خـــــــووری و جەوكـــــــردن!

خـــــــووری و جەوكـــــــردن!
دایكان و ئافرەتانی كورد، لەدێرین زەمانەوە كاریان كردووە، كارەكانیان ئێستا جێگەی بایەخن و كەلتوورێكە بۆخۆی، یەكێك لەو كارە قوڕسانەی كە لەسەردەمی كۆندا ئەنجام دەدرا، تەنانەت تا ئەمڕۆش كاری لەسەر دەكرێ، ئەویش ئامادەكردنی خووری مەڕو ماڵاتە بۆئەوەی بكرێت بەبەن یان سەركە خوری، دوای ئەوەی خوری لەمەڕ دەبڕدرێتەوە بەئامێرێك كە پێیدەڵێن (جەو)، وەك مەقەس وایە و ئەو كارەش پێی دەگوترێ (جەوكردن)، پاشان خورییەكە بەجوانی دەشوورێتەوە و بەشوورتەك لێی دەدەرێ و دواتر دەخرێتە بەر ڕۆژ ئەمەش بۆ وشكبوونەوە، پاشان بەشانەی خووری دەپشكنێرێ بۆئەوەی لەپاشماوە و شتی زیادە پاك بكرێتەوە، كە ئەو شانەیە شتە زیادەكانی لێدەكاتەوە، لەو كاتە ئامادە دەبێ بۆ ڕستن. دواتر یەكێك خووریە شانەكراوەكە دێنێ و هێواش هێواش ئامادەی دەكات بۆ ڕستن، ئەویش بەڕاكێشانی پارچە پارچەی خورییەكە كە نابێ بپچڕێت و دواتر لەسەر تەختێك هەڵی دەكاتەوە و پاشان بەتەشی دەیڕێسێ بەئاسانی داوی لێ دروست دەبێ، بەڵام دانانی خووری بۆ هەر جۆرە شتێك جیاوازی هەیە لەكردارەكە، بۆ نموونە: جیاوازی هەیە كاتێك خووری بۆ لیفكە، مافوور یان جاجم و بەرماڵی نوێژ ئامادە دەكرێ، بەم شێوەیە دەتوانین خووری مەڕ و ماڵات لەپێستی گیاندارەوە بكرێت بەبەن یان داوێكی ئامادەكراو بەبێ بوونی هیچ كارگە و كەرەستەیەك، ئەوەیە دەست ڕەنگینی ئافرەتانی كورد.
Top