شەمـــــــــــــــەندەفەری كوردســـــــــــــــتان

شەمـــــــــــــــەندەفەری كوردســـــــــــــــتان
شەمەندەفەر، ئەو ئامێرە بەسوود و كاریگەرەی بواری گواستنەوە و گەیاندنە بۆ مرۆڤ، كە لەسەرتاپای جیهاندا سوودی لێ دەبینرێ و تەنانەت لەساڵانی پێشوودا كوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر شەمەندەفەری لێ هەبووە و كەچی ئێستا نەماوە، بەهیوای ئەوەی لەداهاتوویەكی نزیكدا شەمەندەفەر لەكوردستان و لەگشت شارەكان ببینین، شەمەندەفەر لەساڵی (1947) لەهەولێر دانراوە لەهێڵی نێوان هەولێر و شارەكانی دیكەی عێراق، كە ئەو هێڵی ئاسنینە لەلایەن دوو كۆمپانیای بەریتانی و هیندستانی دروست كرا لەماوەی (2) ساڵدا، لەساڵی (1949) بۆ یەكەم جار شەمەندەفەر لەهەولێر و كەركوك كاری كردووە، وێستگەی شەمەندەفەری ئەوسای هەولێر دەكەوێتە سەر (30) مەتری ئێستای شاری هەولێر، واتە ڕێگای هێڵی ئاسنینەكە تا بەم دواییەش لەشوێنی ئێستای پاركی شانەدەرەوە مابوو، بەڵام دواتر كرا بەپارك، تا ئێستاش شوێنی عەمباری سووتەمەنی شەمەندەفەری هەولێر لەناو پاركی شانەدەر ماوە. لەم وێستەگەیەدا نزیكەی (10) فەرمانبەر و (100) كرێكار كاریان دەكرد، شەمەندەفەرەكەی هەولێر لەدوو بەش پێكهاتبوو، بەشی یەكەم شوێنی دانیشتن بوو وەك كوشنی ئوتۆمبێل دروست كرابوو، وەك ئەوەی شوێنی گەشتیارانی پلە یەك بێ، كە نرخی پلیتی بە(1) دینار بووە، بەشی دووەمیش لەدار دروست كرابوو كە نرخی پلیت بە(6) درهەم بووە، ڕەنگی شەمەندەفەرەكەی هەولێر سەوز بووە و بەدوو ماشینەوە كاری دەكرد یەكێك لەدواوە و یەكێكی دیكەش لەپێشەوە بوو، سەبارەت بەڕێگای شەمەندەفەرەكە لەلای پاركی شانەدەر بەڕێدەكەوت و بەتەنشیت یاریگای شەهید فەڕەنسۆ ئیتر ڕاست ڕێگەی دەگرت و گەشتەكانی ئەو شەمەندەفەرە زیاتر بەئێواران بوو بەرەو گوندی هەمزەكۆرەوە بەرەو شێراوە و پردێ پاشان دەچوو بۆ شاری كەركوك لەوێشەوە وێستگەیەكی هەبوو لەپردێ و لەكەركوكیش وێستگەی لەناو كۆمپانیای نەوتی ئێستا بووە.
Top