هەپەگە: ١٦ سەربازى سوپاى تورکیا کوژران

هەپەگە: ١٦ سەربازى سوپاى تورکیا کوژران
هەپەگە ڕایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانى نێوان گەریلاکانیان و هێزەکانى سوپاى تورکیا لە باکوورى کوردستان ١٦ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون و چوار گەریلاش شەهید بوون.

ئەمڕۆ ٢٦ى ئابی ٢٠١٦ ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، گەریلاکانیان لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە پارێزگاکانى جۆلەمێرگ، مێردین، شڕناخ، ئاگری و دێرسیم لە دژى هێزەکانى سوپا و پۆلیسى تورکیا ژمارەیەک چالاکییان ئەنجامداوە و بەو هۆى ئەو چالاکییانەوە ١٦ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە پارێزگاى دێرسیم و بەهۆى قورسیى شەڕ و پێکدادانەکان و بۆردومانکردنى فڕۆکە و کۆپتەر و هەورەها هاوەنبارانکردن و تۆپبارانکردنى شوێنى پێکدادانى نێوان گەریلاکان و هێزەکانى سوپاى تورکیا لە پلورى دێرسیم، چوار گەریلا شەهید بوون.

میدیاى فەرمیى حکومەتى تورکیا لەبارەى ئەو ڕاگەیاندراوەى هەپەگەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکى بڵاونەکردووەتەوە.

لە دواى ئەوەى شەوی ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژى مۆرکردنى ڕێککەوتننامەى لۆزاندا، ٨٥ فڕۆکەی جەنگیی تورکیا هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاى گەریلاکانى پەکەکە، پرۆسەى ئاشتى لە باکوورى کوردستان کۆتایى پێهات و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین پێکدادان لەنێوان گەریلاکانى پەکەکە و هێزەکانى سوپاى تورکیادا لەناوچە جیاجیاکانى باکوورى کوردستان ڕوویانداوە.
Top