كراسی كوردی لــە ڕەنگی ڕەش و سوور

كراسی كوردی لــە ڕەنگی ڕەش و سوور
بەرەو وەرزی بەهار و نەورۆز ڕێگەمان گرتووە، لەم وەرزەدا گوڵەكان دەگەشێنەوە و ڕەنگەكان درەوشاوە دەبن، كچانی كوردیش وەك خونچەكان لەناو خانە زێڕینەكەیان دێنە دەرەوە و ئەمەش بەخۆیان و كراسە كوردیە جوانەكانیان، لەو وەرزەدا جوانی كراسی كوردی زیاتر دەردەكەوێ و ڕەنگی ئەو كراسانە خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ڕەنگی گوڵ و گیا سەوزەكانی بەهار، هەر ڕەنگێكی كراوە و جوان، هەمان جوانی بەهار گەشاوەتر دەكات. بۆ ئەو وەرزە پێشبینی دەكرێ لەلایەن چەند دیزاینەرێكی جلوبەرگەوە، كە جلی كوردی لەدوو ڕەنگی پێكهاتوو مۆدەی دەبێ، ئەمەش تەنیا ئەو ڕەنگانە دەگرێتەوە. هەندێك لەڕەنگەكان دەتوانن گونجانێكی پڕ مانا بەیەكتر بگەیەنن، ئەمەش دەبێ لەسەرەتادا ئەو ڕەنگە هاوشێوە و دیمەنی یەكتر بن، یەكێك لەو دوو ڕەنگانەی كە مۆدەی ئەو وەرزەی بەهارە، بریتییە لەكراسی كوردی لەڕەنگی (سوور و ڕەش)، بەهۆی بوونی پێوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەو دوو ڕەنگە، دەكرێ نەخشێكی جوان و لێكدراوی نێوان ڕەش و سوور دابین بكەین لەكراسێكی كوردی، ئەوەش لەڕێگەی هەڵبژاردنی ڕەنگی ئێلەگ لەڕەش و یان ڕەنگی پشتێن ڕەش بێ، یاخود دەسماڵەكانی سەر دەستەكان لەڕەنگی ڕەش بێ و كراسەكەش لەڕەنگی سوورێكی تاریك بێ، ئەوەش گەورەترین جوانی دروست دەكات، كە ئەو بەرهەمە یەكێكە لەكراسەكانی خانمە دیزاینەری كورد (نیشا) لەوڵاتی سوید.




Top