خواردنی تێكەڵە (مقلوبە) !

خواردنی تێكەڵە (مقلوبە) !
كاتێك مەنجەڵی ئەو جۆرە خواردنە دادەنرێتە سەر سنی خواردن، لەو كاتە برنجەكە دەكەوێتە ژێرەوە، چەندین ریز لە جۆرەها خواردن و سەوزە دەبینی، هەر یەكە بە تەبەقەیەك دادەنرێ، لە سەرەوە گۆشتەكە دەردەكەوێ، دواتر پارچەیەك لە تەماتە و پیاز و كودی و باینجان و كەرەوز و پەتاتە و بیبەری سەوز، هەر یەكە لە ریزی یەكتر دادەنرێ، ئەو خواردنە زیاتر لە هەولێری بەناوبانگە و كە خواردنێكی خۆشە و هاوشێوەی دۆڵمەیە، بەڵام بە رێكی دادەنرێ. ئەو خواردنە لەگەڵ زەڵاتە یان مەرگەیەك یان شۆربەیەك دادەنرێ، كاتێك ئەو خواردنە دەخرێتە سەر سنی، برەنجەكە دەكەوێتە ژێرەوە، بە پێچەوانەی كاتی ئامادەكردن كە برنجەكە دەخرێتە سەرەوە. هەندێك خانمانی چێشت، نان دەخەنە ژێرەوەی مەنجەڵەكە تاوەكو لە كاتی سەراوژێر دەكرێ لەسەر سنی، شێوەی وەك كێك دەربچێ. چۆنیەتی ئامادەكردنی ئەو خوارنە بەم شێوەیە : سەرەتا گۆشتەكە دەكوڵێنرێ و دەخرێتە ژێرەوەی مەنجەڵەكە، پاشان هەر یەكە لە سەوزەكان و كەرەستەكان، هەندێك سوور دەكرێنەوە و دواتر بە پارچە پارچە دادەنرێ، هەر یەكە بە تەبەقەیەك، لە دواجار برنج دەخرێتە سەرەوەی هەموویانەوە، دواتر دەخرێتە سەر ئاگر و تا بە تەواوی دەكوڵێنرێت و تا دوای (30) خولەكێك، پاشان دەهێنرێـتە خوارەوە و دوای سارد بوونەوە، لەسەر سنی مەنجەڵەكە سەراوژێر دەكرێ و ئیتر خواردنی ناو مەنجەڵەكە دەرێژینرێتە سەر سنیەكە، بۆیە پێدەگوترێ مقلوبە، واتە سەراوژێر، لە ناو هەولێریەكانیش بە تێكەڵە دەناسرێ، واتە خواردنێك كە هەموو تێكەڵی یەكترە، ئەمەش بە یەكێك لە خواردنە گەورە و خۆشەكان دادەنرێ و زۆر جاریش بۆ گەشت و سەیران ئامادە دەكرێ.
Top