تارای سپی بۆ خانمـانی بووك

تارای سپی بۆ خانمـانی بووك
هەنگاوەكانی گرنگی دان بەخانمی بووك، وەك ڕێگەیەكی سەرەكی لەسەر چەندین لایەن دەوەستێ، بەجۆرێك مایەی ئامادەكاری و كاركردن لەسەر دانانی ستایل و جوانییەكی ڕەوا، دەبێتە یەكێك لەجوانترین ئەرك و جوانكردنی شێوە و كەرەستە و ستایلی بووك، بۆیە دەكرێ لەبچووكترین خاڵەوە دەست پێبكەین و تا دەگەینە گەورەترینیان. لەمۆدەی پێشوو و تەنانەت لەمۆدەكانی ئەو سەردەمەش ئێكسسوارێكی سەرەكی لەسەر سەری بووك هەبووە و تا ئەمڕۆش گەورەیی خۆی لەدەست نەداوە و دەتوانین لەنزیكەوە ئاراستە جوانیەكەی لێوە بستێنین، ئەویش دانانی (تارای سپی)یە لەسەر قژ و سەری بووكەوە. تارای سپی یەكێكە لەو ئێكسسوارە ناسكانەی كە لایەنێكی جوان و گەورە دەگرێتە ئامێز، وەك دیمەنێكی جوانی نمایشی خۆی دەنوێنێ، لەمۆدە كلاسیك و كۆنەكاندا، تارای سپی گەورە بووە و بەرەو پێشەوەی سەر هاتووە، واتە ڕووخساری بووكی داپۆشیوە، بەڵام لەمۆدە تازەكانە، ئەو ستایلە باوی نەماوە و بەرەو مۆدەیەكی دیكەوە ڕێگەی گرتووە، ئەویش بەدانانی تارای سپی لەپشتەوەی سەر واتە وەك ئێكسسوارێكی قژ بەكاردەهێنرێ. جوانترین ستایلی تارا، بەم شێوەیە: كاتێك تارایەكە توول و ناوەوەی دیار بێ، هەروەها درێژ بێ و بكەوێتەوە سەر جلەكە، یان تێكەڵ بكرێ و ببەسترێ، هەروەها لەسەرەوە لەگەڵ تۆقەیەكی زیوو یان ئەڵماس ببەسترێ و لەسەرەوە بچووك بێ و دواتر بكرێتەوە، وەك پەڕی تاوس.
Top