حەپسە خانی نەقیب بناسە

حەپسە خانی نەقیب بناسە
كوردستان بەچەندین ئافرەتی هەڵكەوتوو و كارامە بەناوبانگە، بگرە لە لاپەڕەكانی مێژوو تاوەكو ئەمڕۆش ڕۆڵی ئافرەتان دەستێكی باڵایان هەیە لەگشت بوارەكان، لەوانە: سیاسەت، هونەر، وەرزش، خوێندن و چەندین لایەنی دیكەش. لەمێژوودا چەندین كەسایەتی بەناوبانگ هەن كە كەسانی ئێستا ڕەنگە بەتەواوی زانیاریان نەبێ، یەكێك لەوانە كەسایەتی كوردی باڵا (حەپسە خانی نەقیب)ـە، ئەو خاتوونە لەساڵی (1881) لەشاری سلێمانی لەدایك بووە و هەر لەهەمان شار گەورە بووە و لەبنەماڵەیەكی ئایین پەروەر بووە، باوكی حەپسە خان شێخ مەعروفی نەقیب بووە، حەپسە خان چەندین سیفاتی سەیر و بەهێزی هەبووە لەوانە ئازایەتی و دڵێكی جوان و قسە خۆش بووە، كە بەیەكێك لەخانمە بەناوبانگەكانی ئەو شارە دادەنرا، ئەوەی سەیر بووە ئەو خانمە وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی بووە كە ئافرەتانی دیكە سەردانیان دەكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، یەكێك لەچالاكیە گەورەكانی ئەو خانمە دامەزراندنی ڕێكخراو یان لیژنەیەكی ئافرەتان بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ كەسانی كەم دەرامەت و بێنەوایان، كە ئەمەش لەساڵی (1942) ڕوویداوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری كردووە لەچالاكی نەتەوەیی و سیاسی و بەرگریكردن لەمافەكانی نەتەوەی كورد، بەتایبەت لەڕاپەڕینی كوڕە مامی كە (شێخ مەحمودی نەمر)بووە، حەپسەخان شووی كردووە بەشێخ قادر حەفید كە ئەویش ئامۆزای خۆی و برای شێخ مەحمودی نەمر بووە، حەفصەخان لەبواری ڕاپەرین و شۆڕشەكاندا ڕۆڵێكی باڵای هەبووە لەناردنی نامە و پەیام و بەیاننامەكان بۆ گشت شارەكانی كوردستان و چەندین وڵاتانی جیهان، لەساڵی (1953) بەنەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد، تەرمەكەشی لەگۆڕستانی (سەیوان) نێژراوە.
Top