لانك، ماڵە بچووكەكەی منداڵیمان

لانك، ماڵە بچووكەكەی منداڵیمان
بیرۆكەكانی كورد لەزۆر بواردا خزمەت بەدۆخی خۆی و داهاتوو دەكات، هەندێك جار كارەكان ئەوەندە بەسوود و جوان دەبن، كە لەكۆنەوە و تا ئێستاش بەكاردەهێنرێ، لەناو كوردا شتێكی جوان و سەیر هەیە بۆ پاراستنی منداڵی بچووك یان ساوا، كە ئەویش (لانك)ـە، وەك كەلوپەلێكی كارا و پێویست تا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان، دەڵێن جەستەی مرۆڤی كورد لەدوورەوە دیارە، تەنانەت هەندێك شوێن لەجەستەدا هەیە، بەهۆی لانكەوە وەك قاڵبێك دەگرێ و بوونی ئەو كەسە بەمنداڵی لەناو لانكدا لەداهاتوودا دەردەكەوێ، وەك پشتی سەری مرۆڤی كورد، ئەو كەسەی بەمنداڵی دەخرێتە ناو لانكەوە، لەگەڵ گەورەبوونی پشتی سەری بازنەیی نابێ، بەڵكو هەندێك ڕاست دەبێ، بەم جیاوازییە ئەو كەسە دەناسرێتەوە ئەگەر لەناو لانك دانرابێ یان نا، لانك لەدار دروست دەكرێ، شێوەی پێخەفێكی بچووكی هەیە، لەناوەوە دۆشەكێكی بچووك دانراوە و لەگەڵ سەرینگا بۆ منداڵەكە، هەروەها داو هەیە بۆ بەستنەوەی منداڵەكە كە پێیدەگوترێ (دەستڕازە)، لەپێشوودا بلووریان بەكاردەهێنا بۆ دەرخستنی پاشەڕۆی منداڵەكە، لەخوارەوە لەسەر دوو لایەن دەوەستێ، ئەو دوو لایەنە شێوەی لارە و بۆ ئەوەی لانكەكە جووڵە بكات، وەك بێشكەیەكی لێبێ و منداڵەكە لەناوی بخەوێ كە لەشێوەی جۆلانە بێ، لەسەرەوەش شتێكی تەنكی بەسەردا دەدرێ بۆ پاراستنی منداڵەكە لەمێش و مەگەز و یان هەر باڵندەیەكی دیكە، تا ئێستاش لەماڵەكانمان لانك هەیە، وەك بێشكەیەك هەموومانی گەورە كردووە و پێشتر ماڵە بچووكەكەی گشت ئەو كەسانە بووە كە لەلانكدا دانراون و تەنانەت دەركەوتووە دەڵێن: دانانی منداڵ لەناو لانك لەڕووی تەندروستییەوە بەسوودە و جەستەی ئەو كەسە بەهێز و توند دەكات.
Top