نان و نانكردن!

نان و نانكردن!
نان و نانكردن، یەكێكە لەو خواردنە ڕۆژانەیەی كە خەڵك پێویستیان پێیەتی، لەناوكوردا و لەسەردەمی كۆندا نان هەبوو كە لەلایەن ئافرەتان و دایكانمان دروست دەكران، تەنانەت تاوەكو ئەمڕۆش لەگوندەكان دروست دەكرێ و دەخورێت، بەڵام لەناو ژیانی شاردا زیاتر نانی نانەواخانە و سەموون دەخورێ، ئەو نانەی لەپێشوودا دروست دەكرا، لەگەنمە، دوای ئەوەی ئەو گەنمە دەیبەن بۆ ئاش یان لەلایەن ئافرەتانەوە، دوای ئەوەی دەبێتە ئاردێكی جوان، پاشان دەشێلدرێ كە لەگەڵ ئاو تێكەڵ دەكرێ و دەبێ هەندێك خوێی پێدابكرێ تاوەكو تامی خۆی بدات و دەبێتە ئەنگوتك، پاشان بەدانانی ئاگردانێكی باش و لەگەڵ بوونی سێر ئەو ئاسنەی دەخرێتە سەر ئاگرەكە و تاوەكو سوور دەبێتەوە، پاشان هەویرەكە پان دەكرێتەوە بەتیرۆگ كە لولەیەكی درێژ و باریكە دەخرێتە ناو دەست و هەویرەكەی پێ پان دەكرێتەوە، ئەمەش لەسەر فەرشەدا ئەویش تەختە دارێكی بازنەیی و دەبێتە پارچە نانێكی بازنە شێوە و بەڵام هەر هەویرە و كاتێك ئەگەر هەویرەكە شل بێ ئەوە بەئارد پێداكردن توند دەكرێ، یان ئەگەر توند بێ بەئاو شل دەكرێتەوە، دواتر دەخرێتە سەر سێرەكە تا ماوەیەكی دیاریكراو بەپێی ئاگرەكە دەبرژێ، لێرەدا دەبێتە دوو بەش، ئەگەر زۆر نانەكە لەسەر سێرەكە بمێنێتەوە ئەوە ڕەق دەبێ و پێی دەڵێن نانی مەزرەقە، یان ئەگەر زوو بهێنرێتە خوارەوە ئەوە نەرم دەبێ، یاخود دەكرێ بەپێ ئاگرەكە ڕەق بكرێ یان نەرم، دواتر بەپارچە دارێكی دیكە پێدەگوترێ ناوبرێشك، كە دارێكی پانە و بەو ناوبرێشكە نانەكە دەهێنرێتە خوارەوە و دەخرێتە سەر حەسیری نان یان شوێنی نان هەڵگرتن.
Top