كاڵەك (گندۆرە)!

كاڵەك (گندۆرە)!
یەكێكە لەو میوە خۆش و بە تامەی كە لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە دەردەكەوێ، دوو جۆری هەیە: (دێمی و ئاوی)، سەبارەت بە دێمی، لە كۆتایی وەرزی بەهار دەچێنرێت و بە ئاوی بارانەوە گەورە دەبێ و پاشان پێویستی بە ئاو نییە، چۆنیەتی چاندنی بە ئامێری تەرەكتەر دەكێڵدرێت و بە دەست تۆوی گندۆرە یان كاڵەك وشك دەكرێتەوە و پاشان دەچێنرێت، بەهۆی كەمی باران لە كوردستان جۆری دێمی كەمی كردووە، زیاتر لە ناوچەكانی باراني لێوە ببارێ لەو شوێنە دەچێندرێت، لە بارەی كاڵەكی جۆری ئاوی، بەم شێوەیە دەچێنرێت : سەرەتا زەویيەكە خەت خەت دەكرێ و پێيدەگوترێ (گۆڵ)، دواتر تۆوی كاڵەكەكە دەچێندرێ و بە ئاوی ژێر زەوی ئاو دەدرێ، لە مانگی جۆزەردانەوە پەیدا دەبێ، هەروەها دەكرێ لە وەرزی پاییزیش گندۆرە پێبگات، تامەكانی كاڵەك یان گندۆرە : شیرین و ترش و مزرە، بە داری كاڵەك یان گندۆرە دەگوترێ (بڕك) بەهۆی ئەوەی لەسەر زەوییەوە دەڕوێت و بەرز نابێتەوە، كاڵەك یان گندۆرە لە كوردستان زیاتر لەو ناوچانە دەچێنرێ كە راستایی و باران دەیگرێتەوە، یەكێك لەو كاڵەكە یان ئەو گندۆرە بەناوبانگانەی هەن، بە گندۆرەی دێمی یان دێمەكاری ناسراوە، كە دێمەكار گوندێكە دەكەوێتە نێوان شاری هەولێر و شارۆچكەی مەخموور. كاڵەك میوەیەكی بەسوودە و چەندین ڤیتامینی بەهێزی تێدا بەدی دەكرێ، تەنانەت خواردنێكی سووكە لەسەر گەدە بۆ هەرس كردن، هەروەها دەكرێ گندۆرە بكرێ بە شەربەت، كە پێيدەگوترێ (شەربەتی گندۆرە)، ئەویش یەكێكە لە هەرە خۆشترین شەربەتەكانی میوە و سەوزە.
Top