانەیە بەردیشی تێدابێت، پاش ئەو قۆناغە گەنمەكە ئامادەیە بۆ كوڵان و بردنە ئاش و كردنی بە دانەوێڵە، لەدوای شەنەكردن دەتوانین ئەوەی دەمێنێتەوە بكرێتە خواردنی گیانداران وەك: كا و كوزر و پاشماوەی دیكە، یان ئەو دانەوێڵەیە بەبا دەكرێ و زیاتر لەو كاتە ئەنجام دەدرێ كە بای شەماڵ دەبێ، چونكە بایەكی نەرمە و دانەوێڵەكە جیاواز دەكاتەوە و پاشماوەكەش ناڕوات لەگەڵ نەرمی با، ئەمەش وادەكات كە جووتیاران ئەو كارە بكەن و كە بەئاسانی و گۆرانی گووتنەوە بەیەكەوە كارەكە ئەنجام دەدەن، تا ئەو كاتەی هەست دەكەن دانەوێڵەكە بەتەواوی جیابۆتەوە و ئامادە دەبێ بۆ كۆكردنەوە و هەڵگرتن.

رەوەند بەختیار
Top